هەرچەندە بابەتەکەم یەک ناونیشانە، بەڵام وا دەخوازێت کە کورتەیەک لەسەر فەلسەفەی بوونگەرایی (Existentialism) ئاماژە پێبدەم. لەبەرئەوەی سروشتی ئەو فەلسەفەیە بەجۆرێکە ئەگەر لە ئاستە تیۆریەکەی بریتی بێت لە تێکستە تیۆریەکانی فەیلەسوفان،  ئەوا لە ئاستە پراکتیکیەکەیدا بریتییە لە پراکتیزەکردنی بیرۆکە تیۆریەکان لە دووتوێی دەقە ئەدەبیەکاندا، بۆیە بیرۆکە و چەمکە تیۆریەکان تێکەڵ بەدەقە ئەدەبیەکان دەکرێن، بەشێکی زۆر لە فەیلەسوفە بوونگەراکان لە چوارچێوەی دەقێک و لە فۆرمێکی ئەدەبییدا، پرسێک یان چەند پرسێکی بوونگەرایی دەوروژێنن، کە لەیەککاتدا سەرەڕای بەهاو چێژی ئەدەبی، بەهای ڕاستی و دروستی و کۆمەڵێک بەهای ئاکاری و مرۆیی لەخۆ دەگرن، کە ئەمەی دواییان بەتەواوی لە سنوری فەلسەفەدایە.
فەلسەفەی بوونگەرایى فەلسەفەی (خود)ە نەک بابەت، فەلسەفەی سوژەیە، فەلسەفەی مرۆڤە وەک هەبووێک لەناو بووندا بەم پێیە، هەر لەسەر پەیوەندی مرۆڤ بە بوون کاردەکات، میتۆدی ئەم ڕەوتەی فەلسەفاندن، (فینۆمینۆلۆجی) یە، واتە چۆن دیاردە لە  (هۆش) بۆ من دەردەکەوێت یا خۆی دەردەخات. گرنگترین چەمکە کلیلی و بنەڕەتییەکانی ئەم فەلسەفەیە بریتین لە (ئازادی، نیگەرانی،، ترس، نامۆبوون، پوچیەت، خۆکوژی، یاخی بوون، هتد…)
ئەگەرچی ئەم تەوژمە فەلسەفیە نوێیە بەبەراورد بە ڕێبازەکانیتر سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، بەڵام ڕابەرانی بڕوایان وایە فەلسەفەیەکی ڕەسەنە و ڕیشەکەی بۆ یۆنان دەگێڕنەوە وەهەروەها ڕەوتە باوەڕدارەکەی (یەسوعی مەسیح) بەنموونە دەهێننەوە کە پێیان وایە ئەزموونەیەکی (وجودی) بووە. بۆچونێکی دیکەش هەیە کە هەندێک لە مێژوونووسان و نەیارانی ئەم فەلسەفەیە دەڵێن، ئەم فەلسەفەیە فەلسەفەی سەردەمی قەیرانە لە هەناوی تەنگژە و ناکۆکییە گەرمەکانی سەدەی بیستەم هاتۆتە دەرەوە. ئیتر هەرچۆنێک بێت ئەوەی گرنگە ئەوەیە، خاڵی دەستپێک و دواهەمین ئامانج لەم فەلسەفەیەدا: (مرۆڤــ) خۆیەتی.
ئەم فەلسەفەیە بەدوای شوناس و ماهیەتی مرۆڤ لەناو بووندا دەگەڕێ، بۆ ئەم مەبەستەش تەنها گەڕانەوەیە بۆ خودی مرۆڤ خۆی، واتا مرۆڤ تاکە ئامرازە بۆ تێگەیشتن لەخودی خۆی.
ئەم ڕەوتە بە بابەت و میتۆدی نوێ و جیاواز دەرکەوت، ڕابەرەکانیشی لە چوارچێوەی ئەدەب بە جیهانبینەکی بوونگەرایانەیە بابەتەکانیان دەنووسی بەتایبەت لە چیڕۆک و ڕۆمانەکانیاندا، ئەمە بەڕوونی دیارە.
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی ئەم فەلسەفەیە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا. وەکو پەرچەکردارێک بەرامبەر بە سەراو ژێربوونی ئامانجەکانی ڕۆشنگەری،  لەئەنجامی هەڵخڵیسکانی مرۆڤ و کەوتنە گۆمی بەربەریەتەوە، لە عەقڵانیەتەوە بەرەو ناعەقڵانیەت، لە مەدەنیەتەوە بۆ هەمەجیەت.
بەمشێوەیەش فەیلەسوفی بوونگەرا، خەریکی ئەزموونکردنی خودی گرفتەکانە لە بووندا، لەلای بونگەراکان ((بوون)) بنەڕەتی هەموو شتێکە و پێش ماهییەتی دەخەن. بەمەش کۆجیتۆ و عەقڵ سەنتەریزمی( ڕێنیە دیکارت) هەڵدەگێڕنەوە. ئا لێرەوە لەبابەت و میتۆد جیادەبنەوە.
خەباتی بوونگەراکان لەپێناو مرۆڤە، دروستتر بڵێین لەپێناو پڕۆژەی (مرۆڤ) لە (بوون) دایە، بوونگەراکان ماهیەتی مرۆڤ وەکو ماهیەتێکی ناجێگیرو کراوە کە لە گۆڕانکاری دایە دەناسێنن.
گرینگترین پرسیارێک کە بوونگەراکان وروژاندیان، ئەم ناعەقڵانیەتە لە گەردوون بۆ؟ ئایا ڕەهەندی باڵا لە مرۆڤ تەنها عەقڵانی بوونە؟ ئایا بەتەنها عەقڵ دەتوانین ژیان بکەین؟ بەمەش تەوژومی مۆدێرنیتەو ئامانجەکانی ڕۆشنگەری و لۆجیکی سەرمایەداریان خستە ژێر ڕەخنەی توند دوای ئەوەی کە ئەنجام و ئامانجەکانیان بەیەکەوە ناکۆک بوون.
هەموو ئەم باس و خواسانە خزانە نێو ڕێڕەوی ئەدەب. لەوێ لە کۆنێکستی ئەدەبدا فەیلەسوفە ئەدیبەکان، کەوتنە تاوتوێکردنی گرفتەکانی مرۆڤ لەبووندا، ئەمەش بەتایبەتی لەلای نوێنەرانی بوونگەرا، (سارتەر و کامۆ) زۆر بەڕوونی دیارە.

ڕەنگدانەوەی جیهانبینی بوونگەرایى لە ئەدەبی کوردیدا:
لەنێو ئەدەبی کوردیدا  لە باشورى کوردستان،  هیچ ئەدیبێکی دیاریکراومان نیە بچێتە خانەی بوونگەراییەوە بەواتایەکی تەواو بوونگەرابێ، واتا بەچاویلکەیەکی بوونگەراییانە بڕوانێتە بوون و بوونی مرۆیی و خەریکی ئەو بابەتانە بێ کە دەکەونە سنوری فەلسەفەی بوونگەراییەوە ، بەڵام تاک و تەرا هەندێک بەرهەم دەکەونە بەرچاو کە لە گۆشەیەکی بوونگەراییانەوە دەڕوانێتە بوون و بایەخ بەگرفتێکی ئۆنتۆلۆجی و بوونی بدات. هەڵبەتە لەلای میللەتانی تر پرسی بوونگەرایی و زیاتر بەرەو پێشەوە چووە و لەناو کلتوری کورددا هەنگاوی نەهاویشتووە و چەکەرەی نەکردووە، ئەمەش بەبۆچوونی ئێمە تایبەتمەندی میللەتی کوردە لەسەدەی بیستەم کە خاوەنی دۆزێکی جیاوازە کە کێشەی شوناس و خەباتی نەتەوایەتی بوو لە ناوچەکەدا، بۆیە دەبینین ئەدەبی کوردی سەدەی بیستەم خاوەن تەرزێکی ناسیونالیستیانەیە وە ئەمەش بەجۆرێکە وەکو تارماییەک تێکڕای ئەدەبی کوردی تەنیوە، بۆیە دەتوانین بڵێین شوێنێک نەماوەتەوە لە ئەدەبی کوردی لای شاعیرانی کورد کە هەستی نیشتیمانپەروەری و پڕ حەماسی نەیتەنیبێ، هەروەک لای “هێمن” بە ڕوونی دیارە،
(تەنانەت وەختی دەستبازی لەگەڵ یار ئەمن ئەی نیشتیمان تۆم هەر لەبیرە) لەم نموونەیەدا هەستی بەهێزی نیشتیمانپەروەری شاعیر، زاڵترە لە هەستی تایبەتی و بوونگەراییانەى ئەو، هەستی چرکە ساتی لەگەڵ یار بوون کە بنەڕەتی و بوونی ترە لەهەستی نیشتیمانپەروەری دەبینرێت، هەستی بوونگەراییانەى ئەو پلەیەک پاش هەستی نیشتیمانپەروەرانەی دێت، هەستێکی لاواز و نا ئامادە و نا چاڵاکە، هێمن پێمان دەلێت: من و یار و شیعریش قوربانی نیشتیمان. لەلای”هەژار”یش ئەم هەستە نیشتیمانپەروەرییە بەشێوەیەکی تر خۆی مانیفێست دەکات بارگاوی دەکرێت بەکۆمەڵ ئەقوالی ئاینی. هەڵبەتە ئەمە میراتێکە و پێش ئەم شاعیرانە، لای خانی و جگەرخوێن دەست پێدەکات دواتریش ئەم هەستە گشتیە (دەستە جەمعی)یە لای زۆربەی لە شاعیرە نوێکان و گروپی ڕوانگەش بەردەوامی دەبێت.
بەو پێیەی کارکاردن لەنێو ئەدەب و هونەر، خۆی پرۆسەیەکە کە ڕەنگدانەوەی خودی  هۆش و ئاگامەندی و هەستی نووسەرەکەیەتی بەڵام ئەدەبی بوونگەرایانە ئەوەیە کە بوونی مرۆڤ و خودی خۆی دەکاتە کەرستەی توێژینەوە، واتە کەرستەو بابەت و میتۆدی خۆی هەیە بەم پێیە ناتوانین  هیچ شاعیر و ئەدیبێک بەتەواوی بخەینە ئەم چوارچێوەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەدەبی کوردی لە چاو گەلانی ناوچەکە لە ڕەهەندە بوونگەراییەکەى کورتی هێناوە.
بەڵام یەکێک لەم شاعیرانەی کورد کە سەرنجی زۆر بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت،
“م.ئەحمەد هەردی”یە. ئەوەی جێگای سەرنج و بایەخە، وە زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکرێت لای هەردی ئەوەیە کە بە هەستێکی بوونگەراییانەی زۆر تایبەتی دەنوسێت، جیاواز لەو هەستەی پێشوو کە لای شاعیرانی وەک (خانی و جگەرخوێن و سالم و کوردی و هێمن، هتد….) هەبوو.
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین، هەستی نامۆیی و تەنیایی، بێ ئارامی و بێزاری باڵی بەسەر کۆی شیعرەکانیدا کێشاوە. ئەگەر لەناو دێری شیعرەکانیشدا بگەڕێیین هۆکاری ئەو بێزاری و نامۆییەیە نادۆزینەوە، چونکە ناکەوێتە ناو بوونی مادییەوە بەڵکو هۆکارەکە لە دەرەوەی بوونی ماددیە. نیگەرانی و بێزاری ئەگەر هۆکارەکەی لەناو بوونی ماددە دابێت، ئەوا بە نیگەرانی ئۆنتۆلۆجی دانانرێت بەڵکو نیگەرانیەکی ساختەیە و ناڕەسەنە. بەڵام ئەو نامۆییەی لە بونیادى ئەو (شاعیر)ە دایە، ڕیشەیەکی ئۆنتۆلۆجی و “بوونگەرا”یانەی هەیە. واتا نامۆیی و بێزاریەکی ئۆنتۆلۆجی، ڕەسەن و زیندووە. ئەوەی زۆر بە زەقی دیارە لە شیعری، “بێ ئارامی” کە لەساڵی 1938 نوسیوویەتی:
ئاخ و داخ و دەرد، لەدەست تەنیایی،
پەشێوی بێ حەد، دەردی بێ دوایی
(هەستکردن بە تەنیایی بەمشێوەیە لەناو ئەو هەموو   جەنجاڵییەی ژیان، سەرەتای چرکە  ساتێکی فەلسەفییە، کە مرۆڤ هەست دەکات فڕێ دراوەتە ناو ئەو گەردوونە و بە تەنیایە)
ئەم سەرسامیە (سەرسام بوون، یەکێک لە خەسڵەتەکانی بیری فەلسەفییە)
بێ ئارامیە
دڵ ناکامیە
کەی کۆتایی دێ؟
نە لەناو گوڵزار
نە لای خزم و یار،
ئۆقرە ناگرم…!
(ئەو بێ ئارامی و بێ ئۆقرەیی و نیگەرانییە، لێرەدا کە هیچ هۆکارێکی ماددی و سۆزداری لە پشت نییە، ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەم هەستە ئۆنتۆلۆجی و ڕەسەنە )
لە دەست شار هەڵدێم، دەچمە ناو گوڵزار
لەوێش هەڵناکەم، دێمەوە ناو شار!
وەک ئارام نەماو
دڵ و پێ سوتاو
خانەی خەو ڕوخاو
لە دنیا بێزار…!
کە بە تێکەڵبوون، وەها بێزارم
بۆچ بە تەنیایی پەشێوە کارم؟! (دووبارە پرسیارکردن لەم هەستکردن بە تەنیا بوونە و واق وڕمان لەناو ئەو هەموو هەراو زەنایەی گەردوون، بە دۆخێکی بوونگەرایانە دادەنرێت.)
بۆ وەک ڕەنجەڕۆم؟
وەڕس بووم لە خۆم
بۆ هەر کوێ ئەڕۆم
دڵ بێ قەرارم؟!
بەمشێوەیە ئەم ڕوکردنە (خود) یە، لە کۆنتێکستی شیعریدا، تاوتوێکردن و وتوێژکردنی (خود) ، داهێنانی ستایلێکی تەواو نوێیە لە ئەدەبی کوردییدا،  هەردی یەکێکە لەو شاعیرانەی کەم لەسەری نوسراوە، بەڵام چەند بۆچونێک هەن لەسەری لەم چوارچێوەیەشدا ڕەخنەکراوە لەلایەن (کاکەی فەلاح)ەوە،  بەڵام بۆچوونی گرنگ لەبارەیەوە بۆچوونی (گۆران)ە، کە وتویەتی: (هەردی قوتابخانەیەکی زۆر نوێ و تایبەتە لە ئەدەبی کوردی) دا.
ئەوەی کە ماوە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت، ” هەردی” لە پێشەکی دیوانی (ڕازی تەنیایی) دا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو خوێنەرێکی بواری فەلسەفە بووە زیاتر لەوەی خوێنەری ئەدەب و دیوانی شاعیران بێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە بەداهێنەری ئەو شێواز و ستایلە نوێیە دادەنرێت، ڕەنگە خود ئاگایانە بەرەو ئەو شێوازە و ستایلە چووبێت، چونکە ئەم هەستە چاڵاکە تایبەتە، باڵی بەسەر زۆربەی شیعرەکانیدا کێشاوە.

هاوڕێ خالید

 

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام