دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، داخستنی تەواوەتی وڵات بەهۆی کۆرۆناوە، ئەمریکا روبەڕوی کارەسات و داڕمانی تەواوی ئابوری دەکاتەوە.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی گێڕانەوەی خەڵکی بۆسەر کارەکانیان دەدات و لەوچوار چێوەیەشدا رایگەیاندوە، داخستنی تەواوەتی وڵات بەهۆی کۆرۆناوە، ئەمریکا روبەڕوی کارەسات و داڕمانی تەواوی ئابوری دەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هاوڵاتیانی ئەمریکا دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان و ئەو کەسانەش بەرپرسیارێتییان هەیە چاودێری ورد دەکرێن، بۆیە کار دەستپێدەکاتەوە، پسپۆڕانی تەندروستیش پێیانوایە ئەو هەنگاوەی سەرۆکی وڵاتەکەیان کوشتنی ملیۆنان کەسی لێدەکەوێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا رونکردنەوەی لەبارەی چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی کار داوە و ئاماژەی بەوە کردوە، لەکاتی دەستپێکردنەوەی کاردا فەرمانبەران لەدوری یەک کاردەکەن و تەواوی رێنماییەکانیش جێبەجێدەکەن، بۆیە لەیەک کاتدا دو ئەرک جێبەجێدەکەن و ناهێڵن مەترسی تەندروستییان هەبێت.

کۆرۆنا نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی کوشندەیە و رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک پەتای جیهانی پۆڵێنیکردوە، ئەو ڤایرۆسە تا ئێستا لە نزیکەی 169 وڵاتدا بڵاوبوەتەوە و لەسەرتاسەری جیهاندا، 408 هەزار و 892 حاڵەتی توشبون تۆمارکراوە، 18 هەزار و 258 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردون.

ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، تائێستا ژمارەی چاکبونەوە بەم ڤایرۆسە چەندین هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە گیانلەدەستدەدەن، تائێستا 107 هەزار و 73 توشبو نەخۆشییەکەیان پەڕاندوە و گەڕێنراونەتەوە ماڵەکانیان.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام