زۆر لە مێژووناسان و لێکۆڵەران، مێژووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمێنیستی دەگەڕێننەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٧ و کاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەورەی فەڕانسە، کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان گێڕا لەو شۆڕشەدا.

 بەڵام بە گوێرەی مێژووی ستانداردی ڕۆژئاوایی و هەروەها مێژووی فێمێنیستی یان یەکسانیخوازی، بۆمان دەردەکەوێ ئەم بزووتنەوەیە لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨دا سەری هەڵداوەو گەشەی کردووە.

 فێمێنیزم دەستەواژەیەکی ڕۆژئاواییە و لەوەش زیاتر بەرهەمی بیری ژنانی ڕۆژئاوایە. سەرچاوەی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ فێمێنینا کە وشەیەکی لاتینیەو واتای ژن دەدات. فێمێنیزم  بزووتنەوە یان مەکتەبێکە کە ڕەخنە لە کردەوەو و سیاسەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەگرێت و ئامانجی گۆڕینی لارسەنگی و نایەکسانییە لە دابەشکردنی  دەسەڵات و ماف لە نێوان ڕەگەزەکاندا. ئەم مەکتەبە بە پشتبەستن بە بەڵگەی مێژوویی جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ژنان لە هەموو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بە درێژایی مێژوو بە شێوەی جۆراوجۆر توندوتیژیان دەرهەق کراوەو لە مافی یەکسان لەگەڵ پیاوان بەرخوردار نەبوون. بە واتایەکی دیکە وشەی فێمێنیست بە کەسێک دەوترێت کە خوازیاری مافی یەکسانی و دادپەروەری بێت لە نێوان ژن و پیاودا. بەڵام فێمێنیزم  مەکتەب و سەرچاوەی فێمێنیستەکانە.

بزووتنەوەی فێمێنیستی لە رەوتی خەباتی خۆیدا قۆناغ و لقی جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە و  بەشە جیاوازەکانی بە گشتی لە سەر ئەو باوەڕەن کە ژن لە هەموو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بە شێوەی جۆراوجۆر توندوتیژی دەرهەق دەکرێت، هەرچەند ڕەنگە دەڕسەدی توندوتیژییەکە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازی هەبێت. بەڵام هەرکام لە لقەکان میکانیزمی جیاواز پێشنیار دەکەن بۆ نەهێشتنی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو و بنەبڕ کردنی توندوتیژی ڕەگەزی. لقەکانی فێمێنیزم لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا زۆر ڕاوبۆچوونی جیاوازیان تێکەوتووەو لە نێو خۆیاندا دەستەی جیاوازیان لێ جیا بوەتەوە، بەڵام من بۆ ئەوەی بابەتەکە زۆر درێژ نەبێتەوە خۆم دەبوێرم لە ئاماژە کردن بە هەموو لق و دەستە جیابووەکان و  تەنیا ئاماژە بە ٣ قۆناغی گرینگ و کاریگەر لەم بزووتنەوەیە و هەروەها ٤ لقی بەرچاو لە فێمێنیزم  دەکەم، واتە لیبراڵ، سوسیال، مارکسیست و ڕادیکاڵ فمینیستەکان.

لە ڕوانگەی سوسیال و مارکسیست فێمێنیستەکانەوە هۆکاری سەرەکی نایەکسانی و توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگا دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی چینایەتی و هەبوونی سیستمی سەرمایەداری. ئەوان پێیان وایە کە لە سیستمێکی سەرمایەداریدا، سەرمایەدارەکان چۆنیان پێ خۆش بێت دەتوانن کرێکارەکان بچەوسێننەوەو کرێکاریش ناچارە بۆ بژێوی بنەماڵەکەی زۆر نادادپەروەری قەبووڵ بکات

قۆناغی یەکەم: سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم و سەرهەڵدانی لیبراڵ، سوسیال و مارکسیست فێمێنیستەکان. ئەم قۆناغەی بزووتنەوەی فێمێنیستی یان یەکسانیخوازی تا سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم درێژەی کێشاو کاریگەری خۆی هەبووە. لەم قۆناغەدا داخوازییەکانی فێمێنیستەکان تایبەت بوون بە مافی هەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان،  دەنگدان و بەشداری لە سیاسەت و بەڕێوەبەری وڵات، هاووڵاتی بوون، خوێندنی باڵا، مافی یەکسان لە  وەرگرتنی میرات، مافی سەربەخۆیی ئابووری ، مافی تەڵاق و سەرپەرستی منداڵ. لیبراڵ، سوسیال و مارکسیست فێمێنیستەکان تایبەتن بە قۆناغی یەکەمی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە و هەتا ئێستاش بیرۆکەی ئەم لقانە دەتوانێت بۆ زۆر کۆمەڵگا گرینگ و کاریگەر بێت.

سوسیال، مارکسیست فێمێنیستەکان:

ئەم دوو شاخەیە لە فێمێنیزم  زۆر خاڵی هاوبەش و وەک یەکیان هەیە لە پێوەندی لەگەڵ هۆکارەکانی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو و هەروەها میکانیزمی  هاوبەش کە پێیان وایە کاریگەر دەبێت بۆ کەم کردنەوەی ئەو نایەکسانییە. لە ڕوانگەی سوسیال و مارکسیست فێمێنیستەکانەوە هۆکاری سەرەکی نایەکسانی و توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگا دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی چینایەتی و هەبوونی سیستمی سەرمایەداری. ئەوان پێیان وایە کە لە سیستمێکی سەرمایەداریدا، سەرمایەدارەکان چۆنیان پێ خۆش بێت دەتوانن کرێکارەکان بچەوسێننەوەو کرێکاریش ناچارە بۆ بژێوی بنەماڵەکەی زۆر نادادپەروەری قەبووڵ بکات. هەروەها پێیان وایە هەرچۆنێک لە سیستمێکی سەرمایەداریدا خاوەنکارەکان کرێکارەکانی خۆیان دەچەوسێینەوە، لە کۆمەڵگاشدا کاتێک ژنان سەربەخۆیی ئابووریان نییە و چاو لە دەستی پیاوانن بەخێویان بکەن و بژیوی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن، ناچارن زۆر توندوتیژی لە پیاوان قەبوڵ بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژین و بە لای مناڵەکانیانەوە بمێننەوە. بە واتایەکی دیکە پێیان وایە کاتێک کۆمەڵگای سەرمایەداری کۆتایی پێ هات و کرێکاری پیاو بە دەست خاوەنکاری پیاوەوە نەچەوسایەوەو هەلی کار بۆ ژنان ڕەخسا لە دەرەوەی ماڵ، ئەو کات ژنانیش لە کۆیلایەتی و بێ مافی ڕزگاریان دەبێت.

لیبراڵ فێمێنیستەکان:

لیبراڵ فێمێنیستەکان بە پێچەوانەی سوسیال و مارکسیست فێمێنیستەکان پێیان وایە هۆکاری سەرەکی نایەکسانی و توندوتیژی دەرهەق بە ژنان، دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی پەروەردە و فێر کردن لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا. ئەوان پێیان وایە کە بنەماڵەو سیستمی پەروەردەو فێرکردنی وڵات، پەروەردەیەکی هەڵە و جیاوازی بە کار بردووە و هەر ئەوەشە وای کردووە ڕەگەزی نێرو مێ پێناسەی جیاواز بۆ مافەکانیان بکرێت، ئەمەش وایکردووە ماف و ئەرکی جیاوازیان بۆ لە بەر چاو بگیرێ. ئەوان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە  ڕوانگەی تاکی کۆمەڵگا و بنەماڵە و سیستمی پەروەردەیی وڵات پێویستیان بە وشیاری بنەڕەتی هەیە بۆ ئەوەی بیرۆکەی یەکسانی پەرە بستێنێ. هەروەها  دەڵێن  کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕیفۆرمی یاسایی هەیە و ئەبێت یاسای وڵات لە سەر بناغەی بیری یەکسانیخوازی لە نێو ڕەگەزەکاندا دابڕێژرێتەوە وئەبێت مافەکانی ژن و پیاو بێ هیچ جیاوازییەک چاویان لێ بکرێت.

 پاشان خوازیاری ئەوەن یاسا بۆ سەقامگیر کردنی ئەو یەکسانییە بەرپرسیار بێت بۆ چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا وهەروەها زەمانەتی ئیجرایی هەبێت. بێجگە لەوانەش لیبراڵەکان زۆر جەخت لە سەر ئازادی تاک و هەبوونی مافی یەکسان  و مەودای یەکسان دەکەنەوە.

قۆناغی دووەم: سەرهەڵدانی قۆناغی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩٦٠ی زایینی و گەشە کردنی ڕادیکاڵ فێمێنیستەکان. ئەم لقە لە فێمێنیزم وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر لقەکانی دیکەی پێش خۆی یان قۆناغی یەکەم سەری هەڵداوە. داخوازی سەرەکی ئەم قۆناغەی فێمێنیستەکان بریتی بوون لە مووچەی یەکسان بۆ ژنان بۆ کاری وەک یەک لە گەڵ پیاوان، مافی لە بار بردنی منداڵ، خەبات بۆ نەهیشتنی توندوتیژی ڕەگەزی لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەوە و جێگیر کردنی سیاسەتێک لە کۆمەڵگا کە هاریکار و هاندەری ژنان بێت بۆ کارا کردنیان لە بازاڕی کار و سیاسەتدا.

ڕادیکاڵ فێمێنیستەکان :

بڕوایان وایە کە هۆکاری نایەکسانی لە نێوان ژن و پیاو دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کۆمەڵگای پیاوسالاری و بوونی جیاوازی ڕەگەزی یان جەستەیی . هەروەها پێیان وایە کە پیاوان جیاوازی جەستەیی ژن وەک لایەنی لاواز لە ژندا سەیر دەکەن و لە بەر ئەوەشە ژنان توشی توندوتیژی جەستەیی دەبنەوە لە لایەن پیاوانەوە. لە گەڵ ئەوەش ڕەگەزی سروشتی ژن ئەرکی منداڵ بوونی پێ دراوە و ئەمەش بۆ خۆی کاریگەری ئەبێت لە سەر گەشە کردن و مەودای وەک یەک لەگەڵ پیاواندا. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەم جیاوازی جەستەییە بە کار براوە و سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لە ژیر کارتێکەری ئەم جیاوازییەدا دروست کراوە.  هەر لە بەر ئەوەشە ئەوڕۆ ژنان لە هەموو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بە شێوەی جۆراوجۆر ڕووبەڕوی توندوتیژی ڕەگەزی دەبنەوە.

ئەم شاخەیە لە فمینیزم تووشی ڕخنەی زۆر بوونەوتەوە لە لایەن نەیارانی یەکسانییەوە بە هۆی ئەوەی کە  پێێان وایە هۆکاری سەرەکی چەوساندنەوەی ژنان بوونی بیرۆکەی پیاوسالاری و هەبوونی جیاوازی جەستەییە لە بەین ئەو دوو ڕەگەزەدا.  پاشان لە نێو خۆشیاندا ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە لە مەڕ دەستنیشان کردنی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەر و نەهیشتنی توندوتیژی ڕەگەزی.

بە کورتی ڕادیکاڵ فێمێینیستەکان لە سەر ئەو باوەڕەن، کە کۆمەڵگا پیویستی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ هەنگاو نان بەرەوە کۆمەڵگایەکی یەکسان. هەروەها جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە کێشەی ژن کێشەی کۆمەڵگاو حکومەت و سیستمی وڵاتەو ئەوان بەرپرسیارن لە بەرانبەر مسۆگەر کردنی مافەکانی ژنان و پاراستنی گیانی ئەوان لە کۆمەڵگا. پاشان خوازیاری ئەوەن میکانیزمی کاریگەر بخرێتە کار بۆ هەمووار کردنی ئەو بەربەستانەی کە ڕەگەزی ژن بە هۆی جیاوازی

جەستەییەوە ڕووبەڕوی دەبێتەوە بۆح ئەوەی نایەکسانییەکە بنەبڕ بکرێت.

قۆناخی سێیەم: لەم قۆناغەدا کە ناسراوە بە سەرهەڵدانی پۆستمۆدێڕنیستەکان کە لە دوای ساڵەکانی ١٩٩٠ گەشەیان کردووە، بڕوایان وایە میژووی مرۆڤایەتی، ڕەگەزی ژن و پیاوی دابەش کردووە بە سەر دوو بەش یان کاتەگۆریدا. لەم دابەشکردنەش ژن هەمیشە بەشی نەرێنییەکەی بەرکەوتووەو بەشی ئەرێنیەکەشی بۆ پیاوان. یان ژن بەشی پەسیڤی لە کردارەکاندا بەر دەکەوێت و پیاویش ئەکتیڤ، ژن نەست بە کار دەبات و پیاویش ژیربێژی و زانست و زۆر شتی دیکە. هەربۆیە ئەم لقە لە فێمێنیستەکان بەدوای  وڵامە زانستییەکاندا دەگەڕێن و دەیانەوێ پێناسەیەکی نوێ و زانستی بۆ ڕەگەزەکان ببیننەوە و کەسایەتی مرۆیی و کارا بوون بگەڕێننەوە بۆ ڕەگەزی ژن کە بە درێژایی مێژوو پەراوێز خراوەو مێژووی کاریگەر بوونی لێ دزراوە. ئەم شاخەیەی فێمێنیستەکان تایبەتە بەو کەسانەی کە ئەکادیمین و لە بواری خوێندندا پلەی بەرزیان دەستەبەر کردووە.

پێویستە هەر لە ئێستاوە پێش ڕزگاری نیشتمان خۆمان ئامادە بکەین بۆ بونیادنانی سیستمێکی دادپەروەرو دێموکرات کە زامنی مسۆگەر کردنی مافە مرۆییەکانی ژنان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەحزابی کوردی لە سەریانە هەر لە ئێستاوە لە نێو ڕیزەکانی خۆیاندا گرنگی بدەن بە بەشداری ژنان لە ئۆرگانە بڕیاردەرەکان و بوونی ژن بە گشتی لە بەڕێوەبەری خەباتەکەدا بەرز و گرینگ بنرخێین

بە بڕوای من دیاری کردنی قۆناغە جیاوازەکانی بزووتنەوەی فێمێنیستی بەو واتایە نییە کە بە تێپەڕ کردنی قۆناغێک، ئیتر ویست و داواکانی ئەو قۆناغە هەمووی بە دەست هاتووەو  گرینگی نەماوە. چوون  لە هەر قۆناغیکی نوێ، بیری نوێ و ئاراستەی نوێ سەری هەڵداوەو ویستەکانی قۆناغی پێش خۆیان درێژە پێ داوەو جەختیان لە سەر کردۆتەوەو ویست و داواکاری  نوێیان پێ زیاد کردووە. پاشانیش ڕەنگە لە کۆمەڵگایەک بەشێک لە ویستەکان وەدی هاتبن، بەڵام لە کۆمەڵگایەکی دیکە بەشیکی زۆری ئەو ویستانە هێشتا وەدی نەهاتوون و پێویستە خەباتی لە پێناودا بکرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە بوون و درێژە دانی ئەم بزووتنەوەیە پێویستییەکی حاشا هەڵنگرە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان.

بزووتنەوەی فێمێنیستی و کۆمەڵگای کوردستان

ئەگەر بمانەوێت چاوێک بە سەر کۆمەڵگای کوردستاندا بخشێنین بۆمان دەردەکەوێت کە ژنانی ئەم کۆمەڵگایە هێشتا لە زۆر بوارەوە، لە سەرەتای جێگیر کردنی مافەکانی خۆیانن. سەرەتا لە نێو کۆمەڵگای کوردستان کاتێک باس لە فێمێنیزم دەکرێت ئەم دەستەواژەیە پێناسەیەکی هەڵەی بۆ کراوەو بەشێکی زۆری پیاوان و تەنانەت ژنانیش وەک بزووتنەوەیەکی دژە پیاو چاو لە فێمێنیزم  و خەباتی یەکسانیخوازی ژنان دەکەن. بەشێک بڕوایان وایە مادام فێمێنیزم  و مەکتەبی فێمێنیستی بەرهەمی بیری ژنانی ڕۆژئاوایە، کەواتە ئەم بیرۆکەیە ناگونجێت لە گەل کولتورو دابو نەریتی کۆمەڵگای کوردستاندا! کەسانێکیش هەن کە هەر لە بنەڕەتدا پێیان وایە سروشتی ژن بۆ ئەوە نابێت هەموو ئەو مافانە و دەرفەتانەی پیاو هەیەتی ئەوێش هەیبێت. یان کەسانێک هەن کاتێک باس لە مافی ژن دەکرێت، پێیان وایە مافی یەکسان واتە ژن هەر ڕۆژەو لە گەڵ پیاوێک ژیان بەسەر ببات. بێجگە لە مانەش  کەسانێک هەن کە پێیان وایە  مافی یەکسانی ژن لە گەڵ پیاو دژایەتی هەیە لە گەڵ کۆمەڵگای کوردستان چوونکە ئاینی ئیسلام  لەم کۆمەڵگایە پێڕەو دەکرێت و داخوازی فمینیستەکان و مافی یەکسانی  دژایەتی لە گەڵ هێڵە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە  کە نزیک بە هەمووی لقەکانی فێمێنیزم  جەخت لە سەر کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەر دەکەنەوەو خوازیاری ئەوەن ژن وەک مرۆڤ مامەڵەی لە گەڵ بکرێت و مافو مەودای یەکسانی لەگەڵ پیاوان بۆ لە بەر چاو بگیردرێت. هەروەها خوازیاری ئەوەن ژن مافی هاووڵاتی بوون، مافی کار کردن لە دەرەوەی ماڵ، بەشداری کردن لە سیاسەت و بەڕیوەبەری وڵات، مافی لە بار بردنی منداڵ، مافی داواکردنی تەڵاق، یەکسانی لە میرات وەرگرتن و نەمانی هەموو چەشنە توندووتیژییەکی ڕەگەزین. مادام ویست و داواکانی فێمێنیستەکان ئەمانە بن و ئێمەش خوازیاری کۆمەڵگایەکی دادپەروەر بین بۆ دوواڕۆژی وڵاتەکەمان، کەواتە ئەم ویست و داوایانە هیچ دژایەتییەکیان لە گەڵ کۆمەلگای کوردستان نییە. هەرچەند ڕەنگە لە گەڵ ئیسلام و  ئەو ماف و ئەرکانەی ئیسلام بۆ ژنی لە بەرچاو گرتووە دژایەتی هەبێت.

بەهەرحاڵ کورد ئێستا خۆی بە گەلێکی ئازادیخواز و دادپەروەر پێناسە دەکات و دژایەتی خۆی نیشان دەدات لە بەرانبەر هەموو چەشنە داگیرکاری و توندوتیژییەک. لەوەش زیاتر ئێمەی کورد گەلێکین بە درێژایی مێژوو ستەممان لێ کراوەو وەک مرۆڤی پلە یەکی کۆمەڵگا لە لایەن حکوموتە داگیرکارەکانی کوردستانەوە نە چاومان لێکراوە نە مامەڵەمان لە گەڵ کراوە. دیسانیش ژنانی ئەم گەلە هەمیشە زوڵمی چەند قاتیان لێ کراوەو سەرەڕای هەموو ئەمانەش باری قورسی بەرەوپێش بردنی خەباتی ڕزگاری نیشتمانیان قەبوڵ کردووە. هەربۆیە پێویستە هەر لە ئێستاوە پێش ڕزگاری نیشتمان خۆمان ئامادە بکەین بۆ بونیادنانی سیستمێکی دادپەروەرو دێموکرات کە زامنی مسۆگەر کردنی مافە مرۆییەکانی ژنان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەحزابی کوردی لە سەریانە هەر لە ئێستاوە لە نێو ڕیزەکانی خۆیاندا گرنگی بدەن بە بەشداری ژنان لە ئۆرگانە بڕیاردەرەکان و بوونی ژن بە گشتی لە بەڕێوەبەری خەباتەکەدا بەرز و گرینگ بنرخێین. پاشان بە شێوەی پلانمەند و بەرنامە بۆ داڕێژراوهەوڵی پێگەیاندن و پەوەردەیەکی بیری یەکسانی لە نێو ڕیزەکانی خۆیاندا بدەن.

بەڵام لە هەمووی گرینگتر خودی ژنان خۆیانن کە پێویستە چاونەترسانە داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن و تەسلیمی ویستی نادادپەروەری کۆمەڵگا و ئایین نەبن. ژنان لە سەریانە خۆیان پێبگەیەنن و شارەزایی تەواو لە سەر مافە مرۆییەکانی خۆیان وەدەست بێنن. هەروەها ژن پێویستە بڕوای بە مرۆڤ بوونی خۆی هەبێت و نابێت خۆی لە پیاو بە کەمتر بزانێت و پێویستە ئەوە بزانێت کە ئەو  شایانی هەموو ئەو مافانەیە کە پیاو هەیەتی و  لە سەریەتی جەخت لە سەر مەوداو دەرفەتی یەکسان بۆ  ژنان بکەنەوە. هەتا ژن بۆ خۆی بڕوای تەواوی بە مافە مرۆییەکانی خۆی نەبێت، کۆمەڵگا ناچار نابێت ئەو مافانەی بۆ دابین بکات. هەر لەبەر ئەمانەشە کە ژنانی کورد ئەبێت خۆیان ئاڵا هەڵگری ڕاستەقینەی بە دەستهێنانی مافەکانی ژنان بن لە کۆمەڵگای کوردستان.

ئاکام:

فێمێنیزم بزووتنەوەیەکی یەکسانیخواز و دادپەروەرە کە  جەخت لە سەر مافە مرۆییەکانی ژن دەکاتەوە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. ئەم بزووتنەوەیە دژایەتی سەرەکی لە گەڵ توندوتیژی ڕەگەزی هەیە و دژی ڕەگەزی پیاو نییەو بەڵکوو خوازیاری کۆمەڵگایەکی یەکسان و دادپەروەرە کە ماف و مەودای یەکسان بۆ ڕەگەزەکان دابین بکات و کارئاسانی بکات بۆ ڕەگەزی ژن تا بتوانێت وەک مرۆڤ دەرفەتەکانی ژیان و کار کردن و خۆ پێگەیاندنی پێ بدرێت. ویستی فێمێنیستەکان دژایەتی لەگەڵ کۆمەڵگا جیاوازەکان  نییەو دەتوانێت شامڵی هەموو کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی بکات.  دیارە بە مەرجێک مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە بتوانن سیستمێکی دێموکراتیک و یەکسان و دادپەروەر دروست بکەن بۆ ئەوەی هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو بتوانن وەک مرۆڤ لە کۆمەڵگادا پێکەوە بژین.

ژنانی کۆمەڵگای کوردستانیش وەک هەموو ژنانی دونیا مافی خۆیانە بەرخوردار بن لە هەموو مافە مرۆییەکان، واتە ئەوەی لە ویست و داخوازییەکانی ژنانی فێمێنیستدا جەختی لە سەر کراوەتەوە. ڕەنگە ژنانی کۆمەڵگای کوردستان بە هۆی نەبوونی کیانێکی سەربەخۆی نەتەوەیی، ئێستا نەتوانن پێداگری لە سەر چەسپاندنی سیستمێکی دێموکراتیک و دادپەروەر بکەنەوە، بەڵام پێویستە هەر لە ئێستاوە خۆیان پەروەردە بکەن و کار بۆ دواڕۆژێکی لەو چەشنە بکەن هەم لە ڕیگای کاری مەدەنییەوە هەمیش لە ڕێگای بەشداری لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و پێداگری لە سەر بەرنامەو پرۆگرامێکی دێموکراتیک و یەکسانیخواز بۆ دواڕۆژی کوردستان.

توبا ئەلیاسی / نۆروێژ

 سەرچاوە:

 فمینیزم چییە لە نووسینی ژنە نووسەرو فمینیستی نۆرویژی کاترینە هۆڵست

Hva er Feminisme? Cathrine Holst:2011

فمینیزم و شاخە جیاوازەکانی لە نووسینی خۆم کە  ڕێکەوتی ١٠.٢.٢٠١٣، لە ماڵپەڕی پێشمەرگەکان بڵاوم کردەوە

وتوێژێکم  لەگەڵ ماڵپەڕی برووسکە بە بۆنەی ٢٥ نۆڤمبری ٢٠١٨

توبا ئەلیاسی/ نۆرویژ

تایبەتمەندییەکان: ژنان

زیادکردنی وەڵام