هەستی خۆبەکەم زانین دەوری هاندەرێ لە هەڵسوکەوتی مرۆڤدا، ئەبینێت. هەستی خۆبەکەم زانین لەناو هەموو مرۆڤەکاندا هاوبەشە هۆکاری لاوازی یان دژبوون بە نەریت و باو(نۆڕم)ەکان نیە.

ئەو کەسانەی ڕێزییان بۆخۆیان نیە و پێیان وایە کە دوژمنێکی گریمانەیی (فرضی) لە هەموو شوێنێک ئامادەیە تاکو ئەو تێکبڕوخێنێ، تووشی هەستی خۆبەکەم زانین ئەبن.
ئالفڕێد ئادلێر، یەکەمین کەس بوو کە بە هەستی خۆ بەکەمزانین(inferiority feelings)ی زانی. ئادلێر پێی وابوو، هەستی خۆبەکەم زانین دەوری هاندەرێکی ناوخۆیی لە هەڵسوکەوتی مرۆڤدا ئەبینێت. هەستی خۆبەکەم زانین لەناو هەموو مرۆڤەکاندا هەیە و هۆکاری دژایەتی نەریت و نۆڕمی کۆمەڵایەتی نیە.
ئادلێر پێی وابوو: هەستی خۆبەکەم زانین سەرچاوەی هەموو هەوڵەکانی مرۆڤە و بزوێنەرێکە کە ئەبێتە هۆی کۆی هەڵسوکەوتەکان. هەموو پێشکەوتن، گەشە و گەورەبوونی مرۆڤ بەهۆی ئەو هەوڵانەوەیە کە مرۆڤ بۆ قەرەبووکردنەوەی هەستی خۆبەکەمزانین دەیان دا (بەدەر لەوەیکە ئەو هەستە ڕاستەقینەیە یان خەیاڵی).
پرۆسەی هەستی خۆبەکەمزانین لە مناڵیەوە دەست پێئەکات. مناڵ بچووک و بێدەسەڵاتە و بەهەموو شێوەیەک هەڵواسراوی گەورەساڵانە. مناڵ لە مامەڵە لەگەڵ گەورەساڵ و کەسانی بەهێزتردا هەستی خۆبەکەمزانین پەرەپێدەدات. ئەم ئەزموونە، ناچێتە خانەی بۆماەوییەوە، بەڵام دۆخی داماوای و هەڵواسراوی سەبارەت بە گەورەساڵان، بەرهەمی ژینگەیە، کە بۆ هەموو مناڵان یەکسانە.

تایبەتمەندییە کەسییەکان کە دەبنە هۆی هەستی خۆبەکەمزانین:

١- سوکایەتی بە خۆ و کەسانی تر: ئەو کەسانەی ڕێزیان بۆخۆیان نیە، ڕێز بۆ کەسانی تریش دانانێن. ئەوان پێیان وایە چونکە، خۆیان خۆیان پەسەند ناکەن، کەواتە نابێت کەسانی تریش وەربگریت(پەسەندیان بکەی و ڕێزیان بۆ دابنێت).
٢- چاولەدەم بوون: کەسانی خۆبەکەمزان، بەهۆی ڕاسپاردەیەکی هاکەزایی کەسانی ترەوە، ئاراستەی ژیانی خۆیان ئەگۆڕن. ئەگەر تەنها پێیان بڵێی جلەکانت ناشیرینە، ئیتر ئەو جلە لەبەر ناکەنەوە.
٣- تەنیایی: ئەو کەسانەی هەستی خۆبەکەمزانیان هەیە، خەڵکی تریش وەک خۆیان بە ماندووکەر و بەبێ جیاوازی(سەرنج ڕانەکێش) ئەبینن. بۆیە هەوڵ ئەدەن تائەو جێگەی ئەکرێ، لەبەرچاو نەبن و دەمەدەمە لەگەڵ کەس نەکەن تاکوو لاوازییەکانیان دەرنەکەوێت.
٤- ڕاکردن لە ململانێ: مرۆڤی خۆبەکەمزان، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام حەز ئەکات براوە بێت، هەوڵ ئەدات تا ئەو جێگەی ئەکرێت، نەچێتە ناو هیچ ململامنێیەکەوە. پێیان وایە ئەدۆڕێن و دۆڕاوەبوونیش کارەساتێکی گەورەیە.
٥- ڕەخنە وەرنەگرتن: خۆبەکەمزانەکان، هەر جۆرە ڕەخنەیەکی بنیاتنەر یان ڕووخێنەر بە دوژمنایەتی وەرئەگرن. حەز ناکەن کەسێک لاوازییەکانیان بەوان بلێ.
کاردانەوە سەبارەت بە هەستی خۆبەکەمزانین:
لە ڕوانگەی ئادلێرەوە، یەکەمین کاردانەوە بۆ هەستی خۆبەکەمزانین، هەڵچوونە. ئەم هەستە لە زۆر لایەندا دەرئەکەوێت، بۆ وێنە لێدان، گازگرتن، شەڕکردن، و ئەگەر دۆخەکە توند بێتەوە، ئەبێتە سادیسم. بە شێوەی ناڕاستەوخۆش دەرئەکەوێت، وەکو کێبەرکێ و بەریەککەوتنە دینی، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و ڕەچەڵەکییەکان.
هەندێ جار ئەم خواستە بەرەو ناوخۆی مرۆڤ ئەگەڕێتەوە. لێرەدا کەسەکە لە ئاست دونیای دەرەوەدا، ئەبەزێت و کاردانەوەی خۆبەکەمزانینی ئەبێت. ئەم کارادنەوە ئەتوانێت بگاتە مازوخیسم. هەندێ جار ئەم مەیلە بە شێوەی ناڕاستەوخۆش دەرئەکەوێت، بۆ وێنە بەشداری لە چالاکی خێرخوازی و مرۆڤدۆستی. بۆیە یەکەمین کاردانەوەی مناڵ هەڵچوونە، هەڵبەتە هەڵچوونەکەش شێوازی جۆراوجۆری هەیە.

جیاوازی هەستی خۆ بەکەمزانین و گرێی خۆ بەکەمزانین
هەستی خۆ بەکەمزانین لەگەڵ گرێی خۆ بەکەمزانین (inferiority complex) جیاوازن. مرۆڤ بوون، واتە هەستی خۆ بەکەمزانین. هەموو مرۆڤەکان کەم تا زۆر هەستی خۆ بەکەمزانیان هەیە و ئەمەش کارتێکەری زۆری لە سەر هەڵسوکەوتی ئەوان هەیە و ئەبێتە هۆی هەوڵدان، جووڵە و پێشکەوتن. هەستی خۆ بەکەمزانین ئەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ خۆی باشتر کات.
مناڵ بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، ئەزانێت کە هێزی ئەو بۆ دژایەتی گەورەساڵان بەڕادەی پێویست نیە و بۆیە هەست ئەکات پلەوپایەی ئەو لە خەڵکی تر لەخوارەوەیە. ئەم هەستە ئەبێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەی. بەڵام هەندێ جار کە گەشە و پێشکەوتنی مناڵ بەهۆی پەروەردەی هەڵەوە تووشی بەربەست ئەبێت، هەستی خۆ بەکەمزانین ئەتوانێت قووڵتر ببێتەوە و ببێە گرێی خۆ بەکەمزانین. گرێی خۆ بەکەمزانین ئەبێتە هۆی سەرنەکەوتووبوونی مرۆڤ لە چارەسەری کێشەکانی ژیاندا.

چۆن هەستی خۆ بەکەمزانین ئەگۆردرێ بۆ گرێی خۆ بەکەمزانین؟
١- کەم ئەندامبوون: کاتێک ئەندامێک لەلەشی ئێمەدا کەم ئەبێتەوە، ئەبێتە هۆی هەستی خۆ بەکەمزانین. کەمئەندام بوون ئەبێتە هۆی ئەوەی، ئەمە ببێتە بڕوایەک لای ئێمە کە ناتوانین ئەرکەکانمان ڕاپەڕنین و ئەمەش ئەبێتە هۆی گرێی خۆ بەکەمزانین.
٢- نەبوونی دایک و باوک: لەکیس دانی دایک یان باوک، ئەبێتە هۆی بۆشایی و هەستی خۆ بەکەمزانین. هەندێ جار، مناڵ سەرەڕای بوونی دایک و باوک، بەڵام نەبوونی پێوەندی سۆزداری لە خێزاندا، تووشی هەستی خۆ بەکەمزانین ئەبێت.
٣- ناوشیاری دایک و باوک(neglect): سوکایەتی پێکردنی لەڕادەبەدەرمان ئەبێتە، هۆی ئەوەی هەست کەین کەسێکی نەشیاوین و وەربگرین کە بێ توانایین. بۆیە هەستی خۆ بەکەمزانینمان ئەگۆڕدرێ بۆ گرێی خۆ بەکەمزانین. لەبیرکردن و گوێ نەگرتن لەمناڵ، ئەبێتە هۆی هەست بە بێبایەخی و تووڕەیی بکات و بەگومانەوە ئەڕوانێتە دەرووبەری و کەسانی تر.
٤- نازداری وبەناز پەروەردەکردن(pampering): نازدارکردنی مناڵ ئەبێتە هۆی گرێی خۆ بەکەمزانین، چونکە کاتێک ئێمە هەموو پێداویستییەکانی مناڵەکانمان دەسبەجێ جێبەجی ئەکەین، چاوەڕوانی ئەوە لەواندا دروست ئەبێت کە خەڵکی تریش ئەبێت هەموو پێویستییەکانی ئەوان دابین بکەن. کاتێک ئەچێتە قوتابخانە و زانکۆ، وەڵامی ئەرێی لە کەسانی تر وەرناگرێت، ئەمە ئەبێتە هۆی دروست بوونی گرێی خۆ بەکەمزانین.
٥- هەڵچوون و توندبوونی دایک و باوک: یەکێک لەو هۆکارانەی هەندێ جار ئەبێتە هۆی خۆ بەکەمزانین، هەڵچوون و توندبوونی دایک و باوکە. کاتێک مناڵ لەبەرچاو خەڵکی تردا، بەتایبت هاوتەمەنەکان و پۆلی یاری خۆیدا، ئەکەوێتە بەر سەرکۆنە و سوکایەتی و ئەمە بەردەوام ئەبێت تا ئەو جێگەی دەوروبەریش هەمان هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو ئەکەن، ئەمە ئەبێتە چەکەرەکردنی هەستی خۆ بەکەمزانین لە مناڵدا.
کاتێک هەستی خۆ بەکەمزانین ئەبێتە گرێی خۆ بەکەمزانین، سەختە کە بیگۆڕی بۆ سەرچاوەیەکی بنیاتنەر. بۆیە ئەبێتە هێزێکی ڕووخێنەر، کە ڕەنگە مرۆڤ بەرەو تاوان یان خۆکۆشتن پاڵ بنێت.
ژیان پیاژە پێی وابوو، ئەو کەسانەی بەدەست گرێی خۆ بەکەمزانینەوە ئەناڵێن، ڕەنگە هەوڵ بدەن ئەو لایەنانە لە خەڵکی تر بشارنەوە کە ئەبنە هۆی هەستی خۆ بەکەمزانین و وا پیشان بدەن لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستاون و پێویستیان بەکەسی تر نیە. بەڵام لەو شوێنەوە، کە بەراستی متمانەیان بەخۆیان نیە، زیادەڕۆیی لەم خۆنواندنەدا ئەکەن.
بۆ ئەو کەسەی تووشی گرێی خۆ بەکەمزانینە، جیهان شوێنی شەڕ و دوژمنایەتیە. ئەم کەسە قەت خۆشحاڵ نیە بە پێوەندی خۆی لەگەڵ کەسانی تردا و هەرکاتێک، هەوڵ ئەدات لەخەڵکی تر نزیک بێتەوە، خۆیی بوون نابینێت.

میکانیزمی قەرەبووکردنەوە (compensation)
میکانیزمی قەرەبووکردنەوە لە هەستی خۆ بەکەمزانینەوە سەرچاوە ئەگرێت. لەو شوێنەوە هەر تاکێک، جارجار هەست بە خۆبەکەمزانین ئەکات، لە ڕووی ناچارییەوە ئەم میکانزیمە بەکار دینێت. بێگومان ئەو کەسانەی هەست بە نائاسایش بوون ئەکەن، زیاتر لە کەسانی بەهرەمەند لە ئاسایش، پەنا بۆ ئەم میکانیزمە ئەبەن. میکانیزمی قەرەبووکردنەوە ڕۆڵێکی باشی هەیە لە سازگاربوونی کەسدا. چونکە هەستی پەرۆشی (نیگەرانی) و کوڵان(هەڵچوونی ناوخۆیی) کەم ئەکاتەوە و زۆرجار ئەبێتە هۆی تەندروستی دەروونی کەسەکە.
کەرەسەی قەرەبووکردنەوەش، بەپێی کەسەکان جیاوازە. لە ڕووی قەرەبووکردنەوەوە، کەسەکان دابەش ئەبن بە دوو جۆر: جۆری یەکەم ئەو کەسانەن ناتەواوەتی خۆیان ئەشارنەوە، و گرووپی دووهەمیش ئەوانەن گرینگی کەم ئەدەنە بۆچوونی خەڵکی تر.
میکانیزمی قەرەبووکردنەوەش ئەتوانێت هەم بە شێوەی ئەرێی دەرکەوێت و هەم بە شێوەی نەرێی. ڕواڵەتی ئەرێی ئەوەیە، کاتێک کەس تێئەگات ناتوانێ لە بابەتێکدا سەرکەوێت، یان تووشی شکەست ئەبێت، بەهەوڵدان لە لایەنێکی تردا، سەرکەوتن بەدەست دێنێت. بەڵام لایەنی نەرێی بەم شێوەیە؛ کاتێک کەس لە شونێک سەرنەکەوتوو ئەبێت، بۆ قەرەبووکردنەوە پەنا ئەبات بۆ تێکدان. بۆوینە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەستی خۆ بەکەمزانین، ئەگلێت لە درۆکردن یان بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان.
سێ جۆر قەرەبووکردنەوە هەیە:
١- قەرەبووکردنەوە لەهەمان بەشدا: کەس هەوڵ ئەدات خۆی بگونجێنی لەگەڵ ئەو گرفتەی هەیەتی. بۆ وێنە بە قۆڵی لەگەچ گیراوەوەوە کار ئەکات، یان کەسی کوێر گۆچان و سەگ بەکاردێنێت.
٢- قەرەبووکردنەوە لە بەشەکانی تر: هەموو کەسێک پێویستی بە هەست کردن بە گرینگ بوون هەیە. بۆ دابین کردنی ئەم هەستە، ئەگەر لە ڕوویەکەوە سەرکەوتوو نەبێت، هەوڵ ئەدات لە شوێنێکی تر خۆی چڕ بکاتەوە. بۆ وێنە، ئیفلیج بوون لە سەردەمیە مناڵیەوە، ئەبێە هۆی ئەوەی نەتوانێ وەرزش بکات، بەڵام لە نووسیندا ببێتە کەسێکی هەڵکەوتە. یان بەپێچەوانە، کەسێک لاوازی خۆی لە بواری وەرزشدا، بە خوێندن قەرەبوو ئەکاتەوە.
٣- قەرەبووکردنەوەی توندڕەوانە: تاک بە تێکۆشانی سەختی خۆی هەوڵ ئەدات جگە لەوەی گرفتەکەی قەرەبوو بکاتەوە. لەکەسانی تر باشتر و بەزرتر بێت.بۆ وێنە مناڵیک کە گرفتی لە ئاخاوتندا هەیە، ئەبێتە گوتاربیژێکی بەناوبانگ.

نووسەر: عەلیڕەزا نووربەخش

وەرگێڕانی: شاهین کەریمی



سەرچاوە: سایتی دەروونزانی خەڵک
زمانی وتار: فارسی


تێبینی: شیکاری ناو کەوانەکان لە منەوەیە(وەرگێڕ)، بۆ گەیاندنی مانای تەواوی وشەکان.

تایبەتمەندییەکان: کۆمەڵایەتی

زیادکردنی وەڵام