وتەبێژی پەرلەمانی ئێران بە میدیای وڵاتەكەی رایگەیاند، تەواوی كۆبونەوەكانی پەرلەمانی ئێران تا كاتێكی نادیار هەڵپەسێردراوە، ئەوەش بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەسەدوڵا عەباسی، وتەبێژی پەرلەمانی ئێران ئێوارەی ئەمرۆ هەینی رایگەیاند، “لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران و بەهۆی تەشەنەسەندنی پەتای كۆڤید-19 لە وڵاتدا، تا كاتێكی نادیار كۆبونەوەكانی پەرلەمان رادەیگیرێن”.

ئاماژەی بەوەشكرد “بەوهۆیەوە پرۆسەی دەنگدان و متمانەدان بە كاندیدی وەزیری كشتوكاڵ دوادەكەوێت و حكومەت ناچاردەبێت رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران رابسپێرێت بۆ راییكردنی كارەكانی ئەو وەزارەتە بە شێوەیەكی كاتی”.

محەمەد عەلی وەكیلی، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێران پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری فەرمی خۆی بە تویتێك توشبونی چوار پەرلەمانتاری ئێرانی بە پەتای كۆڤید-19 بڵاوكردەوە و رایگەیاند، “ئەوان تەنها 4 كەسن لەنێو 30 كەسی دیكەدا كە پشكنینیان بۆ ئەنجامدراو”.

بەپێی تویتەكەی وەكیلی، “توشبونی ئەو چوار پەرلەمانتارە ئێرانییە پشتڕاستكراوەتەوە، لەكاتێكدا هاوكات لەگەڵ پشكنینەكانی ئەو چوار پەرلەمانتارە پشكنین بۆ 26 كەسی دیكە كراوە”، بەڵام وەكیلی ناوی ئەو 26 كەسەی دیكەی بڵاونەكردوەتەوە.

بەهۆی تەشەنەسەدنی پەتای كۆڤید-19ەوە لە ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە 23 پارێزگای ئەو وڵاتە نوێژی هەینی ئەنجامنەدرا و یەكێك لەو پارێزگایانەش تارانی پایتەخت بو، كە حاڵەتی توشبونی تێدا تۆماركراوە.

هەر ئەمڕۆ هەینی،  ره‌زا پورخان عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌شاری رودباری سه‌ر به‌پارێزگای جیلان له‌باكوری ئێران به‌هۆی توشبونی به‌ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ گیانیله‌ده‌ستدا.

شەوی رابردوش میدیای ئێرانی بڵاویكرده‌وه‌، هادی خه‌سره‌وشاهی، كه‌سایه‌تی ئاینی و دیپلۆماسی ئێران و باڵیۆزی پێشوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ڤاتیكان به‌هۆی توشبونی به‌ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

سەبارەت بە دوایین ئامارەكانی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵات، ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی تەندوستی ئێران بڵاویكردەوە “له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا 143 حاڵه‌تی نوێی توشبون به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوه‌، 8 كه‌سی-یش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، به‌وه‌ش ژماره‌ی توشبوان به‌و ڤایرۆسه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ 388 كه‌س و گیانله‌ده‌ستدانیش بۆ 34 حاڵه‌ت به‌رزبوه‌ته‌وه‌”، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، 73 توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبونه‌ته‌وه‌و ڤایرۆسه‌كه‌یان په‌ڕاندوه‌.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام