من: دڵنیانیم لەبەکارهێنانی ‘سمێڵ با بڕ’، لای ئەبەم. با لایببەم، نازانم بۆ ئەو رۆژە وام نوسی؟.

دڵشاد مەریوانی: نە لایمبە. من خۆم پیاوم و جار وبار سمێڵ دائەنێم، ئەزانم ئیزعاجە. پێشمەرگەکانیش بەو ئیزعاجییە ئاشنان، ئەو وشەیەیەیان پێ خۆش دەبێت بیخوێننەوە، بە تایبەتی ئەگەر ژنێک بە تەعلیق نوسیبێتی.

ماوەیەکی باش من خەریکی کورتکرنەوەی نوسینەکەم ‘مانیفێستی ژن لە سیاسەتی کوردی دا’ بووم لە سلەیمانی، ئەوە یەکەم نوسینم بوو بە شێوازی ووتاریی و مانیفێستی لەسەر پرسی ژن. پێشتر جار بە جار شیعرم دەنوسی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بەڵام زیاتر بە کوردی، ئەو شیعرانە تەنها لە ماڵەوە بۆ خۆمان و لەناو هاوڕێیانی ڕێکخستن و پێشمەرگە دەخوێنرایەوە. زۆر زوو وازم لە نوسینی شیعر هێنا و هەموو گرنگیەکەم دا بوو بە تێۆرییەکانی فەلسەفەی سیاسی و بیرکردنەوە و دیبەیتە سیاسیەکان و جارێکیتر نەچوومەوە سەر نوسینی شیعر.

پێم وایە کورتکردنەوەی مانیفێستی ژن زیاتر لە کاتی نوسینەکەی برد. کاک/شەهید دڵشاد مەریوانی کە خوێندیەوە زۆری پێخۆش بوو، زۆریش هانیدام و یارمەتیدام بۆ رێنمایی کردن لە کورتکردنەوەی سەرو چل پەڕە نوسراوەکەم بێ ئەوەی خاڵە سەرەکیەکانی بقرتێت. ‘مانیفیستی ژن لە سیاسەتی کوردی دا ‘ سەرەتا زیاتر لە(٤٠) پەڕە بوو، کورتم کردەوە بۆ بیست پەڕە بۆ ئەوەی لە شاخ نەڵێن زۆر دوورودرێژە و بڵاوی بکەنەوە لە نامیلکەکەیدا. لە ساڵی ١٩٨١ دا نوسیم و ناردم بۆشاخ بۆ بڵاوکردنەوە. بەڵام وەکو پێشتر لە وتاری ‘ لە داوێنی پرسی یەکسانی جێندەری’ دا ئاماژەم پێکردوە، ڕایانگرت و بڵاویان نەکردەوە. ئەوە یەکەم نوسینی درێژ و گرنگ بوو بینوسم، سەرەتا هێندە زۆر بوو پەڕەکانی دەگونجا و دەکرا کتێبێک بوایە، دواتریش پاش کورتکردنەوەکەی بۆ بیست پەڕە، دەکرا وەکو نامیلکەیەک بڵاوبکرایەتەوە.

گەرچی زۆر کورتمان کردەوە بۆ گونجاندنی بۆ بڵاوکردنەوەی لە شاخ، بەڵام لەبەرچەندین هۆ کە یەکێکیان لەبەر ئەوە بوو کەموکوڕیەکانی دەردەخست لە مانیفێستی/بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی کوردی بە گشتی سەبارەت بە پرسی جێندەریی، پێم وایە و ئەگەری هەیە یەکێک لە هۆکانی ڕاگرتن و بڵاونەکردنەوەی لەبەر ئەوەش بوبێت کە تێرمی ‘مانیفێست’ م لە تایتڵەکەیدا بەکار هێنابوو، ئەوکات ‘مانیفێست’ تەنها بۆ نامیلکەی فەرمی حیزبی و سیاسی بەکاردەهێنرا. بەهەرحاڵ گرنگ ئەوەیە کە ڕایانگرتبوو و بڵاویان نەکردەوە.
ئەوکاتەی کە خۆم چووم لە ١٩٨٢دا لە کۆنفرانسی کۆمەڵە نوسینەکەم جوڵاند. ناوی ‘کۆنفرانس’ بوو بەڵام، هیچ کۆنگرەیەکمان پێشتر نەکردبوو، گەرچی کۆنفرانسەکان ناویان کۆنفرانس بوو، بەڵام بە ڕیالیتی ‘کۆنگرە’ بوون، کۆنگرەی سەرکردەکان و ئەوانەمان بوو کە ڕێگە پێدراو بوین بۆ خۆ هەڵبژاردن بۆ سەرکردایەتی کردنی بزوتنەوەکە. لەوێ بە یارمەتی کاک نەوشیروان مستەفا خوێندمەوە و خستمە دیبەیتەوە لەناو سەرکردایەتی سیاسی کوردیدا.

ڕاستیەکەی، من ئەوسا نەمدەزانی مانای ‘مانیفێست’ واتە ‘دەرخستن’ یا دەرخستنی مەسەلەیەک یا ناوەرۆکێک، ئێستا دەزانم کە ‘مانیفێست’ لە زمانی ئینگلیزییەوە هاتوە و مانای دەرخستن دەگرێتەوە. پێم وایە نەک هەر من، بەڵکوو هەموومان ‘مانیفێست’مان بە مانای ‘بەرنامەی سیاسی’ بەکاردەهێنا، ئەوکات منیش هەر وەکو هەموو بە مانای ‘بەرنامە’ بەکارم هێنابوو، بەڵام بە مانای بەرنامەی سیاسی لە پرسی جێندەردا. کە کات هاتە سەر ناردنی لە ١٩٨١ دا، ئیتر ‘مانیفیستی ژن لە سیاسەتی کوردیدا’ زۆر کورت ببۆوە و تەنها بیست پەڕە بوو، وەک وتارێکی درێژ بوو و گونجاو بوو بۆ بڵاوکردنەوەی وەکو نامیلکە. بە مەبەست بە شێوازی نوسینی ‘مانیفێستی حیزبی’ م نەنوسیبوو کە بریتی بێت لە پێشەکی وچەند مادە و بڕگەیەک، چونکە مانیفێستی حیزبێک نەبوو. مەبەستم ئەوە بوو تایبەت بێت وتەنها یەک بڕگە لەخۆی بگرێت کە پرسی ژن/جێندەری بوو لەناو سیاسەتدا، واتە ئیزافەیەک بێت لە ڕوونکردنەوە و دەستنیشانکردنی ئەوەی پێویست بوو بکرێت و بکرێت بە پاشکۆیەک بۆ ئەو مانیفێستەی کە هەمانبوو.

جیاواز لە شێوازی نامیلکەی مانیفێستی حیزبی، ئەمەی من ناوەرۆکەکەی بریتی بوو لە تێڕوانینێک بۆ ئازادی و مافەکانی ژن بە گشتی لە سەر بنەمای پرنسیپەکانی فەلسەفەی سیاسی کە ئەوکات هەموو لە سیاسەتدا دەمانخوێندنەوە. هەروەهاش سەرنجێک بوو لەوەی کە دابین نەکرابوو وە باسنەکرابوو بۆ ژن لە بەرنامە و ئیشکردنی حیزبە سیاسیەکانی کوردی باشوردا. دەستنیشانکردن و باسکردن و پڕکردنەوەی کەموکوڕیەکان بوو سەبارەت بە پرسی جێندەر لە کوردستان دا بە گشتی و بەتایبەتیش لە بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی سیاسی کوردیدا لە کوردستان. ئەڵبەت تێرمی ‘جێندەر’م بەکارنەهێنا بوو و ئەوسا ئاشنا نەبووم پێی، بەڵکوو لەبری ئەوە تێرمی ‘پرسی ژن’ م بەکار هێنابوو.

ئەو نوسینەم بەگشتی، کەموکوڕیەکان و مافەکانی ژن وەک ئەوەی پێویست بوو تاووتوێ دەکرد و بەراورد دەکرد، بە مەبەستی باشکردنی ژیانی مێینەی کورد لەسەرزەمینی ڕیالیتی ژیانکردنی ڕەگەزی مێینە لە کوردستاندا، چاک لەبیرمە ووردەکاری ئەزموونی نادادپەروەری بەرامبەر ڕەگەزی مێینەی تیا بوو هەر لە قۆناغی مناڵیەوە هەتا قوتابخانە وگەورەبوونی و گەنجیەتی وپاشان هاتبوومە سەر باسکردنی کێشە و بێ بەرنامەیی بۆ بەشداری سیاسی ژن. چونکە خۆم سیاسیکاربووم، نەچووبوم بەلای کێشەی جێندەریی لە پیشەکانیتردا ، بەڵکوو سەرنجم بەتایبەت لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردنی ژنی کورد بوو لە بواری سیاسەت دا. سەرەنجامەکەشی هەوڵێکی زۆر دڵسۆزانە بوو بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕیەکان و ڕێنمایی کردن بوو سەبارەت بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە پێویست بوو نەبێت لە پرسی جێندەریدا لە ناو بزوتنەوەی سیاسی کورد دا. داواکارییەکەی بریتی بوون لە پلان و بەرنامەیەک کە بە ڕای من پێویست و گرنگ بوو و دەبوایە بکرێت بە بەشێک لە بەرنامەی سیاسی و ئیشکردنی سیاسی بزوتنەوەی کوردیدا لەو کاتانەدا.

پاش خوێندنەوەی لە کۆنفرانسەکەدا، لەبیرمە هەندێک لە پێشمەرگە تێگەیشتوە بەشداربوەکانی کۆنفرانس لەدەرەوەی کۆنفرانسەکەشدا دیبەیتی زۆریان لەسەر کرد و هەندێک لەو دیبەیتەش لەگەڵ مندا بوو، هەندێکیان بەبێ من بوون، دواتر بۆیان دەگێڕامەوە. ئەوەی کە هەتا ماوەی ساڵێکیش مایەوە و دەماو دەمی دەکرد لەناو پێشمەرگەکاندا تێرمی ‘سمێڵ بابڕ’ بوو، ئەو ‘سمێڵ با بڕ’ەیان یان لەبیر نەدەچۆوە کە من لە پەرەگرافێکی وتارە مانیفێستەکەدا نوسیبوم و خوێندمەوە، ئەو پەرەگرافەم بۆ بەراوورد کردنی ئازادیەکانی پیاو و ژن بوو لە کۆمەڵگەدا بە گشتی. ‘سمێڵ با بڕ’ تەنها مانای ‘سمێڵێکی پڕ’ دەگرێتەوە و هیچیتر، کاک دڵشاد مەریوانی نەیهێشت لە کورتکردنەوەکەدا لایبەم و بۆ سەرنج ڕاکێشانیان هێشتمانەوە.
تا ساڵێکیش دوای ئەوە پێشمەرگەکان هەر یەکترییان پێ بانگ دەکرد، بەتایبەتی کە دەیانویست سەربکەنە سەر یەکێک لە پێشمەرگە پیاوەکانی هاوڕێیان بۆ خۆشیی بانگیان دەکرد ‘ئا وەرە، سمێڵ با بڕ’.

وێنەکە هی ئەوکاتەیە کە دەچووم بۆ کۆنفرانسەکە لە ١٩٨٢ دا و لەوێ ‘مانیفێستی ژن لە سیاسەتی کوردی دا’م خوێندەوە. کراسێکی کوردی خاکی و شاڵێکی خوری خاکیم بەسەرشانەوە بوو، ئەو پۆشینەم نزیک لە بەرگی ‘یەکپۆشیی’ خاکیانەی پێشمەرگایەتیم بوو لە شاخ، بەڵام شەرواڵەکەی باوکم نەپۆشی ئەو جارە، لەبەر ئەوەی دەمویست زۆربەی رێگەکە بە ئۆتۆمبیل بگەم. چونکە لە جاری یەکەممدا بۆ شاخ ماندوویەتی زۆرم بینی و ڕێگاکەم ناخۆش بوو. ئەمجارەیان لە قەڵادزێ وە ڕێمان گرتەبەر و دوای قەڵادزێش هەتا چەند گوندێکمان تێپەڕاند هەر بە جییب (جێب) ڕۆیشتین، دوای مانەوەی شەوێک لە دێیەکدا خاوەن ماڵەکە وەک بەڵەد و وەک وڵاخدار هەموو رێگەکە هات لەگەڵمان بۆ کۆنفرانسەکە. 

ساماڵ مانیی

تایبەتمەندییەکان: ژنان

زیادکردنی وەڵام