زیاد لە بیست و پێنج ساڵە بارزانی باوک و کوڕو برازا، لەپۆستە گرنگ و حەساسەکانی حکومڕانی ھەرێمن (سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت و ئەنجومەنی ئاسایش).

یەکەم: کاتی ئەوەیە بپرسین: ئەگەر بە ڕێژەییش بێ، ئەم سێ کەسایەتیە سەرکەوتوبون لە پرۆسەی حکومڕانی؟ ئایا سەردەمی دەسەڵاتی ئەم سێ کەسایەتیە، سەردەمانێکی تاریکە یاخود درەوشاوە؟

دوەم: لەسەردەمی ھەرسێ بارزانیەکە، ئاستی دیموکراسی، ئاسایشی تاک، خزمەتگوزاری، ئابوری ھەرێم، شەفافیەت و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، سەربەخۆیی دادگاکان، دۆخی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان، پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدادو وڵاتانی ناوچەکە….ھتد، بەرەو پێشەوە ڕۆشتوە یاخود پاشەکشەی کردوە؟ ڕاستە ھۆکاری زاتی و مەوزوعی ھەبوە بۆ ئەم بوارانەو یەکێتی و حیزبی تریش بەشداربون لە حکومڕانی ئەم چارەکە سەدەیە، بەڵام لەحاڵەتی شکستی ھەر حیزب و دامەزراوەیەک و تەنانەت لە یارییەکی وەرزشیشدا، کەسی یەکەم بەرپرسیارێتێ دەکەوێتەسەرشان. ئەڵبەتە بۆ دۆخی سەرکەوتنیش، کەسی یەکەم پشکی شێری بەردەکەوێت.

سێیەم: ھەردو پرۆسەی سەربەخۆیی ئابوری و ڕیفراندۆم، بەکارەسات کۆتایهات و ئەنجامێکی تەواو پێچەوانەی هەبوو. لەبری سەربەخۆ بوون و ئابورییەکی بەهێز: قەرزاری نەوەکانی ئێستە و داھاتوو، ئابوری ھەرێم بوەتە پاشکۆی تورکیاو پێگەی سیاسی ھەرێمیش، لەوپەڕی خراپیدایە.

چوارەم: پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی حکومڕانی باش: “شەفافیەت، ھاوڵاتی بون، حکومەتی وەڵامدەرەوە، لێپرسینەوە، بەشداربون، سەروەری یاسا، چوست و چالاکی دامەزراوەکان و دەسەڵاتی دادپەروەرو یەکسانیخواز”. ئەگەر کەمێک بێلایەنانە داوەری بکەین و بەپێی ئەم پێوەرانە بێ، مەعلومە ھیچکام لەسێ بارزانیەکە سەرکەوتونەبون لە پرۆسەی حکومڕانیدا.

پێنجەم: دەشێ پرسیار یاخود گومان ھەبێ لەسەر حکومڕانی مەسرور بارزانی و بوترێت ھێشتا زووە بۆ داوەری کردنی. بەڵام لەبیرمان نەچێت ناوبراو بۆ چەندین ساڵ سەرۆکی گرنگترین دامەزراوەی ئاسایش و ھەواڵگری بوە: “ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم” ، دەزگای پاراستنی پارتیشی لابوە.

شەشەم: شکستی سەرۆکی ئەم کابینەیە، بەشێکی پەیوەندی بە کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە ھەیە. بەڵام بەڕای ئێمە ھۆکاری سەرەکی: ھێنانی ستاف و تیم و عەقڵیەتی دەزگای پاراستنە بۆ حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر.

حەوتەم: کارکردن بە نەفەس و ئەجێندای ئەمنی لەدامەزراوەکانی ھەرێم، بوەتە گەورەترین بەڵا. بۆ نمونە: باشترە پەرلەمان وەکو خولی پێشو، بەزەبری ھێز داخرێت نەوەک وەک ئێستە ببێت بە مەخسەرەترین و کارتۆنیترین دامەزراوە بەدەست عەقڵیەتی پاراستن لەو دامەزراوەیە. ھەمان قسە بۆ حکومەت و بەکارھێنانی دادگاکان لەخزمەت ھەمان ئەجێندا ڕاستە.

ھەشتەم: دوای چارەکە سەدەیەک لە حکومڕانی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و یازدەمانگ لە پێکھێنانی کابینەکەی مەسرور بارزانی: ھەژاری بوەتە دەردێکی کوشندەی بەربڵاو، دوئیدارەیی و لەتبونی ھەرێم تۆختربوەتەوە، حکومەت بەرپرسی پەرلەمانە نەک بەپێچەوانەوە، نەتوانرا زوتر لەگەڵ بەغداد ڕێکەوتن بکرێت، تائێستەش سەرۆکی کابینەکە دەستبەرداری پۆستە ئەمنیەکانی نەبوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بێ وەزیرەو بێمتمانەیی ھاوڵاتیان بە دەسەڵاتداران لە لوتکەدایە.

نۆیەم: بەدڵنیاییەوە کاتی ئەوە ھاتوە: ھەرسێ بارزانیەکە ئیعلانی شکستی خۆیان بکەن لە حکومڕانیداو بچنە دواوە. کارەسات ئەوەیە ئەم کارە ئەنجامنەدەن و لەمەش کارەساتر: بەنیازبن نەوەکانیان بێننە پێشەوە بۆ پۆستە حکومیەکان.

د.محەمە دعلی

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەلبژاردە

زیادکردنی وەڵام