لەئێستادا مۆدێلی بەرێوەبردن و سیاسی لە هەرێمی كوردستان سێستەمێكی ستونییە ،واتە دەسەڵاتەكان لەسەرەوە بۆ خوارەوە درێژ ئەكرێنەوە كە ئەمەش هۆكاری دەسەڵاتێكی خۆسەپێنی بوە بۆسەر چین و توێژەكانی پارێزگاكان و ناوچە جیاوازەكان و مۆدێلێكە نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی تەواوی خواستەكانی كۆمەڵگا بێت  و كۆمەڵگایەكی شەفاف و چالاك بنیاد بنێت و ڕێگا لە قۆرغكردنی دەسەڵات و بڕیارەكان بگرێت لەدەست كەسانێك كە مەركەزی دەسەڵاتیان دورە لە خواست و داواكارییەكانی هاوڵاتیانەوە ،ئەمەش بارودۆخێكی ناهەمواری خوڵقاندوەو بۆتەهۆكاری وونبونی ماف و ئیمتیازاتی پارێزگاكان و بەدوایدا هاوڵاتیانیشی  .

ئێستا كە پرسی لامەركەزییەت هاتۆتە ناوان هەندێك تێڕوانینیان یاخود بەرژەوەندییەكانیان وا ئەخوازێت كە  لامەركەزییەت هۆكاری  نەهێشتنی سەربەخۆیی سیاسی ونەتەوەیی وئابوری هەرێم ئەبێت  ،ئەم تێروانینە هیچ بەلایەوە گرنگە نییە كە ئایا لەنەبونی لامەركەزییەتدا هەمو پێداویستییەكانی سیستەمێكی دیموكراسی بۆ كۆی پارێزگاكان وەك یەك جێبەجی و دابینكراوە یاخود نا تێڕوانینی دوەمیش پێچەوانەی تێڕوانینی ئەو لایەنە سیاسیانەیە كە پێی وایە بونی لامەركەزییەت واتە بون بەخاوەنی سیستەمێكی ئاسۆیی لەبەرێوەبردنی سیاسەت و حكومڕانییدا كە تیایدا پێكەوە ژیانی یەكسانی هەموان دابین ئەكات و ڕێگا لەقۆرغكردنی دەسەڵاتی مەركەز ئەگرێت  ،لەم سیستەمەدا ئیش و كارەكانی پارێزگاكان چالاك و ئاسانتر ئەكرێن بەشێوەیەك كە هاوڵاتی كارەكانی  ئاسانتر و زوتر بۆ بێتە پێشەوە .

لەلایەك دروستبونی دیكتاتۆرییەتی حكوم و گەڕانەوە بۆ هەمو بڕیارێك بۆ سەنتەری دەسەڵات و تاكڕەوێتی ،ئەم سیستەمی حكومڕانییەی هێناوەتە بون كە  
شكستی بە دیموكراسی و بنیادنانی ئۆتۆكراسی كردوە بەبەری دەسەڵاتدا ،بۆیەئەگەر لە ژمارەو داتاكانی پارێزگاكان و بەتایبەت هەردو زۆنی دەسەڵات بڕوانین ئەبینین  چۆن جیاوازەكان چۆن و چەندین پرسیار ئاراستەی ئەم دەسەڵاتە ئەكەن لەلایەن هەر تاكێكەوە كەئەگەر بەدواداچونی بۆ بكات ،ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆی بەرهەمی ناوخۆی هەندێ لەو پارێزگا و ئیدارانە زۆر زیاتر بێت لەو پارێزگایەی كە حسابێكی باشترو تایبەتتری بۆ كرابێت .

ئەوەی لەمەترسییەك زیاتر لێی ئەبینرێت سیاسەتی سەركردایەتی تازەی یەكێتی دوای كۆنگرە و بزوتنەوەی گۆڕانە كە پرسی لامەركەزییەت لایان تەنها كارتێكی دیكەی فشاریان بێت بۆ پارتی بۆ بەدەستهێنانی بەشێكی گەورەتر لەدەسەڵات و بەرژەوەندی كەسی و حیزبیان كە دورنییە هەرلەسەرەتاوە توانای بردنەوەو پشتگیری لامەركەزییەت  بۆ چەسپاندنی پەك نەخات ،بۆیە ئەوەی گرنگە ئیرادەو بڕوای بەهێزی هاوڵاتیانە كە ببنە هێزی خۆنۆژەنكردنەوەی لامەركەزییەت و مافەكانی خۆیان و سەرلێشێواویەكیش بۆ ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی كە دوبارە بیانەوێت یاری بە چارەنوس و مافەكانیانەوە ئەكەن لەرێگەی بڕگەومافەپێداوەكانیانەوە لە دەستوری عێراقدا  .

ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروستانە لە لامەركەزییەت بڕوانرێت و كاری پێ بكرێت كە یەكێكە لەجەوهەرترین سیستەمەكان بۆ حكومڕانی  ئەوا ئەركی حكومەت ئاسانتر و ڕاییتر ئەبێت لە پاراستنی  ژیانی هاوڵاتیان و تەرخانكردنی كات و وزەیەكی زیاتر لە تیۆرەو پراكتیزەكردنی دەسەڵاتەكاندا ئەمەو جگە لەتوانای وەڵامدانەوەی هەر رەخنەیەكیش كە ئاراستەی ئەكرێت ،بۆیە پێویستە لامەركەزییەت پرۆسەیەكی سیاسی و دارایی و كارگێڕی لەنێو فەرهەنگی حیزب و سیستەمی حكومڕانی هەرێمدا بچەسپێنێت و دەسەڵاتەكان بەشێوەیەكی ئاسۆیی دابەش بكات و ببێتە هێزی خۆنۆژەنكردنەوەی بەرژەوەندییەكانی هاوڵاتیانی هەرپارێزگایەك .

کەمال محەمەد

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام