گەندەڵی زیانەکانی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر مەشروعییەتی سیستەمی سیاسی و کارگێری هەیە و، هاوشێوەی  ئابووریی ناوخۆی ئفلیج و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە پێشێل دەکات. پێویستیی شەڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گەندەڵی، پێش هەموو شتێک دەستنیشانکردنی پانتای دیاردەی گەندەڵی و ئەو کەسانەیە کە زۆرتر ئەم دیاردەیە لە نێوانیاندا پەرەی سەندووە. واقعەکە ئەوەیە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەگوێرەی پسپۆران ڤایرۆسێکی کاتییە و ماوەی مانەوەی سنوردارە  بەڵام وەک دەبینین گەندەڵی ماوەی مانەوەی درێژخایانە لەهەرێم .کۆرۆنا بەچارەسەربوونی ئاساواری نامێنێ بەڵام گەندەڵی هەزاران شوێنەوار لەسەر کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێت کۆرۆنا بە پۆینت خەڵک دەکوژێ بەڵام گەندەڵی هەموو کۆمەڵگە دەکوژێ لەهەموو ڕوەکانەوە گەندەڵی لەکۆرۆنا پیسترە لە لایەکی تره‌وە، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە پرۆگرام و هەنگاوە چاکسازییەکانی حکوومەت لە شەڕی دژ بە گەندەڵی، تا چ ڕادەیەک جددی، بەردەوام و ڕاستگۆیانەیە؟ لەم وتارەدا مەبەستمانە تیشک بخەینە سەر ناوەرۆک، هۆکارەکان و ئاسەوارە نەرێنییەکانی دیاردەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا.
گەندەڵی چیە:
شارەزایانی ئەم بوارە، گەندەڵی وەکوو ڕایەڵەی تایبەت لە نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەدا پێناسە دەکەن و، سەبارەت بە هاوتەریبیی گەندەڵیی دەسەڵات و گەندەڵیی ئابووری، لە کردەوەدا ئەم دوو دیاردەیە لە یەک جیا ناکەنەوە. گەندەڵی، یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی دژی کۆمەڵگەیە کە لەم ڕێگەوە ماف و ئیمتیازات لە دەرەوەی ڕێسا و یاسا، بەپێچەوانەی بەها ئەخلاقییەکان دەبەخشێت و، لە بەرامبەردا ژیانی زۆرینەی دانیشتووانی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە. بانکی جیهانی، گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی بە مەبەستی دابینکردنی بەرژەوەندیی کەسی پێناسە کردووە. لە پێناسەیەکی تردا دەڵێت: گەندەڵی بە مانایەکی فراوان، بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە پێناو دەسکەوتە نهێنی و نایاسایی و تایبەتەکاندا. هەر لە ڕاپۆرتی ئەم بانکەدا گەندەڵیی وەکوو گەورەترین بەربەست لە بەردەم گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا دەستنیشان کردووە و دەڵێت: گەندەڵی، یاسا و ڕێساکان بە لارێدا دەبات و پێشکەوتن و گەشەی ئابووری کەم دەکاتەوە. هەروەها پێناسەی گەندەڵی، بە پێوەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کە لە ڕاپۆرتی  ساڵی “١٩٩٦”دا ئاماژەی پێ کردووە بریتییە: لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی گشتی بە مەبەستی دەسکەوتی تایبەتی. لەم پێناسانەی سەرەوە، وا بەدیار دەکەوێت کە زۆرترین دیاردەی گەندەڵی لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەسەر سامانی گشتی لە لایەن بەرێوەبەران و فەرمانبەرانی حکوومییەوە ڕوو دەدات.
گەندەڵی و ئاسایشی نیشتمانی:
سیستەمی کارگێڕی، گۆرەپانی ڕاپەڕاندنی سیاسەتی حکوومەت و پێگەیەکە کە ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەم پێگەوە لە کۆمەڵگەدا بەدی دەکرێت. ئەم سیستەمە لە هەر وڵاتێک، هێزی ڕاپەراندنی سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتەیە و کارایی و سەرکەوتوویی، دەتوانێت گەشە و بەردەوامیی سیستەمی سیاسی بە دوای خۆیدا بێنێت، یان بە پێچەوانەوە، مەشروعییەتی حکوومەت بخاتە مەترسییەوە. بە شیکاری بۆ سیستەمی کارگێریی هەر وڵاتێک، بەئاسانی سیستەمی سیاسیی پاک، لە سیستەمی سیاسیی گەندەڵ جیا دەکرێتەوە. دیاردەی گەندەڵی، لە پلەی مشروعییەتی حکوومەت کەم دەکاتەوە تا ئەو ئاستەی کە سیستەمی سیاسیی بەرێوەبردنی وڵات دووچاری قەیرانی سیاسی دەکاتەوە و سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە و هەڕەشەی ڕاستەقینەیە دژ بە ئاسایشی نیشتمانی و بەها ئەخلاقییەکان لەکەدار دەکات.
ڕێکارەکانی گەندەڵی هەر وەکوو زۆربەی وڵاتانی گەندەڵ، کە بریتییە لە قۆرخکاری + خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات – ناشەفافییەت = گەندەڵی، لە هەرێمی کوردستانیشدا دەگونجێت. لە هەرێمی کوردستان وەکوو زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی سامانی سروشتین و لەم ڕێگەوە پارە بەبێ هیچ ماندووبوونێک بەدەست دێت و لەژێر کۆنتڕۆڵی کەرتی حکوومیدایە، جۆرێک ئاسانکاریی بۆ دیاردەی گەندەڵی دروست کردووە و، دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی ناسەقامگیریی ئابووری لە کەرتی گشتیدا لە ڕێگەی گۆڕینی وەبەرھێنان بۆ پرۆژەی بەکاربەر کە تیایاندا بەرتیل و پارەوەرگرتنی ناڕەوا لەم کەرتەدا زۆر زیاترە و هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی جۆرایەتیی ژێرخان و خزمەتگوزارییە حکوومییەکان و بەرزکردنەوەی فشاری زیاتر لەسەر بودجەی حکوومەت. بەرفراوانی و بەردەوامیی ئەم دیاردەیە، دەبێتە هۆی جیاوازی و نادادپەروەی لە کۆمەڵگە و لەنێوچوونی مەشروعییەتی سیاسی کە یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکانی ئاسایشی نیشتمانی. چونکە ئەگەر سەروەریی یاسا و شایستەسالاری لە نیشانەکانی حوکمڕانیی سەقامگیر بێت و بە هۆکاری ئاسایشی بەردەوام دابنرێت، سروشتییە پەرەسەندن و زۆربوونی گەندەڵی لە کۆمەڵگەدا، لە نیشانە ڕوون و بنچینەیییەکانی دەرچوون و پابەندنەبوونە بە یاساوە و لە ئاسەواری نەرێنیی سیستەمی سیاسی و کارگێڕیی ناکارایە کە بە هۆی لاوایزی چاودێریی لایەنە بەرپرسەکانەوە پەرەی سەندووە.
بەپێی هەندێ بیرۆکەی باو سەبارەت بە سیاسەت و ئاسایش، ئامانجی ئاسایشی ئابووری پەیوەستە بە ڕێسا و یاساگەلێکەوە کە دەبنە هۆکاری گەشەسەندنی وەبەرهێنان لە ئابووریی نیشتمانیدا. بۆیە پەرەسەندنی گەندەڵی کە بە هۆی لە بەرچاونەگرتن و پابەندنەبوونەوە بەم ڕێسا و یاساگەلە، بە بەربەستێک دەزانرێت بۆ گەیشتنی حکوومەت بە ئاسایشی ئابووری و کارگێری، کە لەسەر کۆی پرسەکانی کۆمەڵگە کاریگەریی نەرێنیی داناوە.
گەندەڵی لە نێوان بەرپرسان و پلەبەرزەکاندا، یەکێکە لە گرنگترین نیشانەکانی نامەشروعییەت و، زۆر جار داڕووخانی سیستەمی سیاسی و، هاوتەریبە لەگەڵ گەندەڵیی گشتیدا. بەم شێوەیه‌ کار و چالاکیی حکوومەت لە بواری ئابووریدا کە پێویستە هەڵگری کاراییی ئەرێنی بێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مەشروعییەت و، لە ئاکامدا دابینکردنی زۆرترین ڕێژەی ئاسایشی ئابووری لە کۆمەڵگەدا، ئاسەواری نەرێنی و ناکاراکانی دژی بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگە بەدیار دەکەوێت و دەبێتە هۆی لاوازیی ئاسایشی نیشتمانی. کریستیان لاگاند بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نیودەوڵەتی دەڵێت: زیانە ئابوورییە ڕاستەوخۆکانی گەندەڵی، ئاشکرایە، بەڵام زیانە نادیار و ناڕاستەوخۆکانی گەورەتر و مەترسیدارترە. هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان پرۆگرامی زۆر بۆ بەگژداچوونی گەندەڵی داڕێژراوە و زۆر جاریش هەنگاوی پراکتیکیی بۆ ڕاپەراندنی نراوە، بەڵام لەم بوارەدا سەرکەوتنی کەم بەدەست هاتووە. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی پرۆگرامەکانی حکوومەت لەم بوارەدا، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لە یاسا پەیوەندیدارەکاندا ئەوەندەی گرینگی بە سزا، بە هەموو جۆرەکانییەوە دەدرێت، گرینگی بە پێشگیری لە دیاردەی گەندەڵی نادرێت. ئەمە لە کاتێکدایە بەدەگمەن بینیومانە کەسێک بە هۆی گەندەڵییەوە سزا بدرێت. بۆیە یاسا لەم بوارەدا پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست داوە.
بێ گومان هۆکاری ئەم دیاردە مەترسیدارە بۆ نەبوونی یاسای پەیوەندیدار نییە، بەڵکوو لاوازی بۆ لایەنی ڕاپەڕاندن و چاودێریکار دەگەڕێتەوە. لە لایەکی تره‌وە چۆنێتیی بنبڕکردنی گەندەڵی، پێویستیی بە کەسانی پرۆفیشناڵ و پرۆگرامی ورد و چەندلایەنەیە کە وەکوو هەنگاوی یەکەم، دەکرێت لە ڕێگەی کاری پەروەردەیی و کەلتوورییەوە سەیری بابەتەکە بکرێت و هەوڵی ناساندنی ڕووی ناشیرینی گەندەڵی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە لە کۆمەڵگەدا بدرێت، لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا، یاسای گونجاو کە سزای قورسی تیدا دەستنیشان کرابێت، بە مەرجێ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەربچێت.
دەرەنجامی دیاردەی گەندەڵی:
سیستەمی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان هەروەکوو زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دیاردەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی و زیانەکانی بەدەر نییە. هۆکاری سەرەکیی پاشکەوتن، گەشەنەسەندنی ئابووری و بەرجەستەبوونی مەترسییەکانە و، ئاسەواری نەرێنیی کارگێڕی و دارایی لەسەر مەشروعییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت. لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە گەندەڵیی کارگێڕی، بووەتە هۆی لاوازبوونی باوەڕی نەتەوەیی و پشتگۆێخستنی توانای خۆیان و، بە شێوەیەکی گشتگیر، بووەتە هۆکاری بێئومێدی نسبەت بە داهاتوو. جگە لەوە، نەبوونی بەڕێوەبەری شارەزا و چاودێریی لاواز و تێکەڵبوون و گشتگیریی گەندەڵی لە هەموو بەشەکانی کارگێڕی و ئابووریدا، ئاسایشی ئابووریی لە هەرێمی کوردستاندا خستۆتە مەترسییەوە. لە ڕوانگەی سیاسییەوە گەندەڵی، لە مەرتەبەی مشروعییەتی و کارگێڕیی حکوومەت و بەها دیموکراسییەکانی کەم کردۆتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە خوێندنەوە و شیکاری بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو بەدیار دەکەوێت کە لە نێوان ڕووخانی حکوومەت و گەندەڵیدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە. مەترسیدارتر لە هەموو ئەو ڕەهەندانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، ئەو کاتەیە کە گەنده‌ڵی دەبێتە بەشێک لە کەلتوور و، ڕووی ناشیرین و نادروستی ئەم دیاردەیە کەمڕەنگ دەبێتەوە و جێگه‌ی خۆی لە کۆمەڵگەدا دەکاتەوە.
ڕێکخراوى کارى شەفافییەت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى، پێشنیارى دەستپێشخەریى شەفافییەت لە هەرێمى کوردستان دەکات. هەر بۆیە، شاردنەوەی ڕاستییەكان و یەكترتۆمەتباركردن بە گەندەڵیی ئابووری، هیچ کاریگەرییەکی لە قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و گەڕانەوەی سەروەت و سامانی وڵاتدا نییە؛ چونکە لە هەرێمى کوردستان جۆرەکانى دیاردەی گەندەڵیى سیاسى و دارایى و  پەروەردەیى و کۆمەڵایەتى لەپەرەسەندایە. ستراتیژیی قەڵاچۆکردنی گەندەڵی بۆ سەقامگیریی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەرکی سەرەکیی حکوومەتە و پێویستیی بە شەفافییەت و چوارچێوەیەکی یاساییی ڕوون و متمانەپێکراو و چاودێریی وردی جێبەجێکردنە. چونکە پێویستە گەندەڵی لە ڕوانگەی لاوازیی چاودێری و لێنەپێچینەوەی یاسایییەوە سەیر بکرێت و، بۆ ئەم مەبەستە هاریکاریی دەزگه‌ فەرمی و حکوومییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان پێکەوە پێویستە و، چاودێریی تەواو و چەندلایەنەیە کە دەرەنجامی ئەرێنی و گەشەی ئابووریی لێ دەکەوێتەوە.
Shwana Hassan Abobakr
شوانە حەسەن ئەبوبەکر
تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام