لەم وتارەدا 10 تایبەتمەندی دەروونناسانەی بۆ شاورمەندان دەست‌نیشان کراوە، کە توانا و بەهرە کۆمەڵایەتیەکان بە پێی ئەم پرەنسیپ و بنەماگەلە پەرە پێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن پشتیوانێکی بەهێز و بەشدارێکی چالاک بن لە بەدی هێنانی دیموکراسییەکی داینامیک.

بە گوتەی ئەو فەتحعەلی موقەدەم شارەزا لە دەروونشیکاری سیاسی: دەبێ ئەم تایبەتمەندیانە بکرێتە چەق و بنەمای سۆسیالیزە بوون لە ناو بنەماڵە و قوتابخانە، بە تایبەت لە پەروەردەی شارستانییەت دا دەبێ بەهەند وەربگیرێن.


۱. بوونی گومان لە خۆ: یەکەم هەنگاو لە ئەزموونی “گومان کردن لە خۆ” و بە کراوەیی هێشتنەوەی ئەو ئەگەرە لە کاتی رووبەڕوو بوونەوەی پرسەکان، خستنە پێش چاوی ئەم راستییەیە کە “پێدەچێت بۆچوونەکەم هەڵە بێت”. نە بە واتا نەرێنیەکەی کە توانایی تاک بۆ بڕیاردان و کردەگەرێتی لاواز دەکات؛ بەڵکو بە واتا ئەرێنیەکەی کە دەبێتە هۆی ئەوە بە چاوێکی کراوە و دوور لە دەمارگرژی لە پرس و گێچەڵەکانی بەردەمی بڕوانێت و هەردەم ئامادەی گونجاندن یان گومانبردن لە بیرۆکە و زانیارییە نوێکان بێت.


۲. ئامادەیی بۆ ژێرپرسیار خستنی پیرۆزییەکان: تاک نە تەنیا دەبێ گریمانەکانی خۆی، تەنانەت دەبێ باوەڕ و پیرۆزیەکانی کۆمەڵگاکەی بە وردی و جدیەت وە ژێرپرسیار بخات. ئەم بابەتە زۆر دژوارە، چونکە زۆربەی کاتەکان پێویستی بە بەرهەڵستی کردن لەگەڵ نۆرم و رێسا و باوەڕەکانە کە لە لایەن بنەماڵە، کۆمەڵگا، گەل وەکوو سروشتی و تەنانەت زۆرجار وەک پیرۆزی چاولێدەکرێن. بەهەرحاڵ ژێرپرسیار خستن و رەخنەگرتن پێویستییە،چونکە رێگەخۆشکەرە بو گەشەکردنی بنیاتنەری تاک و کۆمەڵەکان.

بە گشتی ئەوەی کە تا چی رادەیەک دەکرێت ئاوەها رێکارێکی رەخنەگرانە بگیرێتە بەر، پەیوەستە بە بەستەکی کۆمەڵایەتییە. بە قسەی سوقرات، لە دیکتاتۆری دا کار کردن وەکوو رەخنەگرێکی بەرهەڵستکار، بۆ تەندروستی مرۆڤ مەترسیدارە. خواستی خستنە ژێر پرسیاری بەها کەسێتی و کۆمەڵایەتیەکان، بەتەواوی پەیوەستە بە قەبووڵ کردنی “پێدەچێت بۆچوونەکەم هەڵە بێت”.

٣.گونجاوی و نەرمی نواندن لە ژێر رۆشنایی نیشانە و بەڵگەکان:بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی “ئێمە لەسەر حەقین و ئەوان هەڵە دەکەن”

 پێداچوونەوە بە باوەڕەکانی بکات: شارۆمەندی دیموکراتیک هەردەم بۆ زانیاری نوێ دەگەڕێت و دەتوانێت بە ئاوڕدانەوە لە زانست و ئەزمونە نوێکانی، پێداچوونەوە بە باوەڕەکانی بکات. هەر بەو جۆرەی کە دەوترێت: (هەرکەس مافی هەیە پێداچوونەوە بە باوەڕەکانی خۆی بکات بەڵام نە بە راستی و حەقیقەتەکانی.)

لە تۆیژینەوە زانستیەکان، ئەم رێکارە رۆشنگەرانەیە زۆر باوە. بەم چەشنە کە  توێژەر بە پێی زانیاریە بەردەستکانی، بیردۆزی خۆی لە بارەی جیهانی دەگۆڕێت و ئەم پرۆسەیە بەردەوام لە گۆڕانکاری و نوێ بوون و سازگار بوون دایە.

٤. شارۆمەندی دیموکراتیک پێویستە لە هەوڵی تێگەشتن لە کەسانێک بێت کە جیاوازیان هەیە لەگەڵی؛ چۆن دەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە جیاواز لە ئێمە دەڕواننە ژیان، هەڵسوکەوت بکەین؟ زنجیرەیەکی بەردەوامیی (continuum) بهێننە پێش چاو کە لە سەرێکی دەستەواژەی “رەد کردنی دەسبەجێ” و سەرەکەی دیکەی دەستەواژەی “وردبوونەوەی تەواو ” دانرابێت.

توێژینەوە دەروون ناسیەکان لە بواری سیاسی دەریان خستووە کە مرۆڤ بەزۆری لە بەرامبەر “ئەوی دیکە”(تاقمێک لە کۆمەڵگا کە لە تاقمێکی دیکە جیاوازە) بە شێوەیەک کاردانەوەی دەبێت کە لە “رەد کردنی دەسبەجێ” نزیک تر بێت. شارۆمەندی دیموکراتیک بەردەوام لەگەل چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکات و لە کولتوور و دابونەریتان ورد دەبێتەوە.

٥. شارۆمەندی دیموکراتیک دەتوانێت لە کەسانێک کە لەگەڵی دا جیاوازن، فێر ببێت: شارۆمەندێکی دیموکراتیک بە باوەڕبوون بەوە کە دەتوانێت لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا وانە وەربگرێت، لە “ئەوی دیکە” نزیک دەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا دەبێت زەینێکی رەهای هەبێت و دواتر جیاوازیەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەر راڤە بکات؛ نە ئەوەی کە شێوازی ژیان و روانینی خۆی بە شێوەی سرووشتی باشتر و باڵادەست لە کەسانی دیکە بزانێت.

٦. شارۆمەندی دیموکراتیک پێویستە لە سەرچاوە جیاجیاکان، زانیاری و بۆچوون وەرگرێت: شارۆمەندی دیموکراتیک بەردەوام بۆ زانیاری لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان دەگەڕێت و بە چاوێکی رەخنەگرانە دەڕوانێتە سەرچاوە هاوبیر و بەرهەڵستەکانی. بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە زانیاریەکان بە دوور لە دەمارگرژی و سەربەخۆ لە سەرچاوەکانی هەڵسەنگێنێت.

7. شارۆمەندی دیموکراتیک پیویستە چالاکانە بە دوای ئەزموونی نوێ بێت: وەدەستهێنانی زانیاری و بۆچوون لە سەرچاوەی نوێ تەنیا کاتێک بە ئەنجام دەگات کە زەینی تاک بۆ وەدەست خستنی ئەزموونی نوێ، کراوە بێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت چالاک بێت و لە شیوازە جیاوازەکانی ژیان و سیستەمە بیروباوەڕیە جۆراوجۆرەکان وانە وەربگرێت، نەک ئەوەی کە بە شێوەیەکی پەسیڤ و بێ کردەوە دان‌بەخۆدا بگرێت.

٨. شارۆمەندی دیموکراتیک دەبێت لە وەدەست هێنانی ئەزموونە نوێکان لە کەسانی دیکە زەینکراوە و دڵکراوە بێت؛ پرۆسەی فێربوون لە ئەزموونی نوێ، رەوەندێکی هاوبەشکاری و وێکچووی هەیە. واتا ئەم کەسە بۆ هاوبەش کردنی زانیاری و ئەزموونەکانی لەگەڵ کەسانی دیکە دڵفرەوان و دەستکراوەیە و هاوکات ئەم پرۆسەیە ئەزموونێکی نوێیە بۆ فێربوون و ورد بوونەوەی خۆی.

9. شارۆمەندی دیموکراتیک، پرەنسیپێکی بنچینەیی بۆ جیا کردنەوەی راستی لە ناڕاستی هەیە: کراوەیی شارۆمەندی دیمۆکراتیک پێ دەچێت (بە هەڵە) ئاوەها لەیەک بدرێتەوە کە ئەم کەسە ئاسۆی روانینی بۆ ژیان رێژەییە. روانینێک کە هەموو بەهاکان بە یەک ئاست بە باش دەبینێت. بەڵام ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵە دەبێت. شارۆمەندی دیموکراتیک بەڵێن دارانە باوەڕی بە بنەما سەرەتاییەکان واتا ئازادی ، دادپەروەری، دیموکراسی هەیە. ئەم کەسە بە قۆناغێک گەیشتووە کە لاورنس کۆلبێرگ* (دەروونناس): بە قۆناغی “بڕیاردانی رەوشتی” یان “بڕیاردانی پاش نه‌ریتی” ناوی لێ دەبات. بڕیاردانی “پاش نه‌ریتی” کۆمەڵێک پرەنسیپی رەوشتی گشتگیر(universal) لە خۆ دەگرێت و بکەری رەوشتی لەسەر بنەمای چاکە و بەرژەوەندی گشتی دەجووڵێتەوە‌ به‌ پێی پێوه‌ر و ڕێسا جیهانیه‌کانی ڕه‌وشت ‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی و بایه‌خی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو مرۆڤه‌کانە. له‌م قۆناغه‌دا ئیتر تاک پیویستی به‌ یاسا نووسراوه‌کان نیه‌، چونکه‌ ئیتر له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا مرۆڤی و جیهانیه‌کان ده‌جوڵێته‌وه‌ و بڕیار ده‌دات.

10. شارۆمەندی دیموکراتیک پێویستە چالاکانە بە دوای ئەزموونی پڕ بایەخ تر بێت: شارۆمەندە دیموکراتیکەکان ئەزموونەکان وەکوو یەکدی ناخەملێنن و بەردەوام بە دوای ئەزموونێکن کە بەهایەکی زێدە تری هەبێت. بەو واتایە کە ئەزموون گەلێک هەڵدەبژێرن کە بە ئاراستەی پێشکەوتن لە دیموکراسی بێت. بە سەرنجدان لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی ئەزموونەکان، خاڵی دەسپێک دەتوانێت ماف و ئەرکە ئینسانییەکان بێت کە لە “جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ” پەسەند کراون.

پێوەرەکانی دیکە پێویستە بە شێوەیەک دابین کرێن کە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و تاکەکان بەرەو ئاراستەی “شارۆمەندی دیموکراتیک” بوون، یارمەتیدەر بن. شەرتی سەرەکی وەدەست خستنی ئەزموونی بە بەهاتر، ئەوەیە کە هەندێک ئەزموونی دیکە ئاگادارانە وەلانرێن.

لەم نووسراوە بە وردی باسمان لە تایبەتمەندییە دەروونیەکانی تاک لە پرۆسەی بوون بە شارۆمەندی دیموکراتیک کرد. ئەم تاکە رۆڵێکی گرنگی لە خەبات و تێکۆشان بۆ سازکردنی کۆمەڵگای ئازاد هەیە. سوقرات و سیسێرۆن (سیسێرۆ) نموونەی مێژوویی ئەو جۆرە کەسانەن. بەستەکی پەروەردە کردنی شارۆمەندانی دیموکراتیک، لەگەڵ گەشە کردن و بەردەوامی دیکتاتۆری لاواز دەبێت؛ هەروەها دیموکراسیە لەیەک دوور کەوتووەکان و دابەش کردنی نایەکسانی سەرچاوە گشتیەکان دەبێتە هۆی لاواز بوونی دووهێندەی ئەو بەستەکە.کاتێک سەرچاوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە دەست کۆمەڵێک خەلکی تایبەت خردەبنەوە، کۆمەڵگای ئازاد کەم رەنگ دەبێتەوە و بەستەکی پەروەردە بوونی شارۆمەندان بە ئاراستەی دیموکراتیک بوون لاواز دەبێت. چونکە لە بارودۆخێکی وەها دا جڤات بۆ پەروەردە کردنی بەهرە کۆمەڵایەتیەکان، نە بە شێوەی تاک و نە بە کۆمەڵ، ئامراز و دەرفەتی پێویستی لەبەردەست نابێت.

وەها کە جۆن دۆن (John Donne) دەڵێت: “هیچ کەس تاکە دوورگەیەک نییە، هەر کەسەو بەشێکە لە گشت. هەر شتێک کە دەبێتە هۆی لاواز بوونی کەسێک، هەموومان لاواز دەکات.”

*  لاورنس کۆلبێرگ: دەروونناسی ئەمەریکی کە بە بۆنەی تیۆری “قۆناغه‌کانی گه‌شه‌ی ڕه‌وشتی” ناسراوە. تیۆریەکەی ئەو گەشەپێدانی کارەکانی ژان پیاژە لە پەیوەندی لەگەڵ گەشەی رەوشتی منداڵان بوو.
درێژەی هەیە لە چەندین بەشدا…

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام