کتێبەکە نوێیەکەی جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بەر لەوەی بڵاو بكرێتەوە گەیشتە بەردەستی (ئەحواڵ)، کتێبەکە لە 577 لاپەڕە پێكهاتووە، باس لەوە دەكات كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆمار، كاریگەری گەورەی لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە سوریا و ناوچەكانی دیكەدا هەیە.

ئەم کتێبە كە چاوەڕێ دەكرێت هەفتەی داهاتوو چاپ بكرێت، بە فەرمانی بە پەلەی كۆشكی سپی هەوڵی ئاستەنگ كردنی دراوە، تیایدا بۆڵتۆن چەندین مەسەلەی هەستیاری دەوروژێنێت.

لە کتێبەکەدا هاتووە، ئەردۆغان زوو بە زوو پەیوەندی بە ترەمپ كردووە. هەروەها تابڵۆیەك دەكێشێت و تیایدا دەردەكەوێت كە ئەنقەرە لە بەدەستهێنانی داواكاریەكانی كاریگەری هەبووە.

هەر بەگوێرەی پەرتووكەكە ئەردۆغان، لە مەسەلەی گەڕاندنەوەی فەتحولڵا گولەن بۆ توركیا كە تاوانبارە بە ئەنجامدانی كودەتا، هەروەها لە مەسەلەی شكاندنی گەماڕۆی سەر ئێران لە نێوان ساڵانی 2011 – 2016، راگرتنی لێپرسینەوەی ئەمریكا لە هاڵك بانك سەركەوتوو نەبووە.

بۆڵتۆن، لە لاپەڕە 191 پەرتووكەكەی، دەربارەی گفتوگۆی ئەردۆغان – ترەمپ لە 1 كانوونی یەكەمی 2018 لە وڵاتی ئەرژەنتین و بەڵێنی ترەمپ بۆ هاوتا توركەكەی سەبارەت بە هاوكاریكردنی توركیا لە دۆسیەی هاڵك بانك دەڵێت:” ئەردۆغان نووسراوێكی دایە ترەمپ كە لەلایەن نووسینگەیەكی یاسایی ئامادەكراو، داوای لێدەكات لێدوانێك بدات و تیایدا ئاماژە بەوە بكات كە ترەمپ بە پێشێڵكردنی گەماڕۆكانی سەر ئێران لەلایەن هاڵك بانك باوەڕ ناكات. لەو كاتەی كە من لەوێ بوو، ترەمپ پرسیاری لێكردم كە ئایا قسەم لەگەڵ (مات واتێكێر) سەرۆكی داواكاری گشتی ئەمریكا كردووە یان نا؟ دواتر ترەمپ رووی قسەكانی كردە ئەردۆغان، جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی لەدەستی بێت دەیكات، بەڵام دادوەرانی ناوچەی باشوور، لەلایەن ئەو دانەمەزراون، بەڵكو لە سەردەمی ئۆباما دامەزراون، كاتێك ئەو دادوەرانە ماوەی دەستبەكاربوونیان تەواو دەبێت هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەدات”.

بۆڵتن وەڵامەكەی ترەمپ بۆ ئەردۆغان بە ” قسەی قۆڕ ” بەناو دەكات، پێیوایە ئەگەر ئەم (دادوەرانە) لە جیاتی هەشت ساڵەی سەردەمی سەرۆكایەتی ئۆباما لە هەشت ساڵی سەرۆكایەتی ترەمپیش دەستبەكاربن، هەمان بڕیاریان دەدەن. چونكە ئەوانە كارمەندی وەزارەتی دادن. ترەمپ ویستی وەكو پێش بیست ساڵ لەمەوبەر لەو كاتەی ئەردۆغان سەرۆك شارەوانی ئیستانبۆڵ بووە خۆی بەدەسەڵاتدار و خاوەن هەژموون نیشان بدات و گووتی:” دیموكراسی وەكو شەمەندەفەر وایە. لە كامە وێستگە ویستت سواری دەبی، لە كوێ ویستت دادەبەزی”.

بەگوێرەی بۆڵتۆن دواتر ترەمپ بەم شێوەیە درێژەی بە قسەكانی داوە:” ناخوازم شتێكی خراپ بێتە سەر ئەردۆغان یان توركیا. دواتر ئەردۆغان گازاندەی لە هێزە كوردیەكانی توركیا كرد و داوای كرد فەتحولڵا گولەن بگەڕێندرێتەوە توركیا”.

هەر بە گوێرەی بۆڵتۆن:” ترەمپ گووتی لە ئەگەری گەڕاندنەوەی گولەن بۆ توركیا تەمەنی تەنیا یەك رۆژ دەبێت توركەكان پێكەنین و گوتیان: لە توركیادا سزای لە سێدارەدان نەماوە، بۆیە پێویست ناكات نیگەران بن. هەر چۆنێك بێ كۆبوونەوەی دوو قۆڵی كۆتایی پێهات. ترەمپ بە بیانووی لەگەڵ سەرۆكی دیكە كۆبوونەوەی هەیە ئەم شوێنەی بەجێهێشت”.

چەند مانگێك بەر لەم كۆبوونەوەیە، ئەردۆغان سەبارەت بە كۆبوونەوەی ترەمپ – پۆتین لە تەمموزی 2018 دا لە هلسنكی، تەلەفۆنی بۆ ترەمپ كرد رایگەیاند كە قەشەی ئەمریكی كە دوو ساڵ و نیو لە توركیادا زیندانیكرا پەیوەندی لەگەڵ فەتحولڵا گولەن هەیە.

ئەردۆغان بەهۆی كڕینی سیستەمی (ئێس 400) لە روسیا و چاوەڕێكردنی بڕیاری قەدەخەكردنی فرۆشتنی (ئێف 35) بە توركیا لەلایەن كۆنگرێسەوە ترسی لێ نیشتبوو.

ئەگەر ئەم یاسایە قەبوڵ بكرێت، هاوشێوەی روسیا كە لە ساڵی 2017 سزای بەسەر سەپێندرا، كاریگەری زیاتر لەسەر توركیا بەجێدێڵێت. زۆرشت هەبوو كە ئەردۆغانی نیگەران دەكرد.

لە لاپەڕە 185 دا بۆڵتۆن پەیوەست بە پەیوەندی ترەمپ لەگەڵ ئەردۆغان دەربارەی قەشە بڕۆنسۆن دەڵێت:” ئەوەی ترەمپ داوای دەكرد زۆر روون بوو وەكو ئەردۆغان بەڵێنی داوە كە بڕۆنسۆن ئازاد دەكرێت و رێگای دەدرێت بگەڕێتەوە ئەمریكا. ئەردۆغان لەمبارەیەوە دەیگووت: تەنیا پڕۆسەی دادوەری توركیا ماوە، ئیتر بڕۆنۆسۆن لە زینداندا نیە، لە ئزمیر لە ماڵیك دەستبەسەرە. ترەمپ گووتی ئەمە زۆر بێ سوودە، چونكە دەیویست ئەردۆغان پێی بڵێت كە ئەوەندە نەماوە بڕۆنسۆن ملی رێگا بگرێت و بگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی لە ئەمریكادا.

ترەمپ باسی دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان كرد، بەڵام ئەگەر بڕۆنسۆن نەگەڕێتەوە ئەمریكا، پەیوەندی ئەمریكا – توركیا تووشی كێشەی قوڕس دەبێت و راستكردنەوەیان مەحاڵ دەبێت.

سەرچاوە: ئەحواڵی توركی
وەرگێڕانی: هێمن خۆشناو

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام