خوێندنەوەی كتێبی جەستەیەكی لاواز بە خاچەوە.
لە شەوێكی تاریكی زستانی ساڵانی یەكەمی پاش ڕاپەڕین، لە سلێمانی، پیاوێكی قژلولی چاویلكە لە چاوم ناسی بە ناوی دوكتۆر حەكیم. من لە گەرمیانەوە بۆ ئەوە هاتبوم لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی تەندروستی كۆمەڵ بخوێنم، ئەویش هەروەها. هەریەكەمان مێژویەكی جیاوازمان هەبوو.

حەكیم لە سەرەتای شەستەكان لە سایەی چڕە دوكەڵی ماڵە سوتاوەكاندا لە گوندی ژاڵەناوی نزیك شاری دەربەندیخان لە دایك دەبێت. بەر لە هەموو شتێك، وەك مناڵە جوتیارێكی لادێی شەڕی ناوخۆی كوردی پێشوازی لێدەكات، پاشان هەژاری، ئینجا هەستكردن بەم دۆخە.

كتێبی جەستەیەكی لاواز بە خاچەوە، لەم پاشخانەوە دەست پێدەكات. كە لە گوندەوە دێنە شار حەكیم لە جوتیارەوە دەبێت بە كرێكار. ئەم وەرچەرخانە ئەوەندە لە ئاستی ئاگاییدانیە هێندە كە لە ئاستی كرداری و سیاسیدایە. جوتیار بونەوەرێكی نەبوە لە ئاگایی سیاسی چەپی كوردیدا. ئەمە ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕقەی كە ماركس لە جوتیارانی هەیە. لە نوسینەكانی دەربارەی گوندی هیندی و هەروەها لە كتێبی ١٨ برۆمیردا ماركس ناشۆڕشگێڕی جوتیاران بە بێزاریی و زمانێكی سوكەوە ڕاڤە ئەكات. دەكرێت ئەم دەقە وەك ئەدەبی چەپی جوتیاری/كرێكاری بخوێندرێتەوە. بەڵام قورسیی ئەم دەقە لەوەدایە كە وەك دەقێكی شاراوە بخوێندرێتەوە. دەقی شاراوە چەمكێكی تایبەتە كە جوتیارناس و لێكۆڵەری گەورە جەیمس سكۆت پێمان دەناسێنێت. مەبەست لە دەقی شاراوە ئەو دەقانەیە كە هەڵگری خەسڵەتەكانی بەرگرین بەڵام بە هۆكاری ئایدەلۆژی ناچنە خانەی ژانڕە ناسراوەكانەوە.

بە جۆرێك نە جوتیاران وەك پەتاتەی ناو سەبەتەیەك وەهان و نە بونەوەرێكی دونیایەكی نەگۆڕی پڕ لە دوبارەن، وەك ماركس وێنایان دەكات.

بەڵام ئەگەر ئەمە پاشخانی ئایدەلۆژی بێت، ئەوا بایەخی ئەم دەقە لە ئاستی تردا زێدە گرنگە. حەكیم بە ووردی و ڕاستگۆیی ئازاری ڕۆژانی بەندی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە بەندیخانەكانی بەعس. ئەدەبیاتی ئێمە دەربارەی بەعس، هەوڵی ئێمە بۆ بەرجەستەكردنی ئازارەكانی بەعس هەمیشە خۆی لە دوو خەسڵەتدا بینیوەتەوە: یەكەم ئامار، دووەم، گشتگیریی.

ئێمە بەردەوام ژمارەی قوربانیان دەڵێین و باس لە تاوانی گەورە دەكەین. بەڵام ئەم میتۆدە لە كاتێكدا كاریگەری سنوردارە، بەڵام بە تێپەڕینی كات زیاتر و زیاتر موجەڕەد یان ئەبستراكت دەبێت. بە جۆرێك هیچ یادەوەرییەك بۆ ئازار دروست ناكات، بە تایبەتی لای ئەوانە كە بەعسیان نەدیوە. ئەم دەقەی د. حەكیم شێوازێكی ترە بۆ بونیادنانی یادەوەریی و هەوڵدان بۆ هەستكردن بە ئازار لە گەڵیدا. ڕەنگە ئەو قسەیە ڕاستیەكی تیادابێت كە دەڵێت، تراژیدیا ئازاری تاكەك كەسێكە بەڵام ژمارە زۆرەكان تەنها ئامارن. دونیای ئێمە لە كاركردن لە سەر یادەوەری، هاوسۆزی، ئیمپاسی، پەشۆكان، تراوما، زۆر هەژارە. ئەم دەقانە بنەمایەكی ئێجگار دەوڵەمەند دادەڕێژن كە ببنە كەرەستەی ئەدەبیاتێكی فیكری و ئەدەبی و فەلسەفی لەم بوارەدا.

زۆرینەی ئەوانەی كە لە دونیای ئێمەدا ئازار دەچێژن خەڵكی سادەن بە ئاگایی و ڕۆشنبیرییەكی سنوردارەوە، بە جۆرێك توانای دەربڕینی ئازاریان لە ڕێگەی زمانەوە سنوردارە، ئەمەش وەها دەكات كە ئازارەكانیان تەنها لە سینگی خۆیاندا بمێنێتەوە و بە مردنی جەستەیان هەموو ئەو ئازارەی كە چەشتویانە لە گەڵ خۆیاندا بیبەن. لێرەدا حەز ئەكەم ساتێك لە سەر فەلسەفەی ئازار بوەستم، بە هاوكاری ئازار چەشتویەكی دیاری دونیا كە بیرمەندی گەورەی جولەكە ژان ئەمارییە. ئەماری لە بەلجیكا لە لایەن نازییەكانەوە دەگیرێت و بەند دەكرێت، پاش ئازاردانێكی زۆر لە هۆلۆكۆست ڕزگاری دەبێت. ئەماری كاری فیكریی زۆری لە سەر ئەشكەنجە و ئازار و زمان و جەستە كردوە. یەكێك لە دێرە سادە و كاریگەرەكانی ئەو ئەوەیە كە ئازار بۆ ساتێك ڕەنگە وەها هەست بكەیت تەواوبوە، بەڵام هەتا ئێستاش هەر كاریگەری ماوە. بەو مانەیە كەسی ئەشكەنجە دراو، هەرگیز ناتوانێت ببێتەوە ئەو كەسەی پێش ئەشكەنجەدان. ئەشكەنجە هەمیشە لە ئاگایی و جەستە و یادەوەری كەسی ئەشكەنجەدراودا ناسڕێتەوە. گەرچی تەكنیكەكانی ئەشكەنجەدان لە دونیای ئەمڕۆدا هەوڵی ئەوە ئەدەن كە هیچ شوێنەوارێك بەجێنەهێڵین، بە هۆكاری ڕای گشتی و مافەكانی مرۆڤ و پیئاڕ. بەڵام هەرچەندە شوێنەواری جەستەیش بونی نەبێت، ئەشكەنجە ناسڕێتەوە.

ئەشكەنجە گۆڕینی مرۆڤە بۆ تۆپەڵێك لە گۆشت، بەركەوتنی مرۆڤە لە مرۆڤ لە شێوازی لاقەكردندا، بەزاندنی سنوری مرۆڤە لە لایەن مرۆڤێكی ترەوە بە ئامانجی سڕینەوە مرۆڤبونی ئەویتر. بۆیە بە ئاگابون لە ئەشكەنجە بنەمای مرۆڤ بونی ئێمەیە، وەك مرۆڤ، چونكە كرۆكی دەركەوتنی بون لە نەفیكردنیدایە.

بۆچی بونی یادەوەری و ئاگایی و هەستكردن بە ئەشكەنجە و ئازار بۆ ئێمە لە ئەمڕۆدا گرنگە. پێش هەموو شتێك هێشتا ئەشكەنجە كۆتایی نەهاتوە. گەر كەسێك لە كۆمەڵگایەكدا لە لایەن دەسەڵاتەوە ئەشكەنجە بدرێت، ئەوا وەك ئەوە وەهایە كە هەموو ئەندامانی كۆمەڵگا ئەشكەنجە درابێت. چونكە ئازاردانی كەسێك بنەمای ئەوە دادەڕێژێت كە هەموو كەسێك ئەگەری ئەوەی هەبێت ئازار بدرێت. بۆیە گەر بمانەوێت كۆمەڵگایەكی بێ ئەشكەنجەمان هەبێت دەبێت بە ئاگابین لە ئەشكەنجەی ئەوانیتر چ لە ڕابوردوو چ لە ئێستادا.

وەك ئاماری دەڵێت كرۆكی نازیسیزم ئەشكەنجەبوو، كرۆكی بەعسیزم و زۆرێك لە ڕژێم و دەسەڵاتەكانی تری ئەم ناوچەیە ئەشكەنجەیە.

گەر رژێمێك یان دەسەڵاتێك كرۆكەكەی ئەشكەنجەبێت، ئەوا ناتوانێت مامەڵەی مرۆڤ وەك مرۆڤ بكات و لە هەموی ئازاراوی تر ئەوەیە كە ناتوانیت وەك مرۆڤ لە سایەیدا بژیت.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام