وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە بە فەرمانی سەرۆکی روسیا سوپای روسیا یارمەتی پزیشکی دەگەیەنێتە ئیتاڵیا، بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

شەوی رابردو کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا (کرملین) بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا و جۆزێپێ کۆنتێ، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، تیایدا سەرۆکی روسیا ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ناوچانەی ئیتاڵیا کە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانی زۆریان بەرکەوتوە دەربڕیوە.

 

وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر فەرمانی سەرۆک پوتین بەیانی ئەمڕۆ سوپای روسیا هەشت تیمی زانایانی سەربازی روسیا دەنێرێت بۆ ئیتاڵیا، لەگەڵ چەندین کاروانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی  بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ناوچانەی ئیتاڵیا کە زیانێکی زۆریان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بەرکەوتوە.

ئەوەش لەکاتێکدایەیە شەوی رابردو وەزارەتی تەندروستی ئیتاڵیا رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردواد 793 توشبوی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، 694  حاڵەتیان لە شاری لۆمباردی بوە.

کۆی گشتی ژمارەی گیان لەدەستدان، لە ئیتاڵیا بۆ  چوار هەزار و 825 حاڵەت بەرزبوەتەوە

 

کۆی گشتی ژمارەی گیان لەدەستدان، لە ئیتاڵیا بۆ  چوار هەزار و 825 حاڵەت بەرزبوەتەوە، ژمارەی مردوان هێندە زۆرە پزیشکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، “فریای ژماردنی تەرمەکانیان ناکەوین” و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی تەرمەکان دەگوازرێنەوە.

ئیتاڵیا لەئێستادا یەكەمین وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان كە زۆرترین ژمارەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنای تیادا تۆماركراوە و لە دوای ئەویش وڵاتی چین دێت كە سێ هەزار و 255 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام