پارێزگارى نەجەف ئاشکراى کرد، ئەمڕۆ ١١٧ خۆپیشاندەر لەلایەن “کڵاوشینەکان”ى سەر بە موقتەدا سەدرەوە کوژران و بریندار بوون داواش لە سەرۆک وەزیران دەکات بە پەلە سەردانى شارەکە بکات.

لەبەیاننامەیەکدا ئەمشەو لوئەى یاسرى پارێزگارى نەجەف رایگەیاند، بەهۆى پێکدادانى نێوان کڵاوشینەکان و خۆپیشاندەرانەوە ١١٧ خۆپیشاندەر لەلایەن “کوڵاو شینەکان”ى سەر بە موقتەدا سەدرەوە کوژراون و بریندار بوون.

پارێزگارى نەجەف داوا لەسەرۆک وەزیرانى عیراق دەکات بە پەلە سەردانى نەجەف بکات و بەشێوەیەکى مەیدانى ئاگادارى دۆخەکە بێت.

هەروەها یاریى داوا لەسەرۆک وەزیرانیش دەکات پەلە بکات لە دانانى رێوشوێنى پێویست بۆ ئارامکردنەوەى بارودۆخەکەو پاراستنى خۆپیشاندەران.

دواى ئەوەى بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق محەمەد تۆفیق عەلاوى بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران دیارى کردو رایسپارد بۆ پێکهێنانى حکومەت، موقتەدا سەدر ریبەرى رەوتى سەدر رەخنەى لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکان گرتوو بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ رایگەیاند، کە پێویستە خۆپیشاندەران بچنەوە ماڵەوەو کۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن.

دواى ئەو پەیامەى سەدر کڵاوشینەکان کە سەر بە موقتەدا سەدر وەک پشتیوانیەک بۆ پەیامەکەى سەدر هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەران و ویستیان کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن.

هاوکات موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له‌په‌یامێكدا داوایكرد، لایه‌نگره‌كانی به‌هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ڕێگه‌ سه‌ره‌كیه‌كان بكه‌نه‌وه‌، هاوكات ده‌وامی فه‌رمی كه‌ به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ په‌كیكه‌وتبوو ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی هه‌واڵی عێراقیی فه‌رمیه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تا ئێستا 287 خۆپیشانده‌ر كوژراون، هاوكات 5 ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌هۆی پێكدادانی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ كوژراون.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام