دەستەی تەندروستی لە ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهاوكاری پەیمانگای تەندروستی “پیاس”ی سویدی ئامێرێكی ئاشكراكردنی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنایان بەرهەمهێناوە، كە تەنیا لەماوەی 30 چركەدا ئەنجامەكەی ئاشكرادەكات.

لەو بارەیەوە دكتۆر جوان مستەفا هاوسەرۆكی دەستەی تەندروستی ئیدارەی خۆ سەر وتی: بەهاوكاری لەگەڵ پەیمانگای پیاسی سویدی بۆ تاقیكردنەوە پزیشكییەكان (لەلایەن حكومەتی سویدەوە مۆڵەتی پێدراوە) و لەڕێگای تاقیگەكانی ئەوانەوە ئەو ئامێرەیان بەرهەمهێناوە.

ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئامێرەكە لەڕێگای وەرگرتنی سامپڵێك لە تفی كەسی گومانلیكراوەوە، تەنانەت ئاشكراكردنی ئەنجامی تووشبون لەماوەی 30 چركە لەهیچ شوێنیكی تری جیهان پیی نەگەیشتوون‌و ئەوان لەو رووەوە پێشەنگن.

وتیشی: ماوەی ساڵ و نیوێكە لەگەڵ پەیمانگاكە كار دەكەن و ئەو ئامێرەش دواین ئەنجامی توێژینەوەكانی هەردوولایانە .

بەقسەی هاوسەرۆكی دەستەی تەندروستی ئیدارەی خۆسەر ئامێرەكە تاقیكردنەوەكان ئەوەیان سەلماندووە، كە ئامێرەكە بەڕێژەی لەسەدا 80 بۆ لەسەدا 85 تووشبوون بەڤایرۆسەكە ئاشكرا دەكات، كە ئەو ئەنجامە هیچ تاقیگەیەكی تری جیهان پێینەگەیشتوون.

مستەفا هەروەها وتی: ئەوان ئەو ئامێرەیان قۆرخ نەكردووە و لەگەڵ هیچ دەوڵەتێكیش بازرگانیان پێوە نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە بەكاریدەهێنن، كە بەدەست نەخۆشییەكەوە دەناڵێن و ئەو داهێنانە دەكەن دیاری بۆ هەموو مرۆڤایەتی .

ئامادەكردن: ئاگۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام