سواڵکەر پەیەوەندی بە دارایی و نەداری، دەوڵەمەندی وھەژارییەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە پێکھاتەو چۆنیەتی ژیان و تەبیعەتەوە ھەیە.

گەلی کورد چونکە ھیچ کاتێک تامی ئازادی وسەرفرازی نەکردوەو نایزانێت،ھەمیشە لەژێر نێڵەی چەوسانەوەو ھەژاری وداماوی و ئاوارەییدا بووە، ئیتر ئەمانە بوون بە بەشێک لە پێکھاتەکەی، ھەروابەئاسانیش ناتوانێت تێپەڕێنێت، ئەگەر ھەر تاکێکی کوردی بەدۆلار ملیۆنێر بێت، چونکە لەگەل ئەقڵیەتی سوالکەری بوونەتە دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاو، سروشتی بۆتە سواڵکەر،هەر سواڵکەرە.

کاتێک تاکی کوردی بە درێژایی مێژوو دەسەنەوخوار، چاولەدەستی خەڵک، کەسایەتەکەی پارچە پارچەو تێکشکاوە، ئیتر بەئاسان چاک ناکرێتەوە، نەک درۆکردن، جاشایەتی، خیانەت، نیشتیمان فرۆشی، دەستپانکردنەوە، ماستاوکردن وخۆ بچوککردنەوە تەرک ناکات بەلکو ھەر بەردەوامە لەسەری.

– ئێستا شاسواربە تەنکەرێ نەوتەوە بچێتە بەردەرگای کابرایەک کە پێنچ بەرمیل نەوتی ھەبێت وئەم پێنچ لیتری بداتێ کابراوەریدەگرێت چونکە بە سروشت سواڵکەرە.

– دە لیتر بداتە ملیۆنێرێک وەریدەگرێت ودەڵێ باھەرھەبێت، چونکە تەبیعەتی سوالکەرە، خۆ لەخۆە نیە کورد دەڵێت”ماڵی زیادە سەرناشکێنێت”.

– گەلی سواڵکەر کە پارەیشی هەبوو برای خۆیشی ناناسێت،چونکە مێشکی خاڵییە لە ئەقڵ لووتی لە ئاسمانە.

– تاک وخێزانی گەلی سواڵکەر چاوچنۆکن بۆ یەکتر، بەڵام ئەگەرخۆیان هەیان بوو، ڕێزی شت ناگرن،ئەگەر ئێوارەیەک چوار پەرداخ برنج پێویست بێت، ئەوان هەشت دەکەنە ئاو دوایی فڕێی دەدەن ، بەلام نانێ نادەن بە دراوسێ هەژارەکەیان و بێزیشیان نایە سەیری بکەن، لە کاتێکدا خۆیشیان سوالکەرێکی پارەدارن.

– گەلی سواڵکەر چونکە هیچ کات دەوڵەتی نەبووە، هەمووی بوونەتە حیزبی،حیزبی بوونیش وەسیلەیەک نیە بۆ ئامانجێکی گشتی وەک لە دنیادا هەیە، تەنها وەسیلەیەکە بۆ خۆژیاندن و مشەخۆری و گیرفانپڕکردن،کام حیزب کام سیاسی پارەی بداتێ ئەو بژی بژی پێدەڵێت، ئیتر ئەو حیزبە یان ئەو سیاسییە بڵێت ماست ڕەشە، دەڵێت ڕەشەو هەرچی خیانەت هەیە بیکات ئەو پاساوی بۆی هەیە، چونکە بۆتە کاڵا، کێیش کاڵا بکڕێت ئەو ئامادەیە.

– ئەگەر سەیری گۆران بکەین، چونکە ئەویش سواڵکەرە کاتێک دەڵێین هێندە پارەت لەیەکیتی وەرگرتوەو هێندەیش لە پارتی، سەرەتا حاشادەکەن، سوکایەتی دەکەن، کاتێکیش بەڵگەکان بلاو دەبن، هیێندە بێشەرم و بێ حەیان دەڵێن”جا کاکە بۆ وەرینەگرین، پارە لای پارتی و یەکیتیە، هەقی خۆمانە” وەستا علی کاشی داماویش کە ڕێژوانی کوری شەهیدکرا مەسعود تەلەفۆنی بۆ کردو داوەتی کرد، هەر گۆرانەکان هێندە سوکایەتیان پێکردو شکاندیان، نەچوو بۆ لای مەسعود نە پارەی وەرگرت، ئێستا ئەو قاچێکی لەدەست داوەو هیچی نیەو گۆرانەکانیش چوونە لای مەسعودو پارتی و گیرفانیان پڕکرد.

– ڤیدۆی کابرایەکم بینی تاریفی پارتی ویەکێتی دەکات وگلەیی لەخەڵکی دەکات، دەڵێ مانگانە دوو ملیۆن موچەم ھەیە، خانووم ھەیەو سەیارەم ھەیە، بەلام تەنەکەیە چڵکی پێوەیەو دەست فرۆشی دەکات، بۆ؟چونکە سروشتی سواڵکەرە، تەبیعەتی سواڵکەرە، دنیای بەرێ هەرسواڵکەرە.

– چاکەکار ئەوکەسەیە چاکە بۆکراو باسی بکات نەک خۆی، تۆ کە چاکەیەک لەگەڵ کەسێک دەکەیت، ئەوکەسە خۆی باست دەکات، پێویست ناکات تۆ جاڕی بۆ بدەیت، کە جاڕت دا ئیتر چاکەت نەکردووە، بۆ ناو ناوبانگی خۆتت کردوە.

– جا ئەوە جارێکیان برادەرێک داوای تۆزێ پارەی لە دەولەمەنێکی تازە هەڵتۆقیوی گردەکە کردبوو، ئەم یارمەتی نەدابوو، بەڵام بە دەیان کەسی وتبوو فلانە کەس داوای پارەی لێکردووم! بەشەرتێک ئەوکەسە هەموو ناوچەی سلێمانی گەڕابوو تا دەنگ بۆ ئەو ئەندام پەرلەمانە کۆبکاتەوە، ئێ ئاخر پیاوی مەرد خۆ یارمەتیەکەت نەداوە، ئیتر بۆ لە کۆڵی نابیتەوەوکەسایەتی دەشکێنی؟!

– ئێستا کە شاسواربڕێ سوتەمەنی بەخشیوەتەوە بۆ؟، ئەو سیاسەت دەکات، بۆ راکێشانی سەرنجی خەلکە بۆ ئایندەی خۆی وگروپەکەی بۆ ھەلبژاردنەکان، بە پێی ئەخلاقی دینی و کۆمەڵایەتیش هەر چاکەو خێرێک باسکرا یان شتێکی لەپشت بێت ناچێتە خانەی خێرو چاکە کاری، هەڵبەتە ئەم باسەی من پەیوەندی بە کارەکەی شاسوارەوە نیە هێندەی لە گەلێکی ئەقڵ سواڵکەر دەدوێم، ئاخر ئەم بەزمە دەمێکە بۆتە مۆدێل.

– ئەوەتا شانازی ئیبراهیم ئەحمەد دەیان هەزار دۆلاری یارمەتی موبارەکی دا و خانوەکەی بۆ گۆڕی، لاهوری شێخ جەنگی مەسرەفی منداڵێکی نەخۆشی کرد، فڵانە مەسئول ئەم بڕە پارەیەی دا بە بریندارێکی چەکی کیمیاوی، هەموو ئەمانە بۆ خۆدەرخستنە نەک چاکەکاری، لەوە بەدەر هەر ئەم شانازو لاهورو مەسئولە، کەبابێ بۆ کەسێک ناکڕن ئەگەر نەیخەنە سەر پەرەی ڕۆژنامەکان و سۆشیالمێدیا.

چەندە شەرمە خەڵکانێکی پارەدار کە سامانەکەی سەرلەبەری ھی خەلک بێت و بێت خێرت پێبکات تۆیش بە زەلیکی ریز بیت بۆ پێنچ لیتر نەوت.

ئاخر ئەمە سوکترکردنی تاکی کورد نەبێت چیە؟لەسەردەمی ئایپات و چونی تەکنۆلۆژیا بۆ هەموو سوچ و کۆڵانێک، لەسەردەمێکدا کە ژێرخانی باشوری کوردستان لانی کەمی بەشی ئەوە دەکات هەموو تاکێکی کوردشاهانە بژی، کەچی تاکی کورد لەڕیزدا دەوەستێت بابەیەک خێری پێبکات.

بنەماڵەی بارزانی سەدان ملیار دۆلاری خەلکیان دزیووە، کەچی ڕێکخراوەیەکیان داناوە بە ناوی مەلا مستەفاو بە پارەی دزی خێر بە خەڵکی دەکەن و تاکی کورد وێرانتر دەکەن، وادەکەن هەمیشە خەڵکی کوردستان چاویان لە دەستی ئەوان بێت.

ئینسان بونەوەرێکە دەبێت بە کەرامەتەوە بژی، نەک ڕێز ببەستێت بۆ پێنچ لیتر نەوت یان تەبەقێ هێلکەو خەڵکانێک خێری پێبکەن و زۆمی کامێرا بچێتە سەر روخسارەکان و لە تیڤیەکانەوە دەیان جار پیشانی بدەن.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام