“دەسەڵات چییە؟ ئەو پێناسەیەی کە فوکۆ بۆ دەسەڵاتی دەکات پێناسەیەکی یەکجار سادە دەردەکەوێت، چونکە ئەو، واتە فوکۆ، وەک پەیوەندیی هێزەکان لە دەسەڵات دەڕوانێت، یاخود باشتر وایە بڵێین پێیوایە کە هەموو پەیوەندییەکی هێزەکان، پەیوەندیی دەسەڵاتە. با لە سەرەتادا ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە دەسەڵات، لای فوکۆ، شێوەیەک نییە، وەکو شێوەی بۆ نموونە دەوڵەت، هەروەها پەیوەندییش نییە لە نێوان دوو شێوەدا، وەکو زانین. با دووەمجار هێما بۆ ئەوە بکەین کە هێز بە هیچ کلۆجێک هێزێکی تاک و تەنها نییە، بەڵکو یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەوەیە کە بە بڕێک هێزی ترەوە پەیوەستە، ئەگەرچی هەموو هێزێک لە بنچینەدا پەیوەندییە، واتە دەسەڵاتە: هێز هیچ بابەت یاخود هیچ خودێکی تری نییە تەنها هێز نەبێت. نابێت ئەم پێناسەیە بەو جۆرە تەماشابکرێت کە گەڕانەوەیەک بۆ یاسای سروشتیی لەخۆگرتووە، چونکە ماف یاخود یاسا بە شێوەی دەربڕین دادەنرێت، بەڵام سروشت بە شێوەی بینین یاخود ڕوانین دادەنرێت، توندوتیژییش هاوڕێی هێزە یاخود ئەنجامێکە کە لێیدەکەوێتەوە، توخمێکی پێکهێنەری هێز نییە. فوکۆ لێرە لەم شوێنەدا لە نیتچە (هەروەها لە مارکس)ەوە نزیکترە، کە بڕوای وایە پەیوەندیی هێزەکان لە توندوتیژیی تێدەپەڕێت و لە توندوتیژییدا قەتیس نامێنێت یاخود بە هۆی توندوتیژییەوە دەستنیشان نابێت. لەبەرئەوەی توندوتیژیی پەلاماری جەستە و بابەتەکان یاخود بڕێک بوونەوەری دیارییکراو دەدات و تەفروتونایان دەکات یاخود شێوەیان دەگۆڕێت، بەڵام هێز هیچ پەیوەندییەکی تری نییە تەنها هێز نەبێت، هێزێکی تر، لەگەڵ بوونەوەرێکی تردا ناچێتە پەیوەندییەوە، بەڵکو لەگەڵ بڕێک هێزی تردا دەچێتە پەیوەندییەوە، چونکە هێز کردارێکە لە نێو کرداردا یاخود بڕێک کرداری شیانیی یاخود قەوماوی ئاییندەیی یاخود ئێستاییە، بڕێک کردارن لە نێو بڕێک کرداری شیانییدا. بەم پێیە لەتوانادا هەیە وێنای لیستێکی کراوە سەبارەت بە سروشتی بابەتەکە، بە بڕێک گۆڕانکاریی بکرێت کە گوزارشت لە پەیوەندیی بڕێک هێز یاخود دەسەڵات دەکەن، بڕێک کردار لە نێو بڕێک کرداردا پێکدەهێنێت: وەک دنەدان و بزواندن و هاندان، یاخود ئاسانکردن و دژوارکردن، فراوانکردن و تەنگکردن و زیادکردن و کەمکردنەوە لە شیمانەکاندا. ئا ئەمەیە وتاری دەسەڵات. کتێبی (چاودێریی و سزا)یش لەوبارەیەوە لیستێکی دوورودرێژتری سەبارەت بەو بەهایانە خستەڕوو کە لە سەدەی هەژدەیەمدا پەیوەندیی هێزەکانی لەسەر دامەزرابوو و بریتیبوون لەمانە: دابەشبوون لە شوێندا (کە لە بەندکردن و چاودێرییکردن و ڕیز و پۆلێنکردندا خۆی دەنوێنێت …)، ڕێکخستن لە کاتدا (دابەشکردنی کات بە سەر چەند بەشێکدا، پڕۆگرامکردنی کردار، شیتاڵکردنی ئاماژە …)، پێکهێنان لە شوێن-کاتدا (کۆی بڕێک شێوازی پێکهێنانی هێزێکی بەرهەمهێنی باڵاترە لە کۆکردنەوەی ڕووتی ئەو هێزە سادانەی کە لە پێکهێنانیدا بەشدارن) ئەمەیش تێزە سەرەکییەکانی فوکۆ سەبارەت بە دەسەڵات، کە پێشتر باسمانکرد، بەجۆرێک لێ کردووە کە بە سەر ئەم سێ چەشنەدا دابەش ببن: مەرج نییە هێز دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر بێت (لەبەرئەوەی کە کاری دنەدان و هاندان دەکات یاخود کاری بزواندن و بەرهەمهێنان دەکات)، پێویستە لەو شوێنەدا بە شوێن هێزدا بگەڕێین کە هێزێکە بەر لەوەی بەدەستبهێنرێت و بەرجەستەبکرێت (مادامەکی تەنها بەشێوەیەک بەدەستدەهێنرێت کە دەستنیشان دەکرێت، بە هەمان ئەو شێوەیەی کە لە چیندا هەیە، یاخود بەشێوەیەک دەستنیشان دەبێت بەو چەشنەی کە لە دەوڵەتدا هەیە)، خۆی بە سەر هەموواندا، بە سەردار و ژێردەستەوە، دەسەپێنێت (مادامەکی تێکڕای ئەو هێزانە دەسمێت کە هەن). ئەمە هەڵوێستێکی قووڵی نیتچەییانەیە.

پرسیاری؛ دەسەڵات چییە؟ یاخود سەرچاوە یان بنچینەکەی چییە؟ ڕەنگە پرسیارێک بێت کە لە شوێنی خۆیدا نەبێت، بەڵکو باشتر وایە دەربارەی ئەو چۆنێتییە پرسیار بکەین کە بە هۆیەوە بەرجەستە دەبێت یاخود ئەوەی کە چۆن خۆی پیادە دەکات و وەک کردار دەردەکەوێت؟ هاوکات پیادەکردنی دەسەڵات وەک پەیوەندیی نێوان دوو هێز دەردەکەوێت و، پەیوەندیی مشتومڕ و کێشمەکێش و پاڵەپەستۆ یاخود کارتێکەریی و کارتێکرانە، مادامەکی خودی هێز خۆی لە ڕێگای ئەو هێزەیەوە دەستنیشان دەبێت کە سەبارەت بە کارکردن لە بڕێک هێزی تر (کە لەگەڵیاندا لە پەیوەندییدایە) و، ئەو توانایەی کە سەبارەت بە کارتێکران بە هێزی تر هەیەتی (…) دەستنیشان دەبێت”.
ژیل دولوز: زانین و دەسەڵات، سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی فوکۆ، وەرگێڕانی سالم یەفوت، المرکز الثقافي العربي، چاپی١ ١٩٨٧. لاپەڕە٧٧-٧٨.

تایبەتمەندییەکان: هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام