تەنهایی
………..

ئیتر باران،
داناکاتە سەر دەستەکانی ماڵی تەنهایم،
گوڵی موحیبەت وشک،
ڕۆحی وێرانم
بیابانێکە خنکانەکانی خۆی ئەنوسێتەوە،
دڵم لەم گێژاوەدا،
لەم بیری یوسفەدا،
نە زڵێخایەک فرمێسکێکی بۆ ئەڕێژێ،
نە باوکێک هەیە
تالەم میسری بتپەرستیەدا
نامەیەکی تژی لە سۆزی بۆ بنێرێ.

ئێستا باڵندەیەکم پەڕەکانم وەریو،
باڵی فڕینم سوتاو،
لەم گۆمی تەنهایەمدا
ماسیەکی پەڕیوەی سەرخۆڵم و
وا ئەخنکێم،
هەرچی پەلە کوتام،
هەرچی هاوارە کردم،
نەدەستێ دەستی گرتم و
نە دایکێ تا ئەم تەنهاییانەم
بخاتە ژێر کراس و
سەرسنگ و
ناو لەرەی ژێکانی دەنگی.

من تەواو بووم!
ئەم تەنهاییە،
ئەم شەڕە لەگەڵ خۆم،
دوکەڵی ئەم هەمو جگەرەو
دوکەڵی سوتانی ئەم هەمو باخە
خنکاندمی،
ڕەشەبای بێرەحمی تەنهایی
لەڕەگەوە هەڵیکێشام
هەر پەلێکم بە ژانی شکانێکەوە ئەناڵینێ،
من تەواو بووم!
دیلێکی مەیدانی شەڕی تەنهاییم و
لەم نسێیەدا
خۆم و خاچەکەی کۆڵم ڕاکشاوین،
بە خۆم وئەم هەموو بزمارەوە
سەیری خوێنی ڕژاوی جەستەو
گوێ لەهاواری نەبیستراوی قوڕگم ئەگرین.

ئارام ئەحمەد
سەرلەبەیانی
29/4/2020

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام