ئەو وەچەیەی كە هاوتەمەنی ئێمەن یان تەمەنیان نزیكە لە ئێمەوە, ئەو بەرەیەن, كە دە ساڵی یەكەمی تەمەنیان لەگەڵ سەرەتای ساڵانی هەشتاكاندا دەست پێدەكات. هەموانیش دەزانن, سەرەتای هەشتاكان سەرەتای گیرۆدەبوونی كۆی وڵاتی عیراقە بە شەڕێكی سەدامییانەی مرۆڤكوژ، ئابوریكوژ و وێرانكەری درێژخایەنەوە, كە سەرەتای دیاربوو, بەڵام ئاڵۆزی و نامرۆییبونەكەی بەشێوەیەك بوو, كە كەس نەیدەتوانی بیر لە كۆتاییەكەی بكاتەوە.
كۆتایی هەشتاكان و سەرەتاكانی نەوەدەكان, كە ئیتر تەمەنی ئێمە شان لە بیست ساڵی دەسووێ دیسانەوە بە هۆی سیاسەتەكانی سەرۆكەوە, كۆی عیراق بە گشتی تووشی گەمارۆیەكی ئابوری دەبێت و لەناو ئەو وڵاتە دزێوەشدا هەرێمی كوردستان بە تایبەتی تووشی دوو گەمارۆی ئابوریی تاقەتپڕووكێن دەبێت, دانەیەكیان وەك عیراق, دانەیەكی تریشیان وەك هەرێمێكی نەخوازراوی ناو عیراق, كە كەوتبوە ناو دوو گەمارۆی تاقەتپڕوكێنەوە.
ساڵی 1997 مام عەلی بە هەموو كوێرەوەرییەك هەشت كیلۆ ئاردی كڕیبو , بردبویەوە خێزانی بیكات بە نان و چەند رۆژێكی پێ بەڕێ بكەن, كە باجی ئەجێی خێزانیشی ئاردەكە دەڕژێتە ناو تەشتێك ئاوەوە هەویری پێ دروست بكات هەرزوو دەستی باجی ئەجێ لەناو هەویرە گریمانكراوەكەیدا دەیبەستێت و دەبێت بە پەیكەر, لەبەرئەوەی لە بازاڕ گەچیان لەبریی ئارد و بەناوی ئاردەوە پێ فرۆشتبوو, گەچ هەرزان بوو, كەس خانوی نەدەكرد, گەچمان بۆ چییە؟ بەڵام ئارد نەدەكڕدرا.
كۆتایی هەشتا و سەرەتای نەوەد گەنجی ئێمە لە هەر بوارێكدا خوێندنی تەواو كردبا, بۆ هەر هەموویان یەك ئاكام و چارەنووس هەبوو چاوەڕێی دەكردن, ئەویش ئەوەبو, كە دەبوو بەرگی سەربازیی سوپای شوومی سەرۆك لەبەر بكەن و بچنە بەرەكانی جەنگ ببن بە دڕندە. من كە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1991 بە بەرگی خاكیی سەربازی عیراقییەوە چومە ناو وڵاتی كوەیتەوە, قێزم لە خۆم دەكردەوە, لەبەرئەوەی سەربازێكی زۆرەملەی ناو سوپایەكی داگیركەر بووم.
بەم هۆكارانە و زۆری تریش, كە هاوتەمەنەكانی ئێمە پێی ئاشنان, كەسمان نەبوو, تەمەنی خۆیی لەلا جوان بێت و رێز لە یادی لە دایكبوونی خۆی بگرێت, بەپێچەوانەوە چەندان جار گوێم لە هاوڕێكانم بووە ئەو رۆژەشیان بە نەفرەت كردوە, كە تیایدا لە دایك بوون. ئێمە وەچەی سەردەمی شەڕی وڵاتێكی نائارام بووین و ئێستەش هەرواین. هەر تەنها كوردبوون بەس بوو بۆئەوەی نێچیری چنگی هەموو نەهامەتییەك بیت.
من خۆم وام, رەنگە هاوڕێكانیشم هەموویان یان زۆربەیان هەروابن, ئەوەندەی تاڵی و نەهامەتیمان چەشتوە و ئەوەندەی كە بە بەردی كوێرەوەری لەناو خاكی سەرگەردانیدا بینای تەمەنمان دروست كردوە, ئەوەندە نەمانتوانیوە ژیان بە خۆشی و جوانییەكانی خۆیەوە ببینین, بۆیە لەلای ئێمە جوانی و خۆشییەكانی ژیان تەنها یۆتۆپیابوون. رۆژگاری ئێمە ئەوەندەی كە تراوما بوون ئەوەندە ئومێدبەخش نەبوون. بۆیە ئەو وێنەیە بە كۆی پارچە دزێوەكانیەوە لە زەینماندا جێگیربووە و كە لە ئێستادا بە هۆی فەیسبوكەوە بۆنەی لەدایكبونمان یاد دەخرێتەوە, هەر ئەو بیرەوەرییە ماندوكەرانە لە زەین و مێشكماندا چالاك دەبنەوە و ناتوانین وەك نەوەی ئەمڕۆ یان بڵێین نەوەی پاش راپەڕین بە گرنگییەوە بڕوانینە ئەو بۆنەیە.
هاوڕێی زۆر لە دووەم رۆژی مانگی حوزەیراندا پیرۆزباییان لە بەندە كردوە گوایە كە بۆنەی لە دایكبوونی بەندە ببێت, بەڵام راستیی شتەكە ئەوەیە كە من بە هەستی ئەو هاوڕێ‌ و برا خۆشەویستانە خۆشحاڵم وپێی گەورە دەبم, كە رێزی خۆیانیان پیشان داوە, بەدەر لەوە مەبەستم نییە كە كەی لە دایكبووم و چ بەروار و رۆژێك بووە, چونكە بە راستی ئەوە بە بۆنەی خۆم نازانم. وەك قوفڵێك بۆ كۆی ئەو باسە ناخۆشانە دەڵێم سوپاس بۆ هەلومەرجی ئەم ژیانەی ئێستە, ئێستە باشترین لە ئەو سی ساڵەی سەرەتای تەمەن كە تێمانپەڕاند.

كامیل محەمەد قەرەداغی


تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام