به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیا رایانگه‌یاند، به‌هۆی گه‌رده‌لولی جۆری “كیارا”وه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، زیاتر له‌ 180 گه‌شتی ئاسمانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، 140 گه‌شتی ئاسمانی بڕیاریلێدراوی سبه‌ی-یش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

ئاژانسی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌هۆی دروستبونی گه‌رده‌لولێكی به‌هێز له‌شاره‌كانی به‌رلین، فرانكفۆرت، میونخ زیاتر له‌ 180 گه‌شتی ئاسمانی هه‌ڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه‌، هاوكات هاتوچۆی هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌نده‌فه‌ریش له‌نێوان شاره‌كاندا راگیراوه‌.

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، فرۆكه‌خانه‌ی فرانكفۆرت یه‌كێكه‌ له‌فرۆكه‌خانه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌ڵمانیاو 15%ی گه‌شته‌كانی هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی ئه‌و ئاژانسه‌، له‌ئێستادا بڕیاردراوه‌ كه‌ سبه‌ی دوشه‌ممه‌ 140 گه‌شتی بڕیارله‌سه‌ردراو رابگیرێن، ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌ 10%ی كۆی گشته‌كانی ئه‌ڵمانیا، جگه‌ له‌وه‌ش گه‌شته‌كانی نێوان ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ هۆڵه‌نداو بریتانیا راگیراون.

هاوكات كۆمپانیای لوفتهانزا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانی له‌ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاندوه‌، سه‌رجه‌م گه‌شته‌ كورت و درێژه‌كانیان هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاربوه‌ سبه‌ی دوشه‌ممه‌ له‌شاری میونخ-ه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێن.

ئه‌و كۆمپانیایه‌ ئاشكراشیكردوه‌، تا ئێستا كاریگه‌ریه‌كانی راگرتنی گه‌شته‌ درێژه‌كان بۆ فرانكفۆرت نه‌زانراوه‌.

هاوكات كۆماپانیای “دویتشه‌”ی هێڵی ئاسنینی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاندوه‌، گه‌شتی سه‌رجه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانیان له‌ته‌واوی ئه‌ڵمانیا به‌هۆی ئه‌و گه‌رده‌لوله‌وه‌ راگرتوه‌.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام