یەکێک لە خاڵە بناغەییەکانی بەینی مرۆڤ متمانەیە،چەندە ئەم متمانەیە بەدەستی ڕاوچی ڕق وقین بپێکرێ وبکوژرێت ھێندە کارەساتە،کە متمانە نەما مرۆ لە سێبەرەکەی خۆیشی سڵ ئەکاتەوە چ جای بگات بەوەی بتوانێت دەردە دڵاکانی خۆی،کێشەکانی خۆی لای دڵسۆزترین کەس باس بکات، ئەگەر متمانە شکا واتە ڕۆحی مرۆڤ ئەشکێ لە پەیوەندیە تایبەت، کۆمەڵایەتیەکان، ئابوریەکاندا.

ئەوەی ئەمەوێ لێرەدا باسی بکەم متمانەی سیاسییە،ڕۆژگارێک کۆمەڵێ خەڵک لە دەوری پلاتفۆرمێک، چوارچێوەیەک، بەرنامەیەک کۆبونەتەوە، تا ئەوپەری متمانەیان بەیەکترە، کاتێک جیاوازیەکان، خلیسکانی لایەک، ئەبێتە هۆکارو لەیەکتر جودا ئەبنەوە، ئەکەونە وێزەی یەکترو پەلاماری یەکتر ئەدەن، ئەگەر ئەو متمانەی رابردویان کوشت کەبەیەکەوە بوون، ئەگەر بۆچونەکان، قسەوباسەکان، ھەواڵەکان وھتد باسکراو درایەوە بە ڕووی یەکتردا، بۆ شکاندن یان تا بیسەلمێنن کامیان لەسەر هەقە، ئیتر متمانەی ڕابردوو ئەکوژرێت وھی ئایندەیش.

دەساڵ پشتیوانی گۆرانم کرد لەگەڵ زۆربەیان ژێر بەژێر پەیوەندیم ھەبووە،ھەواڵیان داومەتێ،باسی یەکتریان کردوە، لەهەڵبژاردنەکاندا تا سنوری شکاندنی ئێسکی یەکتریش ڕۆیشتوون، ھەموویم لەبەردەستە، بەڵام ھیچ کاتێک سەرەرای ئەو ھەموو سوکایەتیەی پێمکرا دەستم بۆ یەکێک لەو چەکانە نەبرد، چونکە بەراستی ئەبووە نامەردی وچاندنی تۆوی بێمتمانەیی.

“ھوشیارعبدوڵا” بەرێوەبەری کەی ئێن ئێن بوو تا گێمی یەکەمی ئەندام پەرلەمانی ودواتریش، سەدان نامەی دەنگی ونوسین وھەواڵ و زۆر شتیتر لەبەینماندا ھەبوەو بۆی ناردووم، سەرەرای ئەو ھەموو سوکایەتیەی پێیکردم، پەیج و پەیجەوانی بەکرێ گرت، دیسان شەرمم کرد بیرلە بلاوکردنەوەی یەک وشەی بکەمەوە یان باسی بکەم، خۆ ئەگەر سبەی ھەزار جوێنی ئەخلاقی بە شەرەف وئابرویشم بدات دیسان ئامادە نابم دەست بۆ ئەو چەکە ببەم، ئەمەیش تەنها لەبەر حورمەتی ئەو شتەی پێی ئەلێن “متمانە”، هەتا متمانە نەمرێت.

ھوشیارم بۆیە بە نموونە ھێنایەوە چونکە لە ھەمویان زیاتر پەیوەندیمان ھەبووە، متمانەمان بەیەکتر ھەبووە، ئەو دەنگ و نامانە ھی سەردەمێک بووە کە بە ھیواوە روانیومانە بۆگۆرانکاری، ئێستا کە جوداین و وشەیە لەمانە بلاو بێتەوە ئیتر بێشەرەفیە، کوشتنی ئامانەتە،کاری نەکردەیە.

ئێستا لە کوردستان، تۆڕە کۆمەلایەتیەکان، تا سنورێکی زۆر”متمانە” تیرۆرکراوەو کەس ناوێرێ قسەیەک بکات، نەبادا تێکستەکەی دەنگەکەی هەڵبگرن و سبەینێ وەک چەکێک دژی بەکار بهێنرێت بۆ شکاندنی.

هەتا نزیکترین هاوڕێتە جا چ ژن بێت یان پیاو، ناوێریت و ئازاد نیت لەوەی ئازادانەو سەر ڕەحەتانە قسەکانی خۆت بگەیەنیت و پەیامەکانت بڵێیت، ئەمە بەراستی کارەسات خولقێنەو ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەوڵ بدەین ڕەونەق بەو متمانەیە بدەینەوەوبیگێڕینەوە بۆناو ژیان و وەک خۆی جوان بیهێلێنەوە.

تا ئەو کاتەی هاوڕێین، بەیەکەوەین، لەیەکەوە نزیکین، یەکمان خۆش ئەوێت،ڕێزو متمانە لە بەینماندایە، کاتێک ئەبینە نەیاری یەکتریش، کاتێک تا سنور پەلاماری یەکتریش بدەین، ئەبێت ڕێزی ئەو کاتانە بگرین کە بەیەکەوە بووین، حورمەت قایل بین بۆ ئەو ڕۆژگارانە کە دۆست بووین، هاوڕی بووین، متمانەمان بەیەکتر هەبووە، ئەبێت ئەوە هەروا پارێزراو بێت و دەست بردن بۆی ئەچیتە خانەی تاوان وبێ ئابڕویی ئینسانی.

ئەم”متمانەیە” لە هەموو ئەو پەیوەندیانەدا مرۆڤەکان هەیانە جاچ نێر بن یان مێ،دیسان نابێت تیرۆر بکرێت و ئەبیت وەک خۆی بێ هیچ جۆرە دەست لێدانێک بمێنێتەوە.

ئارام ئەحمەد

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام