بەو پێیەی کە زۆربەی بەرپرسان بوون بە خاوەنی ناوەند و دەزگای میدیایی، کەواتە ئاساییە پڕۆسەی بەغۆل کردن و بە دانا پیشاندان و بەپێغەمبەر کردنیان!

لەو پلەیەش بەرزتر هێندێ جار ناساندنیان وەك«علام الغیوب» بەڵام ڕۆژانە دەیان لێدوانی بێسەروبەر بدەن و هەزاران ڕمڵ لێدەن، لێدوان و نووسین و جوڵەکانیان کۆمەڵگای تووشی سەرگەردانیی و ماڵوێرانیی کردبێت، ئەم ناوەند و دەزگایانەی خۆیان نەبان و بێئاگا ئەکەن لێی!
سیاسییەکانی ئێمە بەردەوام بەخورافە و حەکایەت ئەژین، هەیانە خەو بەخواوە ئەبینێت، هەشیانە پێشبینیی زۆری هەیە، لەسەر هەزار پەت یاریی ئەکەن بەڵام بۆیان گرنگە و وەك مارکە بەخەڵکی ئەفرۆشنەوە وتار و لێدوانە ناڕەوانەکانیان!

خوێندنەوەی ئایندەی سیاسیی لە ڕێگای پێدراو«معطیات» و قەرینە و ئەکتە هاوشێوە مێژووییەکان و بەراوردکردنیان لە جوغز و سیاقی مێژوویی، نە کارێکی ئاستەم و نەکردەنییە، نە نامۆشە بە ڕەوشی سیاسیی و کاری سیاسەتوان و چاودێرانی سیاسییەوە، بەڵام بەمەرجێك زۆر بابەتیانە و هاوسەنگیش نەبێت، لانی کەم جارجارە بۆ خوێی چێشتیش ئەو پێشبینیکارە بێت و بەخوێنەرانی بڵێت: بەڕاستیی ئێمە بەرچاومان ڕوون نەبوو، دنیاکە ئاڵۆزە و شوناسەکان تێکەڵ بوون، هێزەکان چاوکراوەتر لەف و دەوران لێئەدەن و مراوەغە بە لێکدانەوەکانمان ئەکەن، ئالەم پرسەدا«هەر بۆ مێژوو تەنیا یەك بابەت» ئێمە نەمان پێکا!

لەم بارەیەوە لەزۆر جێگای کتێبەکانییدا #نەوشیروان_مستەفا سەرکۆنەی خۆی ئەکات کە فڵان پێشبینیی هەڵە بوو، نەئەبوو وابکات.

#چاودێر کە ساڵانێکە بە پارەی ڕژاوی گومرگ و پەترۆل بەڕێوەئەچێت، سەنتەر تیایدا کەسێتیی #مەلا_بەختیار ە، بەچاك و خراپ هەر چاکی لەسەر ئەنووسن، وتارەکانی سپۆنسەر ئەکرێت، بەناوی پڕۆژەی ئەو بۆ قۆناغە جیاوازەکان بروز ئەکرێت، پاشان پەراوێزی لەسەر ئەنووسن، بۆ ئەوەی بیکەن بە«پرس» و بێتە ناو ڕای گشتییەوە دوو سێ دۆستی پلەیەکی خۆی لەگۆشەی جیاجیاوە«مشتومڕ»ـی لەسەر ئەکەن!
کەسیان ڕۆژێك نەهاتن پێمان بڵێن: بەڕاستی کاك بەختیار وەك عەڕڕابێکی ڕیفراندۆم، خراپی کرد، کوردیان چەند فرسەخ گێڕایەوە پاش!

هێشتا بەمەش دڵیان ئاو ناخواتەوە و پاش دوو سێ مانگ وتارێکی گەرم ئەکەنەوە و وەك تێزێکی گرنگ و پڕ بایەخ و پێشبینییەکی بەدیهاتوو دەرخواردی خەڵکی ئەدەن!

هەڵبەت #پێشبینییەکانی تاك و تەرا نین، جۆرێکە لە پڕۆسەی مارکێتینگ لەلایەن دەزگاکەیەوە، لەتازەترین پێشبینیی ئەودا چاودێر بە تایتڵێکی سپۆنسکراو ئەنووسن((پێشبینیەکی دیکەی مەلا بەختیار: پاشەکشێی راسيزم و بوژانەوەی چەپەکان))

(پێشبینییەکی دیکە) واتە پێشتر پێشبینیی زۆرمان خستووەتەڕوو!
بە پێشەکییەکی ئەوتۆ باس لە فیراسەت و توانای سەرسوڕهێنەرە ئەو ئەکەن لە «خوێندنەوە و پێشبینیی ڕووداوەکان».
کە دیارە زۆربەی زۆری خوێندنەوەکانیشی دووبارەکردنەوە و کۆپی پێستی ڕای چەندپات کراوەی ئەوانیترە و بە ئەدەبیات و سروشتی خۆیەوە دایئەڕێژێتەوە. هەر بۆ وێنە کۆتا پێشبینیی باس لە دنیای پاش کۆرۆنا ئەکات، لەکاتێکدا بەهەر زمانێك، تەنانەت بەکوردییش ئەم لینکە لە گۆگڵ بکەرەوە دەیان سەرنجی دووبارە و بگرە جدییشت بۆ دێت!

بەزۆریی فۆکەسیان لەسەر ئەم پەرەگرافەی وتارەکەی دوو مانگ لەمەوبەریەتی:
“ئێمە بەدووری دەزانین، بەم كارەساتە مرۆییەش(پاش کۆرۆنا)، لیبرالیزم بشكێ‌. یان جیهانگیری، كۆتایی بێت. بەڵام دڵنیاین رێبازی چەپی دیموكراسی‌و دادپەروەری، بەپێی ئەم زەمان‌و زەمینەیە (نەك چەمكە كلاسیكیەكانی چەپگەرایی) دەبوژێتەوە. راسیزم پاشەكشە دەكات. تاڕادەیەك ناسیۆنالیزمی دیموكراسی بەهێز دەبێ‌..”

مەلا بەختیار دەمێکە سروشت و شوناسی خۆی لێتێكچووە، سەردەمێك «چەپێکی گوڵۆباڵ» بوو، ئەسڵەن ئامادە نەبوو کۆمەڵەی ڕەنجدەران ببرێتە ژێر ساباتی کوردستانییە و بە نەزعەیەکی لۆکاڵیی و شۆڤێنیی ئەزانیی، پاشتر دەست لە «بەها»ـی عێراقچێتیی هەڵئەگرێت و لەبۆتەی یەکێتییدا ئەتوێتەوە، ئەبێت بە یەكێك لە تیۆرسێن و مونەزیرینی سۆشیالدیموکرات و هاوئاهەنگی لەگەڵ چەپەکانی ئەوروپادا ئەویش هەنگاو هەڵئەگرێت، ئەمە نەنگیی نییە.

بەڵام بەم دواییانە لە سەنگەرێکی گەلێ عەنتیکەدا لەجاران زیاتر ئەجەنگێت، سەنگەری قەومچێتیی و نەتەوەپەرستیی، کە تەواو پێچەوانەیە بە دروشم و بانگەشەی باوی ئەو، لەوەتەی کە بووە بە پێڕی کوردایەتییەکەی مەسعود بارزانیی، ئەنووسێت ئەنووسێت ئەنووسێت تا بتوانێت ڕستەیەك فڕێ بداتە گۆڕەپانەکەوە، «ناسیۆنالیزمی دیموكراسی بەهێز دەبێ» ئەمە بەچ لۆژیکێك؟!
تەبعەن مەبەستی لە دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی دیموکراسیی، کۆکتێلە چەپە سۆشیالدیموکراتە ناسیۆنالیزمە نادیموکراتییە خێڵەکییە ڕانتخۆرەکەی خۆی و پێڕەکەی بارزانییە!

شیمانەی بەهێزبوونی ئەمانەش دوای کۆرۆنا سفرە، ئاخر ئەوەی ئێستا توڕەیە و لەسەر جادەیە خۆ ناپرسێت تۆ کام شوناسە بەخۆت ئەدەیت؟!

ئەو ئەڵێت: ڕاسیزم پاشەکشە ئەکات.
کەچی ڕەشپێست لەژێر قەهری ئەژنۆی ڕاسیستدا ئەخنکێت و هێشتا دەوروبەری مەلا بەختیار ئەڵێن: ببینن چەند بەرچاوڕوونە لە ئایندە بینییدا!!

خەڵك توڕەیە لە دەسەڵاتی هەژموونداری جیهانیی کە کەپیتاڵیزم و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیای نیولیبراڵن، قۆرخکاریی ئەم کۆمپانیایانە دنیای تەنیوە بە کوردستانەکەی میرنشینی خێڵی بارزان و تاڵەبانیشەوە.

لەناو هەزاران بەرگدا خۆتان بشارینەوە خەڵکیی بە سلوکتان شوناستان پێئەبەخشێت، نەك ئەوەی خۆتان وەك بەرگ و خانوو و ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانتان هەڵیئەبژێرن!
خەڵکی ئەمریکا چۆن توڕەن لە حکومەت و پۆلیس، رووداوێكی نامرۆڤانەش ئەکەن بەبیانوو بۆ سووتاندنی کۆمپانیا و کارخانە زەبەلاحەکان، فۆردی ئەمریکیی ئەسوتێنن، بریکاری سەرەکی مارکەی بینزی ئەڵمانییش ئەکەن بە سووتماك، چونکە دواجار لەدایكبووی یەك دنیای سەرمایەداریی نیولیبراڵن!

ئێستا «ناسیۆنالیزم»ـەکەی ئەوان کە نەك توانای یەكخستنی کوردی جیهانیان نییە، بەڵکو دوو ئیدارەی چوار پارێزگایان پێ یەك ناخرێت، بگرە لەناو حیزبەکەی خۆشیاندا مایەپوچ بوون و وەك حەرەس قەدیم ئەنجوومەنێکیان بۆ کراوەتەوە و پەڕ و باڵیان پێوە نەهێشتوون، هەزار ناو لەخۆیان بنێن و سەدان شوناسی جوان بەخۆیان ببەخشن، خۆ کۆمپانیا فرەگروپەکانی ئەوان یەك بواریان بۆ کاسبکار و خەڵکیتر نەهێشتووەتەوە، لە بیزنسی هێنانی پووشی موبەڕیدەوە تا دەرهێنانی نەوت، هەموویان قۆرخکردووە، بۆچی ئەبێت هەر شەپۆلێك بێت و ئەوان بەناوێکی جیاوازەوە بەهێزبن؟!

بچووکترین دەرفەت هەبێت خەڵك کۆمپانیاکانی ستێر گروپ و کار و نۆکان و قەیوان و تەنانەت کۆمپانیا ئەهلییەکانیش ئەسووتێنن، چونکە جوڵەی ئەمجارە جوڵەیەکی جیهانییە و دژ بە بازرگانیی دەوڵەت و سیاسییە بازرگانەکانن، کە هەناسەیەکیان بۆ کەسیتر نەهێشتووەتەوە.

هادی حەمە ڕەشید

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام