درووستکردنی حەمام، لە کوردیدا بە گەرماو، گەرمابە، و تاوخانەشی پێ ئەڵێن، لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە شارستانیی سۆمەریەکان و میسرییەکان لە وڵاتانی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل، سەری هەڵداوە. پێش ئەم سەردەمەش مرۆڤ لە کانی و جۆگە و ڕوبارەکان خۆیان شوستووە، بەتایبەتی لە تاڤگەکاندا، کە پاشان بیرۆکەی درووستکردنی دوش یا دوشکردنی لێ وەرگیراوە، سوودیان وەرگرتووە.
لێرەوە بۆمان دەرئەکەوێت کە بوونی ئاو و شوێنی جوگرافی و سەرزەوی سەوزایی  هەردوو شارستانی وڵاتی نیوان دوو زێ و ئاوی نیل، هۆکاری پاک و تەمیزی مرۆڤەکانی ئەو ناوچانە بوون،. هەر وەک چۆن کورد ئەڵیت: ئاو و ئاوەدانی، ئاو ڕەگەزی نیشتەجێبوون و دامەزراندنی ژیاری مرۆڤەکان بوون.
٦٠٠ساڵ پێش زاینیش سابوون، یاخود دەستکەف لە هەمان ناوچە درووست بووە و پاشان گریک و ڕۆمانەکان نەخشە و بیناسازی گەرماوییان پێش خست، و لە گەرماویی گشتیی تایبەت بە دەسەڵاتدارن و زەنگینەکان و یا تێکەڵاو، کردیانە تایبەتی ماڵان و گواسترایەوە بۆ هەر ماڵێک کە هەر ماڵە بوونە خاوەنی بانیو و تەشت و جوڕنەی خۆیان، لەگەڵ هەر گەرماوێکیشدا ئاودەست و دەستشۆر، ئاوخانە، ئەدەبخانەیشی خۆی هەبوو.
کەم کەسمان هەیە کە ناوی ئەرخەمێدسی نەبیستبێت کە زانا و داهێنەری زانستی ماتماتیک  و فیزیا و ئەندازیاری بووە، لە ٣٠٠ ساڵ پێش زایین لە یۆنان ژیاوە و چیرۆکە ناوبانگەکەی حەمامەکەی ئەرخەمێدسیش، بەڵگەی هەبوونی حەمام و جوڕنە و ئەستێرکی خۆشتن بووە لەو سەردەمەدا،،،.
کاتی خۆی پاشای هییرۆی دووەم لە یۆنان داوا ئەکات کە تاجێکی زێڕینی لە ئاڵتوون بۆ درووست بکەن، بەڵام پاش درووستکردنەکەی پاشا گومان ئەکات کە زیوی تێکەڵا کرابێت، هەر بۆیە ئەرخەمێدس بانگ ئەکات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات. ڕۆژێک ئەرخەمێدس لە کاتی خۆشتندا لە ناو بانێۆکەی هاوار ئەکات :
EUREKA
ئەمە وشەیەکی لاتینییە کە بە مانای (دۆزیمەوە) دێت، چونکە ئەرخەمێدس بۆی دەرکەوت، بەقەد بارستایی هەر تەنێک کە ئەخرێتە ناو ئاوەوە، ئەوەندە لە ئاوەکە ئەرژێتە خوارەوە، هەر بۆیە بەو بیردۆزە توانی قورسایی و بارستەی تاجەکە بە پێوانەی ئاوەکە بدۆزێتەوە.
تەنانەت گالیلۆش زۆربەی کات لە گەرماودا بیرۆکەی باشی بۆ هاتووە،،،.
کەواتە بە پێی بەڵگە مێژووییەکان و پاشماوەی ئاسەوارەکان، کە خۆشتن و ئاو بەکارهێنان نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ تەمەنی هەیە!.
سابوونیش کە سەرەتا لە خۆی و سۆدیۆم و پاشانیش لە ڕۆنی دەرختان و بەتایبەتی زەیتون، درووست ئەکرا، فینیقییەکان پسپۆر بوون لە دروستکردنی و پاشان کوردەکانی سوریا و بەشەکانی تریش فێربوون، وەک سابوونی عەفرین و حەڵەب. تەنانەت لە سلێمانی باشترین سابوونی ڕەقی دروست ئەکرا و گەرێکیش لە سلێمانی هەر بە ناوی سابونکەران تا ئێستاش هەیە.
حەمامی پاشای هەڵەبجەش کە خۆم بینیبووە، نمونەیەکی تر ئەم باسەیە، کە کورد میلەتێکی پاک و تەمیز بووە، تا ئێستاش پیرەژنەکانمان بۆ سەرگەرمی خۆیان لفکە دروست ئەکەن، کە نیشانەکانی پاک وتەمیزی گەلەکەمە.
باکووری ئەفریکا هونەری گەرماوسازییان لە ئەندلوسی ڕۆمانییەکان وەرگرتووە، تورکیش لە یۆنانیەکان، بەڵام کورد و فارس پێش عەرب و تورک، گەرماوییان هەبووە.
لە بیابانێکی وشک و بێ پیتدا، کە دەوارنشین و گڵەمال بوون، ئەگەر لە شارێکی وەک مەککە تەنیا بیرێکی وەک زەمزەمی تێا بووبێت، کە بەشی تەنیا خواردنەوەی کردووە، ئیدی چۆن فەرهەنگی پاک و تەمیزی و دەستشتنمان پێ ئەگات، لە کاتێکدا وڵاتەکەی خۆمان  دەیان تافگە و ڕووبار و هەزاران کانی و سەرچاوەی ئاوی تێدا قوڵپی ئەدا.
کەواتە ئێمە پێش شاڵاوی دەوارنشینانی بیابەنە وشکەکانی نیمچە دورگەی عەرەب، ئاو و ئاوەدانیمان هەبووە، جل و بەرگە ئاڵاو واڵاکانمان بەڵگەیەکی ترە لە خۆڕازاندەوە و پاکژی.
جا هەر کەس ئەیەوێت هەمان تاس و هەمان حەمامی گێلەپیاوانی مێژووە ڕەشەکان دوبارە بکەنەوە، ئەوا بە کوردی، هەر وەک چۆن باپیرە گەورەکانمان پێیان گوتوون؛ بوەستە،،، حەمام بە تڕ گەرم نابێت.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام