لەپاش سەردەمی ڕۆشنگەری و شۆڕشە پێشکەوتنخوازەکانەوە، پاش ئەوەی کۆمەڵێک دروشمی وەک ئازادی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ زەقکرانەوە و مافگەلێکی سەرەتایی وەک مافی خوێندن و دەنگدان و ڕادەربڕین وردە-وردە جێ‌کەوتن و مرۆڤایەتی کەمێک خۆی لە تەپ‌وتۆزی کۆنەپارێزی پاک‌کردەوە، زانین و هوشیاری لەوە دەرچوو بەتەنها مافی کەمینەیەک بێت و بوو بە مافێکی گشتی، بەرئەنجامی ئەمەش شتێک دروست‌بوو بە ناوی “ڕای گشتی”. ڕەنگە سادەترین پێناسەی ڕای گشتی ئەوە بێت کە کۆسەرنجی تاکەکانی کۆمەڵگایە لەسەر پرس و ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان. ڕای گشتی دەتوانێت هەڵوێست لەسەر پرسێک وەربگرێت و بە دروستکردنی فشار لەسەر لایەنی پەیوەندیدار بەو پرسە ئاقاری ئاکامەکانی پرسەکە بگۆڕێت. هەندێك جار ڕای گشتی توانیویەتی دەستکاریی داب‌ونەریتی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی دەوڵەت بکات و لە چوارچێوەی چاکسازیدا دۆخی کۆمەڵگا تەکانێک بەرەو پێش ببات. بەڵام ئەمە سروشتێکی جێگیر و هەمیشەیی ڕای گشتی نییە، بەپێچەوانەوە ڕای گشتی زۆر جار بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی هەندێک پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بۆ بەدیهێنانی هەندێک مەرام ئاڕاستەکراوە. ڕەنگە بەردەستترین نموونەی ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی؛ سەروەختی دەنگدان بێت، کاتێک هەر لایەنێک بۆ مەرامی خۆی لە ڕێی سەرچاوەکانی گەیاندنی زانیاری و بەخشینی زانینەوە (وەک میدیا) گوتاری خۆی بەرەو کۆمەڵگا شۆڕدەکاتەوە. سەرچاوەی دروستبوونی ڕای گشتی هۆشیارییە، ئەی چی ڕوودەدات ئەگەر ئەو هۆشیارییەی بە کۆمەڵگا دەگات هۆشیارییەکی ساختە بێت؟ ئەمڕۆ میدیا و سۆشیاڵ میدیا بوونەتە دوو سەرچاوەی گەورەی بەخشینی زانیاری و پەیوەندیگرتن کە دەسەڵات هەندێک جار لە ڕێگەیانەوە بە بەخشینەوەی هۆشیارییەکی ساختە و درۆزنانە بە نەرمی ژەهری خۆی بەنێو کۆمەڵگادا دەڕێژێت و ڕای گشتیی پێ ئاڕاستە دەکات.

 
ئەمڕۆ لە کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی هاوشێوە دەبینەوە: دەسەڵاتی کوردی لە ڕێی میدیاکانی خۆیەوە، لەسەر ئەو پرسانەی خۆی مەبەستیەتی زەقیان بکاتەوە، ڕای گشتی بۆ مەرامی خۆی ئاڕاستە دەکات. نزیکترین نموونە؛ دوو ڕووداوی دەستدرێژیی سێکسی بوو بۆ سەر دوو مێیینەی بێ‌دەسەڵات: یەکیان کچە منداڵەکەی هەولێر بوو کە لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە دەستدرێژیی کرابووە سەر، ئەوی دیکەیان ژنە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی پردێ بوو کە لە لایەن چەند پیاوێکی غەیرە کوردەوە دەستدرێژیی کرابووە سەر. یەکەمیان لە پایتەختی دەسەڵاتی کوردیدا ڕووی‌دا و لەسەر دەستی پیاوانی دەسەڵات بوو، دەستدرێژییەکی هەروا سادەش نەبوو، دەستدرێژیی بوو بۆ سەر منداڵێک! بەڵام میدیاکانی دەسەڵات و زمان‌حاڵەکانی پارتی نەک تەنها باسیان نەکرد بەڵکو بە ڕێگای زەقکردنەوەی بابەتی تر ئەو کارەساتەیان شاردەوە. دووەمیان لە پردێ و لەسەر دەستی کۆمەڵێک پیاوی دڕندەی تر ڕووی‌دا، لەو ناوچەی کە دەسەڵاتی کوردی هاودەم لەگەڵ چەندین ناوچەی سنووریی دیکەدا بە یەک واژوو چۆڵی کردن و ژیان و کەرامەتی خەڵکەکەی خستە مەترسیی گەورەوە، کەچی ئێستا بۆ وەها ڕووداوێکی کارەساتبار شیوەنی درۆزنانەی بۆ دەکات و لە ڕێی میدیاکانیەوە بۆ مەرامی سیاسیی خۆی زەقی‌دەکاتەوە و ڕای گشتیی پێ ئاڕاستە دەکات.

 
هەردوو ڕووداوەکە ڕووداوی کارەساتبار و ناخ‌هەژێنن، کەچی دەسەڵات دووڕووانە یەکەمیان کە لە سنووری قەڵەمڕەویی خۆیدایە و لەسەر دەستی پیاوانی خۆی ئەنجام‌دراوە دەشارێتەوە و پەردەپۆش‌دەکات، لە کاتێکدا دووەمیان کە لە سنووری قەڵەمڕەویی خاکە فرۆشراوەکانیدایە زەق‌دەکاتەوە و ڕای گشتیی پێ دەورووژێنێت.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو؛ دووبارەبوونەوەی هەمان زیهنیەتی بە‌شەرەف‌بینینی ژن بوو لە لایەن مەسعوود بارزانیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کاتێک دەربارەی دەستدرێژییەکەی پردێ وتی: “ئەم دەستدرێژییە شکاندنی کەرامەتی هەموو کوردە”. هەوڵی بە‌سیاسیکردنی ئەم دەستدرێژییە لە لایەن پارتییەوە لە کاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە توندوتیژییەکان بەردەوامییان هەیە و بە شێوازی جیاواز لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە بێڕێزی بە مرۆڤ و بەتایبەتتر بە ژنان دەکرێت، کەم ڕۆژ هەیە کارەساتی لەو جۆرە ڕوونەدەن، بەڵام لەپشت پەردە دەمێننەوە و چاوپۆشییان لێ‌دەکرێت.

 
لەبەر ڕۆشنایی کۆی بابەتەکەدا، بەتایبەت دێینە سەر باسی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان، گەر لەم زەمەنەی ئێستای هەرێم بڕوانین؛ ڕاستیی داروخانی گەلێک و کۆمەڵگایەک لە خێزانەکانەوە بۆ دام‌ودەزگاکان و ڕێکخستنی گشتیی ئەم کۆمەڵگایە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە دەبینین. زیاتر بە دەروونی مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایانەدا شۆڕبینەوە؛ بۆمان دەردەکەوێت کە بەردەوام مرۆڤێکی دەروون شێواو و نەخۆشی “شەرەف” بەرهەم دێت، مرۆڤێک کە ئەقڵی بڕیاردانی تێدا ئامادە نییە و تەنها خاوەنی ئەقڵێکی ئامێرییە و بە پێی خواستی دەوروبەر و گرووپ و کۆمەڵگا ڕەفتار دەکات. مرۆڤێک هەمیشە بە پێی خواستی ئەندامانی کۆمەڵگا کاردانەوەی دەبێت، کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەی دژە ژن. ئەم جۆرە زیهنیەتە لە باشووری کوردستاندا لە سیاسەتدا ڕەنگی داوەتەوە و کۆمەڵگای پێ بەڕێوەدەبرێت.

 
زیندووترین نموونە لە کۆمەڵگای کوردیدا، کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە؛ کوشتنی ژنان و کچان و بەکارهێنانی توندوتیژییە بەرامبەریان بە هۆکاری لادان لەو ئەقڵیەت و سنوورە دینی و کولتووریانەی کە لە لایەن ئەندامەکانییەوە جۆرە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی لەسەر مۆرکراوە. لادان لەو سنوورانە؛ دانانی نیشانەی پرسیارە لەسەر شەرەفی ئەندامانی پەیوەندیدار بە کارەکتەری مێینەوە. بۆیە لە بنەڕەتەوە کاتێک ژنێک دەکوژرێت یاخود لێی دەدرێت؛ کەمتر پەیوەندیی بە ناوەوەی بونیادی کەسی ئەنجامدەرەوە هەیە، بەڵکو پەیوەندیی بە ڕازیکردنی مرۆڤەکانی دەوروبەرەوە هەیە، بە ئامانجی پاراستی ئەو شەرەفەیە کە لە لایەن کۆمەڵگاوە پێی بەخشراوە.

 
ئێستەش وا قۆناغێکی تری مێژووی ئەم “شەرەفداری” و “نەخۆشیی شەرەف”ـە دەنووسرێتەوە، کە سیاسەتی حیزبی لە عەقڵی خێڵەوە چەمکی شەرەف دەخوازێت و بۆ ململانێ و کێشمەكێشەکانی خۆی و ساختەکردنی هۆشیاریی جەماوەر و ئاڕاستەکردنی بەپێی نەخشەی دانراو بەکاری‌دەهێنێت. ئیتر دیسان ژن شەرەفی خێڵە، لەسەر ئاستێکی نەتەوەیی، ئەمەش ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی “زۆن”ێک دەیکات، تەنها بۆ بەڕێوەبردنی کێشمەکێشی نا-مۆڕاڵیی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی زۆنێکی تر، و بۆ زەق‌کردنەوەی کێشە و ناسۆرەکانی ئەو زۆنە، و شاردنەوەی ئەوانەی زۆنی خۆی.


هاوژین زیبا

تایبەتمەندییەکان: ژنان

زیادکردنی وەڵام