پرۆفیسۆرێکی  تورک هۆشداریدەدات لە زیادبونی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا و دەڵێت “پێدەچێت سەدان هەزار توشبو گیانلەدەستبدەن”.
پرۆفیسۆر ئۆنور بەشیر، مامۆستا و پرۆفیسۆر لە زانکۆی مەسلەک لە ئیستانبوڵ، بە پشتبەستن بەو داتا و ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەی لە بەردەستنەبونی ژمارەی ئامێری پزیشکی پێویست دەڵێت” پێشبینیدەکرێت لە نێوان 150 هەزار کەس بۆ 600 هەزار کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانلەدەستبدەن”.
 

ئەو وتانەی ئۆنور بەشیر لە چاوپێکەوتنێکیدا بو لەگەڵ تەلەفیزیۆنی دۆچە ڤێلەی ئەڵمانی و وتیشی” سیستەمی تەندروستی تورکیا، بەهیچ جۆرێک ئامادەی قەیرانێکی لەو جۆرە نیە و یەکەکانی چاودێری وردی زۆر سنوردارە و ژمارەی ئامێری هەناسەدانی دەستکردی پێویست لە تورکیا نیە”. 

ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی لاوازی سیستەمی تەندروستی تورکیا پێدەچێت زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە تورکیادا توشی ڤایرۆسەکە ببن، “لەو بارودۆخەشدا لانیکەم 150 هەزار و بەلایەنی زۆریشەوە 600 هەزار توشبو گیانلەدەستدەدەن”.

لەماوەی رابردوشدا پسپۆڕێكی نەمسایی هۆشداریدا لەوەی، رێژەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیادا زۆر خێراتر دەبێت بەبەراورد لەگەڵ ئیتاڵیا.

میکایل تانچوم، پسپۆڕی پلە باڵا لە پەیمانگای ئەوروپی بۆ سیاسەتی بەرگری لە ڤیەننا دەڵێت” ئامارەکان لە تورکیا ترسێنەرن، بەو شێوەیە بڕوات ژمارەی توشبوان لە تورکیا لەماوەیەکی کەمی داهاتودا هەڵدەتۆقێت”.

تانچوم لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بە وێنەیەکی گرافیکی، بەراوردی ئامارەکانی تورکیا و ئیتاڵیا کردوە، بەگوێرەی شیکردنەوەکەی ئەو، هەڵکشانی ژمارەکان لە تورکیا هاوشێوەی ئیتاڵیا و ” تەنانەت رێژەری تەشەنەی تورکیا زیاتر دەبێت لە ئیتاڵیا”.

لە گرافیک و شیکردنەوەکەیدا تانچوم، پشتی بەستوە بەو راستیەی لە سەرەتای ئەم مانگەوە کەمتر لە 600حاڵەت تۆمار کرابو لە ئیتاڵیا، بەڵام رێکەوتی 7 ی مانگ لە ماوەی 24 کاتژمێردا هەزار حاڵەتی تێپەڕاند، ئێستاش دوای تێپەڕبونی کەمتر لە 20 رۆژ ئەو ژمارەیە بەرزبوەتەوە بۆ 41  هەزار و لەو ژمارەیەش  سێ هەزار و 405 کەس گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات تا رێکەوتی شیکردنەوەی پسپۆڕە نەمساییەکە، لە تورکیا 359 حاڵەت و چوار گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە،بەڵام دوا تێپەڕبونی تەنها 4 رۆژ بەسەر  شیکردنەوەیەدا، ژمارەی توشبوان بۆ زیاتر لە هەزار و 500 و مردوانیش بۆ 37 کەس بەرزبوەتەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام