یەکێک لە کەلتورە ناشرینەکانی سیاسەت لەم وڵاتەدا بریتیە لە جوێندان و تۆمەت وسوکایەتی لە ڕێی پەیجی ساختەوە.

وەختێک کە گۆڕان دروستبوو، لە جیاتی ھەوڵبدات کەلتوری جوێندان و تەخوینکردن تێپەڕێنێت، بەڵام ھەمان کەلتوری پارتی و یەکێتی بەخراپترەوە دووبارەکردەوە.

دروشمەکەیان ئەمەیە (ھەتا لەگەڵمدابیت کوڕی چاکیت، کە لەگەڵم نەمایت دەبیت بە پیاوخراپ و تۆمەتی ناڕەوات بۆ ھەڵدەبەستم).

لای من حزب و سەرکردە موقەدەس نین و شایەنی ڕەخنەن. لای من حزب وەسیلەیەکە بۆ خزمەتی کۆمەڵگا. کە حزب وەزیفەی لەخزمەتی کۆمەڵگاوە بوو بە پارەپەیداکردن و پۆست دۆزینەوە بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو، لە حزبەوە دەبێت بە دوکانی سیاسی (کاک نەوشیروان خۆشی لەسەر ئەم بنەمایە یەکێتی جێھێشت و دەیوت حزب پیرۆز نیە و کە نەیتوانی خزمەتی کۆمەڵگا بکات دەبێت جێبھێڵدرێت و وەک مردوو بنێژرێت).

وەک چۆن ڕەخنەم لە یەکێتی و پارتی گرتوە، ئێستا ڕەخنە لە سیاسەتەکانی گۆڕان دەگرم و پێموایە ڕێکەوتنیان لەگەڵ پارتی و چونە حکومەتیان ھەڵەبوو. ئەگەر یەکێتی و پارتی موقەدەس نەبن، گۆڕانیش موقەدەس نیە و لە سەروو ڕەخنەوە نیە.

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پێیانوایە من ھەڵەم، و ڕێکەوتنیان لەگەڵ پارتی و بەشداریکردنیان لە حکومەتدا پێباشە، دەکرێت بە موناقەشە و گفتوگۆی سیاسی و مەنتیقی وەڵامم بدەنەوە، نەک لە ڕێی ھەندێک پەیجی ساختەوە بکەونە سوکایەتی و قسەھەڵبەستن.

لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە کە یەکەم ساڵی زانکۆم بوو (دواناوەندی هەڵکەوتی کوڕانم تەواوکرد و چومە کۆلیژی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی). لەو کاتەوە ھاتوچۆی کاک نەوشیروانم کردوە و وەک خۆبەخشێک و بێ ویستنی پلە و پۆست کارم بۆ ئەو رەوتە کردوە و یەکێک بوم لەوانەی لە کۆمیتەی زانکۆ لە باڵی ڕیفۆرم بووم. پاداشتەکەی جوێن و سوکایەتی و تەشھیرە لە پەیجی ساختەوە.

ئەمە جگە لەوەی باوکم هاوڕێی ٥٠ ساڵەی کاک نەوشیروان و دایکی ڕەحمەتیم هاوڕێی سەردەمی شاخی شوعلە خانی ڕەحمەتی بوو. ئێستا کۆمەڵێک پۆست و پارەپەرست هاتون و لە پاڵ گردەکەدا قسەمان پێدەڵێن.

لێرەدا دوو پرسیار دێنەکایەوە

١-ئایا ئەمانە وەفایان بۆ کەس ھەیە؟!

٢-ئایا ئەمانە دروستبون بۆ گۆڕانکاری یان چەواشەکاری و ڕێگرتن لە گۆڕانکاری؟!

من پێشتر ھەموو پۆستێکی حزبی و حکومیم ڕەتکردۆتەوە و باوەڕم بە لامەرکەزیەت و فیدرالیەتی پارێزگاکان ھەیە و بە جدی کاری بۆ دەکەم. بەو پێوەرە بێت لە ناو گۆڕاندا پۆست وەربگریت کوڕی چاکیت، بەڵام ئەگەر وەرگرتنی پۆستی حزبی و حکومی ڕەتکەیتەوە و دوای پرۆژە و بەرنامەی سیاسی و مەبدەئ بکەویت، پیاوی خراپیت.

جیاوازی من لەگەڵ برادەرانی گۆڕاندا لە دوو خاڵی سەرەکیدا خۆیدەبینێتەوە.

١-ئێمە چەند ساڵ لە ناو یەکێتیدا دژی تەوریسی سیاسی و گواستنەوەی سەرمایەی مادی و مەعنەوی سەرکردە بوین لە باوکەوە بۆ کوڕ، ھەمان شت لە ناو گۆڕاندا دوبارەکرایەوە، کە خەلکێکی زۆری لە گۆڕان زویر و بێئومێد کرد.

شەخسی خۆم ١٠٠٪‏ دژی بەبنەماڵەکردنی هەموو حزبەکانم بە گۆڕانیشەوە؛ هەروەها دژی تاپۆکردنی گردی زەرگەتە و بینای چاودێری دارایی و کارگەی چیمەنتۆ بووم. بەڵام لەبەر ٥٠ ساڵ ھاوڕێیەتی باوکم و کاک نەوشیروان، بەبێدەنگی وازم لە گۆڕان ھێنا و لە ماڵەوە دانیشتم.

٢-تەسلیمبون بە ئەجێندای پارتی لە پێناوی چەند پۆستێکی بێدەسەڵات و کارتۆنیدا.

لێرەوە ڕایدەگەیم شێوازی کارکردنی من جیاوازە و دوورە لە جوێن و تەشھیر و پەیجی ساختە. من ھەر کاتێک ڕەخنەم لە کەسێک ھەبوبێت بەناوی خۆم و لە پەیجی خۆمەوە بە زمانێکی ئەکادیمی جوان و دوور لە تەشھیر ڕەخنەم لێگرتون.

بەڵێن بە هاونیشتیمانیانی خۆم دەدەم کە هیچ درۆ و بوختانێک ساردمان ناکاتەوە و لە جیاتی کەلتوری تۆڵەکردنەوە و تەشهیر، دوور لە حزب، هەوڵەدەم لەگەڵ هاوڕێکانمدا بەم دوو کارە هەڵستین:

١-جێبەجێکردنی فیدرالیەتی پارێزگاکان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و گەڕانەوەی داهات و دەسەڵات و شکۆ بۆ خەڵک و خاکەکەی.

٢-پەرەدان بە ژێرخانی ئابوری و کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لەم سنورە ستەملێکراوەدا.

لەگەڵ هاورێکانمدا ھەوڵەدەم لەمەودوا پەرە بە کەلتورێکی سیاسی نوێ بدەین کە بریتی بێت لە گفتوگۆی ئەکادیمی و خزمەتی وڵاتەکەمان. واتە دونیابینی و ئاراستەی کاری ئێمە جیاوازە لەوان.

بەیار عومەر عبدوڵا

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام