کاتێک پێناسەى شار و شارستانیەت دەکەین پێویستە بچینە سەرو بەها ئەخلاقیەکانەوە کەمرۆڤ دابەش دەکات بەسەر  دوو تەوەرەى دژ بەیەک (( چا ک و خراپ )) .

لەسەر ئەم بنەمایە ئەتوانین بڵێین زۆر ئاساییە شار نشینگەى کەسایەتى باش و خراپ بێت ، بەڵام ئەوەى ئاسایی نییە کەسایەتى خراپ بەمانا دژە مرۆڤایەتیەکەى سەرکردە و دەسەڵاتدار و نوخوبەى کۆمەڵگا بێت ، وەک ئەوەى ئێستا لەکۆمەڵگاى کوردستانى باشور و شارەکانى  ڕوو دەدات .

سەرەڕاى پێناسەگەلێکى زۆر بۆ شار بەبیروبۆچوونى هەمەجۆر لەزۆر شوێن وسەردەمى جیاواز ئەکرێت لەم پێناسە سادەیەدا جێگیرى بکەین ، شار //  نشینگەى چڕییەکى دانیشتوانى گەورەى شارستانی یە .

ئەگەر ئەم پێناسەیە ((شار // نشینگەى چڕییەکى دانیشتوانى گەورەى شارستانی بێت )) مانایەک ببەخشێت ماناى ئەوەیە کۆڵەکەى سەرەکى بوونى شار شارستانیەتە ، هەر بۆیە بەلەدەستدانى شارستانیەت شار سیما سەرەکیەکەى خۆى لەدەست دەدات وچیدى پێى ناوترێت  شار .

کەدەڵیین شارى سلێمانى سیما سەرەکیەکەى خۆى لەدەستداوە مەبەستمان لەوەیە شارى سلێمانى شارستانیەتى خۆى لەدەستداوە .

کەواتە شارستانیەت چییە ؟

بۆئەوەى بزانین شارستانیەت * سیماى سەرەکى شار* چییە ؟ ئەبێ پێناسەى شارستانیەت بکەین؟ .

شارستانیەت //  سیستمێکى کۆمەڵایەتیە ، یارمەتى مرۆڤ دەدات بۆ زیادکردنى بەرهەمى ڕۆشنبیرى ، پێک هاتووە لەچوار پێکهاتەى بنەڕەتى  ” سەرچاوەى ئابوورى  ـ سیستمى سیاسى  ـ کلتوروداب ونەریت ـ بەدواداچوونى زانست و هونەر ” .

هەڵبەتە سەرەتاى شارستانى بەکۆتایى هاتنى ترس و دڵەڕاوکێ  و ناڕێکى لەسیستمى ژیان دەستپێدەکات ، ئەگەر مرۆڤ لەترس و دڵەڕاوکێ ڕزگار نەبێت ئاسۆى بیروبۆچوونى بۆ ژین وژیان و ژینگە سنوردار دەبێت ، دەرئەنجام بەهرەمەندى لەدەست دەدات وچیدى ناتوانێت ڕۆشنبیرى بۆ مرۆڤایەتى بەرهەم بهێنێت .

بێگومان کۆمەڵگایەک شارستانى بەرهەم دێنێت  کەترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێى تێدا نەبێت ، کۆمەڵگایەک کەسەروەرى سیستم ویاساى بەجۆرێک بێت دەسەڵاتى ڕەهاى مرۆڤە دەسەڵاتدارەکان سنوردار بکات و چیدى سەرکردە نەبێتە خوداى سەر زەوى .

لەخۆڕا نەگوتراوە بەعەقڵیەتى کۆنکرێتى شۆڕشگێرى کەمرۆڤ دابەش دەکات بەسەر دوو تەوەرەى دژبەیەک (( چاک وخراپ )) پرۆسەى دەوڵەتدارى و ڕۆشنبیرى بەرهەم نایەت ، باشترین نموونە مۆدێلى حکومڕانى  کوردستانى باشوورە لەلایەن شۆڕشگیرەکانى ڕابروو نەوەکانی ئیستایان بەڕێوە دەچێت ، هەڵبەتە خۆشمان بەشێکی زیندووین لەم مۆدێلە سەقەتە  شکستخواردووە .

کاتێک عەقڵیەتى شۆڕشگێڕ بەویست وخواستى خۆى وەبەمەبەستى پاراستنى بەرژەوەندیەکانى مرۆڤەکان دابەش دەکات بەسەر دووتەوەرەى دژ بەیەک ((چاک وخراپ)) ئەو کات لێمان دەبێت بەخوداى سەر زەووى وهیچ فەزایەک بۆ سیستم و یاسا نامێنێت وشوناسى مرۆڤایەتى دەخاتە مەترسیەوە .

ئەزمونى حکومڕانى کوردستانى باشوور سەلماندى کەعەقڵیەتى شاخ عەقڵیەتێکى دژە یاساو دژە سیستمە ، عەقڵیەتێکە شوناسى مرۆڤایەتى مرۆڤى کوردى سڕیوەتەوە وخۆى لێ بووە بەخوداى سەر زەوى ، ئەم جۆرە لەعەقڵیەت بەرهەمهێنەرى فیۆدالیزمى ((دەرەبەگ))  کوردى سەردەمە نەک بەرهەمهێنەرى شارستانى و ڕۆشنبیرى .

باشترین پاڵپشتى زانستى بۆ ئەم بۆچوونە ، ئیستا کوردستان خاوەنى زۆرەگەلێک فیۆدالیزمى ((دەرەبەگ)) دژبەیەکى درێژکراوەى شەرعیەتى شۆڕشگێڕی شاخە ، ئەم عەقڵیەتە ناتوانێت کۆتایى بەترس و دڵەڕاوکێ وناجێگیرى کۆمەڵایەتى بهێنێت .

لەسەرتاى ڕاپەڕینەوە ئیستاشى لەگەڵدابێت ئەم دەسەڵاتدارانەى درێژکراوەى عەقڵیەتى شۆڕگێرى شاخن بۆ ساتیکیش بێت نەیانتوانیوە کێشەودوژمنایەتى ڕابردوویان بەشێوەیەکى شارستانى چارەسەر بکەن وکۆتایى بەم عەقڵیەتە دەرەبەگایەتیە بهێنن ، بۆیە ئەتوانین بڵێین تا ئەم عەقڵیەتە حکومڕانى کوردستان بکات ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوکێ و ناجێگیرى کۆمەڵایەتى بەرۆکى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بەرنادات ، ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کەبەعەقڵیەتى شاخ حکومڕانى شار ناکرێت .

 

د. موحەمەد ئەمین عەلی عومەر

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام