سەرۆکی فڕەنسا هەڕەشەی داخستنی سنورەکانی بەڕوی بریتانیا دەکات، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە شکستبهێنێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر، بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا.

پاش ئەوەی بەهۆی زۆری رێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بریتانیا، چەندین وڵاتی ئەوروپا سنورەکانی خۆیان بەڕوی بەریتانیا راگرت، هەینی رابردو حکومەتی بریتانیا فەرمانیکرد بەداخستنی سەرجەم چێشتخانە، یانە، شانۆگەری و هۆڵەکانی یارییە وەرزشییەکان بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەیدا.

لەو بارەیەوە رۆژنامە لیبراسیۆن-ی فڕەنسی، لەزاری نوسینگەی ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا پاش ئەوە دێت بەیانی رۆژی هەینی رابردو ماکرۆن هۆشداریدابو بە بریتانیا کە گەشتەکانی نێوانیان رادەگرێت، ئەگەر رێوشوێنی توند بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگرێتەبەر.

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی فڕەنسا ناچاربو بەئەنجامدانی ئەو کارە، تا وا لە بریتانیا بکات بەتوندی بەرەنگاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە 16ی ئەم مانگە بە فەرمانی ماکرۆن هەمو چێشتخانە و یانە و خوێندنگاکانی وڵاتەکەی داخران و داوا لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە کرا لە ماڵەکانی خۆیان نەیەنە دەرەوە، بۆ کرنی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە نەبێت.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەشدا ماکرۆن داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد سنورە دەرەکییەکانیان لەگەڵ یەکتر دابخەن، بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کیشوەرەکەیاندا.

17ی ئەم مانگەش ئێدوارد فلیپ، سەرۆک وەزیرانی فڕەنسا رایگەیاند، ئەگەر بریتانیا نەتوانێت بەزوترین کات سنورێک بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا دابنێت، ئەوا ناچار دەبن رێگیری بکەن لە هاتوچۆی هاوڵاتیانی بریتانیا بۆ فڕەنسا.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام