هەموو ئەوانەی متمانەیان بە نەوشیروان مستەفا هەبووە، بە قسەیەکی خۆیان بە کوشتن داوە، بۆ ئەوە بوە کە دنیایەکی جوانتر بونیات بنێن، وەک خۆی ئەڵێت”بە چاک و خراپەوە لە مێژووی یەکێتیدا بەشدارم” خەلکیش لەگەڵ ئەودا بە چاکو خراپەوە بەشدارەو بەشی هەبوەو هەیە.
هەموویشمان بیرمانە کە گۆران دامەزرا، خەلکی دەولەمەندو هەژار چۆن پارەیان ئەدا بۆ گۆران،خەلکی پاروی دەمی خۆیی ئەدایە،دەغیلەی منداڵەکەیی بۆ هەڵەچڕی،هەموو ئەوانە وەک کاک نەوشیروان ئەیووت، بۆ گێڕانەوەی عەدالەت و گێڕانەوەی موڵکو مالی گشتی و نەمانی گەندەڵی و چەوسانەوە بوو،هیچ کەسێک ئامادە نەئەبوو دینارێک بدات ئەگەر بیزانیبایە هەموو ئەم سامانە ئەبێت بەهی کورەکانی، گردەکەو کارگەو مێدیاو تەنانەت دار سنەوبەرەکانی گردەکەیش هی خەلکە، کەواتە نە نەوشیروان مستەفا، نە کورەکانی مافی ئەوەیان نییە لەژێر هیچ ناوێکدا سەدان ملیۆن دۆلاری ئەو خەڵکە بەرن و بیکەن بە ناوی خۆیانەوە .
هەلبەتە باسەکە پارەی زۆرو گردو کارگەو بازارو ڤێلاو هتد نییە، ئەگەر یەک مەتریش بوایەت من دیسان ئەم قسانەم ئەکرد، مێژوو ئەم قسانەی ئەکرد.
مەسەلەکە لێرەدا ئەخلاقی سیاسی و ئومێدو متمانەیە بە کەسێک کە بڕیار بوو بەراورد نەکرێت بە بنەمالەی بارزانی و تاڵەبانی و سەرانی ئەو حیزبانە.
پەیوەندی بە پارەوە نیە ،جەدەلەکە جەدەلی ئەخلاقە.
خۆ نەوشیروان مستەفا ئەیتوانی لە ناو یەکێتیدا دە ئەوەندە بەرێت، بەلام ئەوکاتە ئەبوو بەوپاتاڵانەی سالانێکە سەرانی یەکێتین وهێندە ناشیرین و نابوتن، ژنەکانیشیان بێزیان لێئەکەنەوە.
خەڵکی نەوشیروان مستەفا وەک پیاوێکی بە ئینساف و بە ئەخلاق ناسیوە، دەستپاک بوو، بۆیە کاتێک ئەمرێ هەرچی ڕەش و ڕوت و هەژارو قوربەسەرە دوای ئەکەوێت و بۆی ئەگری، هەرچی دزو جەردەیش بوو پێیان خۆش بوو.
ئەزیزان! بەدەستی پیس ئامانجی پاک بەدەست نایەت.
بە مێژووی نەوشیروان مستەفدا بچۆرەوە،هیچ کاتێک دوای پارە نەکەوتووە، ئەی نەتیجەکەی بۆ ئاوایە؟کێ وەلامی ئەمە ئەداتەوە؟
وەک ئەبینن،مام جەلال مرد خەڵک وازیلێهێناوە، ئەی بۆچی خەڵکی واز لە کاک نەوشیروان ناهێنێت؟
لەبەر ئەوەیە ئەو هیچی بەناو نەبوو، ئیدعای دژە گەندەڵی و گێڕانەوەی موڵک و ماڵی گشتی وعەدالەت وگۆرانی نەبوو، مردو تەواو، جا چی بردوەو نەبردوە باسێترە، گرنگ ئەوەیە بە ناویەوە نەبوو،تاپۆی نەبوو.
مەسەلەی کاک نەوشیروان کە خەلک باسی ئەکات، متمانە،پاکی،راستگۆیی کوژراوە، دەنا گردو کارگەو ڤێلا با ببەن.
– نەوشیروان مستەفا دژی بنەمالە بوو، دواجار گۆران بووە بنەماڵە.
– خۆی دژی گۆڕپەرستی و شەخس پەرستی بوو، ئێستا بۆتە گۆڕ پەرستی و شەخس پەرستی.
– دژی چەمانەوە سەرداخستن و کۆیلەیەتی بوو، ئێستا بۆتە کۆیلەیەتی.
– دژی دزی و فەسادی و بێڕەوشتی بوو، ئێستا گۆران بۆتە دزو بێرەوشت.
– دژی ماستاوچیتی و کاسە لێسی بوو، ئێستا گۆران تژیە لە کەسانی ماستاوچی و کاسەلێس.
– تەنها بە وێنەیەکی کاک نەوشیروان بڵی خراپ دانیشتوە، لەو گردەوە دووهەزار جوێن بە دایک و خوشک و شەرەف و ئابڕووت ئەدرێت، دەیان مەلەفی ئەخلاقی پڕ لە درۆت بۆ ئەپێچنەوە، خۆ پارتیەکان هیچ کاتێک بۆ مەلا مستەفاو مەسعود وانین،یەکێتیەکان بۆ جەلال تالەبانی وانین، هەموو جۆرە ڕەخنەیەک حەرام وبڤە کراوە لای خێڵی گردە چەقۆکێش و ئیرهابچیەکە، ئەمانە پێیان وا بە جوێن دان ئەتوانن خەڵک بیدەنگ بکەن، جویندان و سوکایەتی تیرۆری کەسایەتیە، بۆیەئەوەیی جوێن بدات تیرۆریش ئەکات
کاتی خۆی من ئەمووت “کاک نەوشیروان فەیلەسوفی ئەخلاقە” باشە ئەمە کارو کردەوەو تێگەیشتنی قوتابیەکانیەتی؟ هەر بەراستی من هەڵەم کردوە؟ ، لەوگردەیا هەرچی زمانی ڕەخنە هەیە بڕراوە، پیاو، ژن نییە بە کورانی کاک نەوشیروان بڵێ پشتی چاوتان برۆیە، لەگردەکە شاپتڕێنی ئەکەن، ئەمانە خوانەخواستە دەسەلاتیان بکەوێتە دەست کە هەرگیز نایبینن، گۆمی خوێن بۆ ئازادیخوازان ساز ئەکەن، بەزیندووی ڕەخنەگر ئەخەنە چاڵ، ڕۆژنامەنوس بە ئاشکراو لەماڵ وسەرشەقامەکان تیرۆر ئەکەن،بەتەور پارچە پارچەمان ئەکەن.
من ناڵێم، عومەری سەید علی وکورەکانی ئەلێن” بەڵی ئەم موڵکو ماڵە هی کاک نەوشیروانەو دوای خۆی بە جێماوە بۆ منداڵەکانی” هەر ئەم قسەیە تیرۆرکردنی کەسایەتی کاک نەوشیروانە، ئاخر ئەو موڵکو ماڵی لە کوێ بوو؟!
کاک نەوشیروان سیقەی بەکەس نەبووە بۆیە داویەتی بە کورەکانی، جا ئەگەر سیقەی بەکەس نەبووە، بۆچی هەزاران کوڕی کوردی بێچارەو خێرلەخۆ نەدیوو بە قسەی ئەو خۆیدا بە کوشت؟ بۆچی سەدان هەزار کە س دوای کەوت؟
ناکرێت بەیانی من بە ناوی گۆرانکارییەوە دەیان ملیۆن لەو خەلکە پاکە وەربگرم ودوایی بیدەم بە مندالەکانم.
ئەبوو کاک نەوشیروان بەرلە مردنی ئەمانەی یەکلایی بکردایەتەوە، ئیتر ئاوا مێژوەکەی نەئەکەوتە ژێر پرسیار.
گردەکە وکارگەو هەرچی هی کوری نەوشیروان مستەفا بێت یان تالەبانی و مەسعود کێشەی من نییە، بەلام من بەدوای ڕاستگۆیی و پاکی و ئەخلاقەوەم، خەلکی متمانەی بە کەس نەماوە، من خۆم کاتێک 10 ساڵ متمانەم بەم پیاوە هەبووەو هەزاران شەڕم لەسەر کردوە، ئێستا ناتوانم متمانە بە هیچ کەس بکەم، ئەی کێ تاوانبارە لە کوشتنی ئەم متمانەیەدا؟.
– ئەگەربردنی سەدان ملیۆن دۆلارو 120 دۆنم زەویو ڤێلاو کارگەو بازارو ڕیزە شوقەو خانووت پێ هەقە چیاو نما بیبەن، دەبێت بەلاتەوە ئاسایی بێت و دەمت داخەیت کە بنەمالەی تالەبانی دەیان دەباشانیان بردوە.
– نێچیر نیوەی هەولێرو مەسعود سەری ڕەشی بردوە.
– کەواتە تۆیش وەک ئەوانیت و فشە فشی گۆرانکاری مەکەو ئەو دەمە پیسەت داخە.
– ئەگەریش ئەڵێن نەخێر کاک نەوشیروان ئەم موڵکو مالەی نەداوە بە کورەکانی، با کورەکانی و چوار دەوری پێمان بڵێن،چۆن ئەم کارانە کراوە.
وەکو وتم باسی ئێمە پارەو گردو کارگە نییە، باسەکە مێژووی ئەخلاقیەتی نەوشیروان مستەفایە، کە کەوتۆتە ژێر پرسیار.
ئاخر راستیەکەی ئەوەی نەوشیروان مستەفا هەرچی هەبیت،هەرچی کردبێت بە ناوی خۆیەوە هەمووی بەشی ئەو کەسانەیە کە لەومێژوەدا بەشداریان کردوە،بەشی 500 هەزار دەنگدەرە، بەشی ئەوانەیە کە موچەیان ئەبڕاو گوێیان ئەبڕاو شەقیان تێهەڵ ئەدرا،جا ئێستا لە گردەکە بن یان نەبن، مادی و مەعنەوییەن.
وەک چۆن خۆی ئەیووت”لە چاکو خراپی یەکێتیدا شەریکم وبەشم هەیە”.
کەواتە کۆمەلێ تەخوین چی و دزو درۆزن کە دوای یاپراخە دوگ چەورەکەی گردەکە کەوتوون، ناتوانن مێژوو پێچەوانە بکەنەوەو راستیەکان هەر کەشف ئەبێت،جا یان کاک نەوشیروان بە پاکی لێی دەرەچێت یان دەرناچێت.
ئەگەر نەوشیروان مستەفا بە بەرنامە سامانی خەلکی دابێتە کورەکانی، ئەوە غەدرە.
چونکە سەدام حسین یەک بست خاکی عێراق،یەک خانوو،یەک زەوی و گردی بەناو نەبوو.
جەلال تالەبانی یەک بست زەوی و گردو خانوی بە ناو نەبوو، دڵنیام مەسعودیش بە ناوی نییە.
ئەوەی عومەری سەید علی و کورەکانی ئەیڵێن،واتە نەوشیروان مستەفا ئەبێت بە یەکەم سیاسی هێندە ئازایەتی هەبێت، سەدان ملیۆن دۆلاری خەڵک ببات و گردو ڤێلاو کارگە کە هەمووی ئارەقەی خەلکە بیکات بە ناوی خۆیەوەو دوایش بیداتە مندالەکانی.
کەواتە ئەبێت یەکلایی بێتەوە،تۆ قەڕنێ قسە بکەیت و پاساو بهێنیتەوە نایخوات، خەڵکی دەغیلەی مندالەکانی ئەشکاندو ئەیبرد بۆ گردەکە، بۆ ئەوەیان نەبرد کورەکانی کاک نەوشیروان بکەنە ملیۆنێر،ئەو خەڵکەیش توتکە سەگیان نیە،،منداڵیان هەیە.
نەک کاک نەوشیروان هیچ سیاسییەک نابێت هێندە ئازایەتی هەبێت سەدان ملیۆن دۆلارو گردو کارگەو بازارو ڤێللای خەڵکی بە ناوی گۆرانکارییەوە کۆبکاتەوەو بیبات بۆ خۆیی و دوایش بۆ کورەکانی، ئەمە کاری نەکردەیە، جا تۆی گیرفان قوڵ لە گردەکە مانگانە 200 هەزار دینارت پێئەبڕێت ، یان خانە نشینی بە پارەی چەور، یان خاوەن پۆستی گردەکەی و بوویتە شایەرکەیفی خۆتە، زۆربەی ئەمانە کاتی خۆیشی لە نا ویەکێتی هەر شایەر بوون.
تۆ دیفاع لە مێژووی نەوشیروان مستەفا ناکەیت، تۆ پارەی پێپەیدا ئەکەیت و خەمی ئەوت نییە، بۆیە بە ئاشکرا ئەڵییت” جا عافیەتی بێت بۆ نەیبا”.
ئارام ئەحمەد20/5/2020

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام