– تا مردن و نەمان هەبێت، غەریزەی مانەوە، ڕاستەقینەترین دیوی مرۆڤە. بەڵام ئەم دیوەش خۆی دوو دیوە. دیوێکی داهێنەرو دیوێکی کاولکەر!

– دیوە داهێنەرەکە، ژیاندۆست و بەخشندەیەو دنیا لە وێنە گەورەکەداو ژیان لە بەردەوامیی ژیانە گشتییەکەدا ئەبینێ. بەڵام دیوە کاولکەرەکە بەعەکسەوە، خۆپەرست و چاوچنۆکەو ژیان لە مانەوەی خۆیدا ئەبینێ نەك لە مانەوەی خودی ژیاندا.

– ئینسانی جۆری یەکەم، کە قەیرانێکی بۆ بێتە پێش، ئەتوانێ بەسەریدا زاڵببێت، چونکە پێش هەرشتێ، ئەو خۆی قەیرانێك نیە! بەڵام مرۆڤی جۆری دووەم، کە قەیرانێکی بۆ بێتە پێش، جگە لەوەی ناتوانێ چاکیکات، خراپتریشی ئەکاو قەیرانی تریشی بۆ ئیزافە ئەکات، چونکە ئەو خۆی، کوتلەیەکە لە قەیران!

– ئیتر یەکەمیان ئەگەر هەست بکا، توشی ڤایرۆسەکە بووە، خۆی ئیخباری لەخۆی ئەداو ئەچێتە ژێر چاودێری. بەڵام دووەمیان ئەگەر بشبرێ بۆ ژێر چاودێری، لەوێ ڕائەکاو یەتەوە ناو خەڵك!

– ئیتر یەکەمیان خەمیەتی چۆن لەگەڵ ئەوانیتر هاوکاربێ و هەمووان پێکەوە دۆخەکە تێپەڕێنن. بەڵام دووەمیان تەنیا خەمی خۆیەتی و لەپاڵ قەیرانە ناکاوەکەدا، قەیرانی کەمامەو قەیرانی بەنزین و قەیرانی مەلاشی بۆ ئیزافە ئەکات!

– لێرەدا ڤایرۆسەکە کۆرۆنا نیە، مرۆڤی ئەنانییە، کە ئەیەوێ لەسەر حسابی ئەویتر بمێنێتەوە. چارەسەریش پێشئەوەی دەرمان و ڤاکسینێك بێت، جۆرێکی تری مرۆڤە، کە بیەوێ خودی ژیان بمێنێتەوە، ئەگەرچی لەسەر حسابی خۆشی بێت!

– ئێمەش بایی ئەوە زانست و تەکنەلۆجیاو موختەبەرو کەرەستەی پزیشکیمان نیە، کە بڵێم وەرن با ڤاکسینی کۆرۆنا بدۆزینەوە. بەڵام ئەگەر بیخەینە ئیش و بەکاری بهێنین، هەر مرۆڤێك بایی ئەونە عەقڵی هەیە، کە لە مرۆڤێکی خۆپەرستنەوە ببێ بە مرۆڤێکی ژیاندۆست.

– با دۆخێکی وا بکەینە دەرفەت، بۆ تێگەیشتن لەو شتە سادەیەی، کە ژیان بە لەدایكبوونی ئێمە دەستپێناکاو بە مردنی ئێمە کۆتایی نایەت. بەڵکو خودی ئەو دوو ڕووداوە لەناو ژیاندا ڕووئەدەن و ژیان بوونە گەورەکەیەو بوونی ئێمە، تەنیا بوونێکی بچوك و لێکەوتەیەکی ئەو بوونە مەزنەیە.

– پرسە گرنگەکەش، مەسەلەی ژیانپارێزییە نەك خۆپارێزیی. هەر خۆپارێزییەکیش، ئەگەر لەمانای ژیانپارێزییەوە نەهاتبێ و نەچێتەوە ناو مانای ژیانپارێزیی، ئەوە لە خودی ڤایرۆسەکە خەتەرترەو پێش ئەوەی ڤایرۆسەکە بمانخوا، ئێمە لە پرۆسەی خۆپارێزییەکەدا خۆمان یەکتری ئەخۆین!

– ئینجا وەلەو ڕەبتی بە بابەتەکەوە نیە، وەڵا هەشیەتی بۆ نیەتی، خۆ ڤایرۆس هەر ڤایرۆسە!

ئەمەوێ بڵێم، مەلای دەمپیس و دژەمەلای دەمپیس، قەومیی دەمپیس و دژەقەومیی دەمپیس، دینداری دەمپیس و مولحیدی دەمپیس، دەسەڵاتچی دەمپیس و موعارەزەچی دەمپیس.. ئەمانە هەمووی یەك شتەو لە عەقڵێکی پیسەوە دێت.

– عەقڵی پیس، عەقڵێکی تاکڕەهەندە، کە خۆی بە خاوەنی حەقیقەت ئەزانێ و ئەم حەقیقەتەی ئەکات بە قامچییەك پشتی ئەوانیتری پێ سورئەکاتەوە.

– عەقڵی پیس، لەڕێگەی ئەم حەقیقەتە تاقانەیەوە (کە ئیتر نایخاتە ژێر پرسیارەوە) ڕق و توندڕەوی و دەمارگیری دروستئەکاو دنیا دابەشی ڕەشوسپی ئەکاو موقەدەسێك لەمبەرو شەیتانێك لەوبەر قوتئەکاتەوەو دنیا لە شوێنی پێکەوەژیانەوە ئەکاتە ساحەی مەعرەکەی ئەم دوو بتە!

– عەقڵی پیس، حەقیقەتەکەی ئەکاتە بنەمای جیاکاری و جیاوازی پێئەسڕێتەوەو فاشیزمی پێ بەرهەمئەهێنێ و یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی پێ لاقە ئەکات.

– عەقڵی پیس، پێیوایە دنیا هەر ئەو شتەیەو چارەسەر هەر ئەو شتەیەو کێشەش هەر نەسەلماندنی ئەو شتەیە. لەکاتێکا دنیا فرە ڕە‌هەندەو هەموو شتەکانی ناویەتی و دنیا بەتەنیا هیچ یەکی لە شتەکانی ناوی نیە.

بەکورتی عەقڵی پیسبوو، عەقڵێکی داخراوە لە شتێکدا، ئیتر شتەکە هەرشتێك بێت.

– بەڵام ئاگاداربە عەقڵی پاك بوونی نیە. عەقڵی پاك هەر ئەو وەهمەیە کە عەقڵی پیس لای دروستئەبێ و وائەزانێ ئیتر عەقڵێکی پاك و سەلیم و پێرفێکتە!

– بەڵکو ئەوەی کە هەیە، پرۆسەیەکی بەردەوامی پاککردنەوەی عەقڵە، لەو شتانەی کە پیسی ئەکەن. ئەوەشی کە عەقڵ پیس ئەکات، هەر ئەو شتەیە کە ئیتر نایخەیتە ژێر پرسیارەوە.

ئیتر ئەمە ئەبێتە یەقین و یەقینیش ئەو شتەیە کە ئیتر لەگەڵ خۆتا بیری لێناکەیتەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەودا شەڕی لەسەر ئەکەیت و دنیای پێ خراپ ئەکەیت.
– زوو زوو چێکێکی خۆت بکەو بزانە ئەو ئەفکارو شتانە چین کە نایانخەیتە ناو گومان و ژێر پرسیارەوە.

ئەوانە دەستنیشانبکەو جارێکی تر بیرێکیان لێبکەرەوە. لێرەوە بڕێك شەڕەکانت کەمئەکاو خزمەتێکی باشی دەروونی خۆت و دنیاکەش ئەکەیت و کۆدی پێکەوەژیانیش لەگەڵ ئەودا، ئەم ئاوڕدانەوەیەیە لە خۆت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام