– نەوشیروان مستەفا باوکى هەژران بوو؟ وەک هەژار ژیا، وەک هەژارێک ڕۆیشت؟.
– دواین پرۆژەی سیاسى نەوشیروان مستەفا”گۆڕان” چی لەژیانی من و تۆ گۆڕی؟.
– نەوشیروان مستەفا چی بۆ خەڵک کرد؟ ئەی لەبەرامبەردا چی بۆ مناڵەکانى کرد؟.
– چۆن لەمە تێبگەین؟ نەوشیروان مستەفا تا لە ژیاندابو باوکی سیاسی بزوتنەوەیەکی گەورەو کاریگەر بو، کارێزمایەکی ئومێد بەخش بو، بۆچی کە مرد تەنها باوکێکی ڕوت و قوتی مناڵەکانی مایەوە ؟.
– نەوشیروان مستەفا سیاسەتی بە ئەخلاقەوە کرد، یان لەپێناو تۆڵەکردنەوەدا دەستی بۆ هەموو حەرامکراوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی برد؟.
– نەوشیروان مستەفا پیاوێکی ڕاستگۆ و مەبدەئی بوو، یان عالەمی بەکارهێنا بۆ دژایەتیکردنی نەیارە شەخسیەکانی و دواتر ڕەنجى هەموانى کردە گیرفانى مناڵەکانییەوە؟.
– نەوشیروان مستەفا باوکی هەژاران و بەرگریکاری چەوساوەکان بوو؟ یان بازرگانێکى سیاسى قسەزان و نمایشکارێکى لێهاتوو بوو؟.
– ئەگەر نەوشیروان مستەفا باوکى هەژاران بوو، کوڕەکەى چۆن توانى خوێندن لە زانکۆى هار ڤارد، یەکێک لەگرانبەهاترین زانکۆکانى جیهان تەواوبکات؟ من غەیرى ئەو کوڕى هەژارێکى تر ناناسم ئەو زانکۆیەى تەواوکردبێت، بەڵام ئەزانم بیلالى کوڕى ئەردۆغانیش ئەو زانکۆیەى تەواوکردووە!.
– بەردەوام لەبەر خۆمانەوە ئەمانوت نەوشیروان مستەفا نەهیچ دەدات بەکەس و نە هیچیشی هەیە بیدات بەکەس، ئەمە وا دەرچو یان هەر بۆ خەڵک هیچى نەبو؟.
– من لە خەڵک ئەپرسم، ئێمە دوای کابرایەکی بێ گیرفانی عەدالەتخواز کەوتین، یان ملیۆنێرێکی کوردایەتی؟، دوای باوکی هەژاران کەوتین یان باوکی کوڕە دەوڵەمەندەکان؟.
– ئێوە تائێستا بیستوتانە کابرایەکى هەژار تەنها لەشارى لەندەن خاوەنى ڤیلایەک و خانویەک بێت؟ لەکوردستانیش لەناوجەرگەى شاردا شاخێک و باڵەخانەیەک و مەعمەلێک و مارکێتێک و خانویەک و چەند شوقەیەک و کۆمپانیایەکى سیاسى و چەند دانەیەکى بازرگانى لەدوا بەجێمێنێت؟. ئەمە ئەوەى ئاشکرایە، کە بێگومان زیاترە.
– ئەى چۆن لەمە بگەین؟ بەدرێژایی پەنجا ساڵ، سەدان هاوڕێی خۆى، هەزاران ڕۆڵەی ئەم میلەتەى بەناوی دژایەتیکردنی بنەماڵەو خێزانی سیاسیەوە بەکوشتدا، پێش مەرگیشى هەموو کەرەستەکانی بە بنەماڵەکردنی حزب بۆ مناڵەکانى بە جێهێشت، تەناتەت هاوڕێ دێرێنەکانی دەیان ساڵەى خەباتیشى کرد بە شاگرد و نۆکەریان!.
– کێ هێندەى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا موستەفید بووە لەگۆڕان؟ لەکاتێکدا نە وەزیربون، نە پەرلەمانتاربون و پلەو پایەکى حزبى و حکومییان نییە، غەیرى ئەوەى کوڕى نەوشیروان مستەفان!.
– ئێمە بێعەقڵ بووین متمانەمان پێکردو بەهەموو هێزو تواناى خۆمانەوە پشتیوانیمانکرد؟ یان ئەو شایەنى ئەومتمانە کوێرانەو بێمەرجەى ئێمە نەبوو؟.
پرسیارەکانم تەواونابن…
– ئەگەر نەوشیروان مستەفا نەیتوانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی بچەسپێنێت و موڵک و ماڵی گشتی بێگێڕێتەوە بۆ خەڵک، خۆ ئەیتوانی نا عەدالەتی نەکاو لەسەر حسابی ڕەش و ڕووت مناڵەکانى نەکات بە ملیۆنێرو موڵک و ماڵی گشتیان لەسەر تاپۆ نەکات.
– ئەگەر نەیتوانی سنورێک بۆ بنەماڵەکردنی حوکم لەکوردستان دابنێ، خۆ ئەیتوانی لاساییان نەکاتەوەو مناڵەکانی نەکات بە کەڵەگا بەسەر ئەو خەڵکە داماوەوە.
– ئەگەر نەیتوانی یەکێتی بکات بە حزبێکی موئەسەساتی، خۆ ئەیتوانی گۆڕان بکات بە موئەسەسات، هەتا مردیش نەیهێشت خانەی ڕاپەڕاندن دروستبێت، چونکە دەیزانی خەڵکی تر دەبنە شەریکى و بڕیاری سیاسی لەگەڵ دابەشدەکەن.
– ئەگەر نەیتوانی ژیانمان بگۆڕێت، خۆ ئەیتوانی ئاوا نائومێدو بێمتمانەو سەرگەردانمان نەکات، حزبێکی درۆزن بەجێنەهێڵێت بەناوی چەسپاندنی دادوەرى کۆمەڵایەتى و خەونی گۆڕانکارییەوە.
– ڕێی تێئەچێت هەمو ئەو ڕوداوانەی دوای مردنى نەوشیروان مستەفا ڕێکەوت بن و خواستى خۆى نەبوبێت؟.
– تۆ بلێى پیاوێکى دنیادیدەى وەک نەوشیروان مستەفا ئەو پەندە هۆڵندییەى نەبیستبێت، کە دەڵێت، پارە لاى کێبوو دەسەڵاتیش لاى ئەوە؟. ئەمەش بەومەعنایەى تاپۆکردنى گردەکەو موڵک و ماڵى گۆڕان ئۆتۆماتیکى یەکسانە بە تاپۆکردنى حزبەکەش لەسەر کوڕەکانى. – کێ گۆڕا؟ ئێمە لە ڕێبازی گۆڕانکاری لاماندا، یان نەوشیروان مستەفا خەڵک و گۆڕانی کرد بە پردی پەڕینەوەی خواست و پلانەکانی؟.
– ئێمە بوینە بازرگان و شاگردى پارتى، یان کوڕە توجارەکانی و هاوڕێ قەدیم و تازەکانی بەناوى پاراستنى پرۆژە سیاسییەکەیییەوە، بونە جاسوس و بارزگان و خاوەن کۆمپانیا؟.
– گۆڕان گۆمی مەنگی سیاسەتی شڵەقاند یان هیچ مانایەکی بۆ سیاسەت و ئەخلاقی سیاسی نەهێشتەوە؟.
– گۆڕان پرۆژەیەکی سیاسی گشتگیر بو بۆ گۆڕینی ژیانی کۆمەڵگایەک یان پرۆژەیەکی تاکە کەسی نەوشیروان مستەفا بو بۆ قوتارکردنی خۆی لەو تاککەوتن و ئەو پەراوێزخستنەی لەناو یەکێتی دوچاری بوو، بەتایبەت لە دوای شکستی باڵی ڕیفۆرم؟.
– گۆڕان حزبێکی جیاواز بو لەیەکێتی و پارتی وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا بانگەشەی دەکرد، یان یەکێتی و پارتی جیاوازبون لە گۆڕان؟ پارتی نەیشاردۆتەوە کە حزبێکی بنەماڵەییەو لەسەر ئەو بنەمایەش دامەزراوە، یەکێتیش دواى ساڵانێک لەنەخۆشکەوتن ومردنى تاڵەبانى کۆمەڵێک خێزان دەستیانگرت بەسەریدا، بەڵام ئەو ڕۆژەی نەوشیروان مستەفا مرد بۆ ڕۆژی دواتر هەموو بڕیارەکان گوازرانەوە بۆ کوڕەکانى!.
چەند سەرەقەڵەمێکى پێویست:
قسەیەکم ئەوەیە، بۆچی سەدان هەزار کەس خۆبەخشانە و خۆرسکانە بە نان پیازی خۆیان، دوای نەوشیروان مستەفا کەوتن، بۆ نمونە دوای مەحمود سەنگاوی نەکەوتن؟ خۆ هەردوکیان خاوەنی شەرعیەتی شۆرشگێڕی بون، هەردوکیشیان بە ڕێژەی جیاواز نەخشی خۆیان هەبووەو ناونیشانیشیان بە کۆمەڵێک دۆسیەدا هەڵواسراوە، هۆکارەکە تەنها ئەوە بو نەشیروان مستەفا لەسەنگاوی خوێنەواتر بو و زیرەکانە بەکاریهێنا بۆ تەکاندنی تۆزی ڕابردو لە خۆی؟ یان دەستپاکی و تێوەنەگلانیشى بو لەدزی و ڕاو و ڕوت ؟ .
جا ئەگەر قسە لەسەر ئەم پێوەرەبێت، پیاو بەویژدانەوە بڵێت ئەوەی لە دوای نەوشیراون مستەفا بەجێماوە بەراورد دەکرێت بەوەی مەحمود سەنگاوی کۆیکردۆتەوە؟ ئێ خۆ هیچیان ڕۆژێک لە ڕۆژان کرێکارییان نەکردوە، یەعنی سەرچاوەی داراییان وەک یەک لێڵە، هەر بە مەنتیقی ئەو عەدالەتەیش بێت کە نەوشیروان مستەفا خۆی داوای دەکرد، بۆ دەبێت یەکێکیان وەک فریشتە بمرێت و لەدەرگا گەورەکانی مێژووە بڕواتە ژورەوە، ئەوەی دووەمیشیان وەک ئەهریمەنێکی ناشرین لەم دونیا بەر نەفرەت و لەکۆتایشدا شوێنی زبڵدانی مێژو بێت؟.
قسەیەکى ترم ئەوەیە، کاتێک گردەکە تاپۆکرا، هەندێک لەگۆڕانەکان دیعایەى ئەوەیان ئەکرد گوایە نەوشیروان مستەفا سیقەی بەهاوڕێکانی نەکردوە و ترساوە گردەکە پارچە پارچە بکەن بۆیە لەسەر گۆڕان تاپۆی نەکردوەو، دواتر وەک وەرسە بۆ مناڵەکانی ماوەتەوە. ئینجا هەموو بنەماڵە دەسەڵاتدارو دیکتاتۆرو ناشرینەکانى دونیاش لەبەر ئەوە دەسەڵات ڕادەستی کەسێکی غەیرە ناکەن چونکە سیقەیان بەکەس نییە جگە لەمناڵەکانی خۆیان نەبێت، پاشان توخوا عەیب نییە کابرایەک ٥٠ ساڵ پێشمەرگە بیت لەگەڵی و سیقەت پێنەکات و مناڵەکانی خۆی بکات بەساحێب ماڵ و ئەو عالەمەش بکات بە کرێچی؟.
قسەیەکى ترم ئەوەیە، نەوشیروان مستەفا ئەو گردەی بەناوی دروستکردنی پرۆژەی ڕۆشنبیری و سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجییەوە وەرگرت، دواتر پرۆژەکە بوو بە میدیاو پاشان هێزی سیاسی، ئەمەش بەو واتایەی ئەو گردە بۆ پرۆژەیەک وەرگیراوە کە لە بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوە، ئێستا پێمان دەڵێن گردە پێش دروستبونی گۆڕان لەسەر کاک نەوشیروان تاپۆ کراوە بە ناوی کۆمپانیای وشەوە، ئەی باشە حەق نەبو نەوشیروان مستەفا کاتێک گۆڕانی ڕاگەیاند، پێشئەوەی بانگەشەی گێڕانەوەی موڵک و ماڵی گشتی بکات بەخەڵکی کوردستان بڵێت ئەم موڵکە گشتیەم لەسەر خۆم تاپۆ کردوەو دوای خۆشم مناڵەکانم دەبنە خاوەنی؟. هەم بۆ ئەو ڕاستگۆیانەتر بو، خەڵکیش ئەوکات قسەیەکى ترى ئەکرد. بەلاى کەمەوە پێمانئەوت جا کەواتە جیاوازى تۆ و ئەوان چییە؟ داگیرکردنى گردى زەرگەتە، چى جیاوازییەکى هەیە لەگەڵ داگیرکردنى سەرى ڕەش و دەباشان؟.


ئارام ئەحمەد20/5/202

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام