وتوێژکردن، بریتیە لە پرۆسەیەکی دوو لایەنە، کە لە نێوان دوو کەس، یان دوو شێوە بیرکردنەوەی جیا، لەسەر بابەتێک یان پرسێکی دیاریکراو، کە خاڵی ناوەندی و هاوبەش لە نێوانیان بریتییە لە خودی (بابەت)ەکە ڕوو دەدات. بەوە دەستپێدەکات سەرەتا هەردوو لا کۆک دەبن لەسەر ئەوەی کە وتوێژ (مناقشە)یەک ڕێکبخەن، بەو مەبەستەی کە بگەنە ئەنجامێک، لەڕێگەی ئەرگومێنت و هەڵهێنجانی لۆجیکیانە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ ئامانج و ئەنجامێکی دەستنیشانکراوی پێشیانە، وە هەردوو لا بەتەواوی هەموو هەوڵیان ئەوەیە، کە بگەنە ڕاستییەک لەسەر بابەتەکە یان ئەو بۆچوونەی لە دیدی ئەو ڕاستە، جێی بخات. ئەم پرۆسەیە شێوازێکی دیالێکتیکی هەیە، سەرەتا لایەنێک ڕاو بۆچوونی خۆی دەڵێت لەسەر بابەتێک کە پێشتر لە ئارادا بووە، یان ئەو بانگەشەی بۆ دەکات و دەیهێنتە گۆڕێ، وە بەڵگەی بۆ دەهێنێتەوە لەڕێگەی هەڵهێنجانی لۆجیکیانە دەکەوێتە پێشکەشکردنی پێشەکییەکانی و ئەنجامگیرییەکی لێ دەردەهێنێت، پاشان لایەنی بەرامبەر دەکەوێتە هەڵسەنگاندنی بۆچوون و بانگەشەکان و ڕەخنە لێگرتنی وە دەستنیشانکردنی ئەرگومێنتەکان و شیکردنەوەیان، بەمشیوەیە کەموکوڕییەکانی ڕاو و بۆچوونەکان دەردەکەوێت. ئەمە ئەو شێوازەیە کە پێشتر لای سوکرات هەبوو، بە میتۆدی (مامانی کردن)، ناسراوە. کە تیایدا یارمەتی بەرامبەر دەدات کەموکوڕییە و هەڵەکانی خۆی بزانێت.
شێوازی ئەرگومێنتسازی لە وتوێژدا مەرجە، چونکە وتوێژ (Debate) یان (مناقشە)، بەوە جیا دەکرێتەوە لە فۆرم و شیوازەکانی تری وەک زۆر بڵێی و چەنەبازی و چەلەحانێ، کە پشت دەبەستێت بە (عەقڵ)، واتە هێزی عەقڵ شێوازە ڕاست و بەهادارەکانمان بۆ دەردەخات لە ڕێگەی پرۆسەی ئەرگومێنتسازی، لە کاتێکدا، شێوازەکانیتر ئیعتیماد دەکەنە
 سەر سۆز و عاتیفە و هەڵچوونی دەروونی، یان هێزی وشە.
بەم پێیە، ئەرگومێنت کردن،  هەوڵدانە بۆ ڕازیکردن و قەناعەت پێهێنانی کەسی بەرامبەر، لە ڕێگەی هێنانەوەی (بەڵگە و هۆکار)، ئەرگومێنتی باشیش ئەو ئەرگومێنتەیە کە بەڵگە و هۆکاری باش پێشکەش دەکات، هەوڵدەدات لە ڕێگەی سەلماندنی عەقڵی قەناعەت بە بەرامبەر بێنێت. لە بەرامبەردا شێوازی ڕیتۆریک هەیە، کە ئەمەیش هەوڵدانە بۆ ڕازیکردن بە بیرو ڕایەک یان کردنی کارێک، تەنها لە ڕێگەی هێز و قودرەتی وشە و زمانی بەلاغیەوە، ئەم شوازە کار لەسەر هەست و سۆزی بەرامبەر دەکات، لە ڕێگەی وشەی جوان و زمان پاراوی و  کە تیایدا هۆکار و بەڵگەی باش پێشکەش ناکرێت.
لە ڕووی مێژووییەوە ڕیشەی مۆدێلی هونەری وتوێژکردن دەگەڕیتەوە بۆ یۆنان کاتێک فەیلەسوفەکان کۆمەڵێک پرسیاری کۆسمۆلۆجی دەوروژێنن،  هەر یەکەو بەشێوازێک وەڵامی ئەو پرساریارانە دەداتەوە، لەم نێوەندەدا زیاتر لە شرۆڤە و شیکردنەوەی جیاجیا دەکرا بۆ یەک بابەت، بۆ نمونە لەلای سۆفستائیەکانی وەک پرۆتاگۆراس و گۆرگیاس، مرۆڤ پێوەری هەموو شتێک بوو، واتا ئەوان دەیانووت مرۆڤ، بریار دەدات لەسەر ڕاستی دروستی پرسە ئەخلاقی و مەعریفیەکان و ئەو پرسانە جەوهەر و سروشتێکی گۆڕاویان هەیە لە کاتێک بۆ کاتێک لە شوێنێک بۆ شوێنێک لە تاکێک بۆ تاکێکی تر. بۆ نمونە ئەوان دەیانووت ئەو شتەی بۆ تۆ خراپە لە ئیستادا ڕەنگە بۆ من باش بێت، ئەوەی بۆ تۆ ڕاستە بۆ من لە ئێستادا ڕەنگە بۆ من هەڵە بێت، ئەوان هەستەکانیان بە پێوەری ڕاستی دەزانی و عەقڵی ڕۆڵی لاوەکی هەبوو، دەیانووت ڕەنگە لەسەر زمانی کەسێکی نەخۆش تامی شەکر تاڵ بێت. لەسەر ئەم بنەمایە هەوڵ و بایەخی تەواویان بە زمان و هونەری ڕەوانبێژی و زمان پاراوی دەدا، وەک مامۆستای گەڕۆک دەگەڕان بە پارە خەڵکیان فێری هونەری ڕەوانبێژی و بەرگری لە خۆکردن دەکرد، کە ئەمەش مۆدێلی ڕێتۆریکە. لەسەروبەندی ڕەواجی ئەم مۆدێلەدا لە بەرامبەر ئەمانەدا سوکرات دەرکەوت، ئەو هات بەتوندی بەرپەرچی دانەوە و ڕەخنەی ئەو مۆدێل و میتۆدەی کرد، ڕەخنەی لێیان دەگرت و ڕستە و دەستەواژەکانی یەک بە یەک شیدەکردەوە کێشە و کەمو کوڕی هەڵەکانیانی دەستنیشان دەکرد، ئەو مەبەستی بوو بنەمایەک دابنێت کە بەهۆیەوە حەقیقەت و ڕاستی بابەتەکانیان لەڕێگەی عەقڵەوە بۆ دەرکەوێت و بناسن، ئەمە یەکەمین هەوڵ بوو لەلایەن سوکراتەوە کە دواتر دەبێتە مودێل لای ئەفڵاتۆن و سەرجەم کتێبەکانی بەشێوەی دیالۆگی سوکراتی، کە بە میتۆدی (مامانی کردن) ناسراوە نووسیوە.
گرنگی و بایەخی مودێلی ئەرگومێنت کردن:
بێگومان مۆدێلی ئەرگومێنت کردن، لەبەرئەوەی پشت بە هێزی عەقڵ و بەڵگەو هۆکار و هەڵهێنجان دەبەستێت، بەهایەکی لەسەرتری هەیە، بەبەراورد بە ڕیتۆریک کردن کە پشت عەقڵ نابەستێت.
ئەگەر سەرنج بدەین لەناو خەڵک و جەماوەری ئاسایدا بەگشتی مۆدێلی ئەرگومینت خوازراو و پەسند نییە، جەماوەر هەمیشە حەزی بە هەڵچوون و ئیحساسی تایبەتییە حەزی بە هوتاف کێشان و کەفوکوڵی حەماسییە، ئەگەر سەرنجی وتاری سیاسەکان و وتاری پیاوە ئاینییەکان و کۆڕو کۆبوونەوە جەماوەرییەکان بدەیت، زۆر باش ئەوەت بۆ ڕووندەبێتەوە.
Hawre Sophya
هاوڕێ خالید
تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام