وەرگێڕانی:
حسێن ئەحمەد حسێن
چیتر لەو سەردەمەدا ناژین، كە بەفەرمی جەنگەكان ڕادەگەیەندران، بۆیە كوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران‌و كەسێتی كاریزمایی ئەو وڵاتە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمەریکاوە، تەنها ڕووداوێكی ئەو جەنگەیە، كە چەند ساڵێكە لە سەنگەرە جیاوازەكاندا لە نێوان ئەمەریکا‌و هاوپەیمانەكانی لەلایەك‌و ئێران‌و نوێنەرەكانیدا لەلایەكی دیكە دەگوزەرێت.
بەدرێژایی ئەم جەنگە ڕانەگەیەندراوە، لایەنەكان شێوازی جیاوازیان بۆ دژێتی یەكتر بەكارهێناوە، كە خۆی لە كردەی تیرۆرستیی، هێرشی ئەلیكترۆنی، سزا ئابوورییەكان‌و وێران كردنی ژێرخانی وڵاتاندا دەبینێتەوە. لە مانگی شوباتی ساڵی 2008دا‌و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی هاوبەشی ئەمەریکا-ئیسرائیلدا، عیماد موغنییە كوژرا، ئەو سەرۆك ئەركانی حیزبوڵڵا‌و كەسی دووەمی ئەو لایەنە مەترسیدارە بوو، كە لە لوبنان نوێنەرێتی ئێران دەكات (لە ساتی كوژرانیدا، سلێمانی لە پاڵ موغنییەدا بوو). دواتر ئیسرائیل بە پێی هەندێك لە هەواڵەكان، چوار زانای بواری ئەتۆمیی ئێرانی كوشت، بەدوایدا پێگە ئەتۆمییەكانی ئێرانی بەبەكارهێنانی ڤایرۆسی ئەلیكترۆنی كردە ئامانج (پێدەچێت ئەمەش لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی ئەمریكی-ئیسرائیلیدا بووبێت).
ئێران-یش لەلای خۆیەوە ماوەیەكی زۆرە كۆمەڵگە جوونشینەكانی كردۆتە ئامانج، لە ساڵی 1994دا، گروپێكی سەر بە ئێران بنكەیەكی جولەكەكانی بوێنس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتینیان تەقاندەوە، ئەمەش كوژرانی 85 كەس‌و بریندار بوونی سەدان كەسی دیكەی لێكەوتەوە. هەروەها ساڵی 2012 لەلایەن ئێرانەوە كردەیەكی خۆكوژی دژی پاسێكی نەفەرهەڵگری گەشتیارە ئیسرائیلییەكان لە شاری بورگاسی وڵاتی بولگاریا ئەنجامدرا، كە پێدەچێت قاسم سلێمانی سەرپەرشتی ئەم كارەی كردبێت.
لە سایەی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریکا لە دوای كشانەوەی ئیدارەكەی ترەمپ لە ئایار/2018 لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، ئەم وڵاتەی دواییان جەنگی دژی بەرژەوەندییە نەوتییەكانی خۆرئاوا بەرپا كردووە، ئەمەش لە ڕێگەی هێرش كردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە‌و دەستگرتن بەسەر بارهەڵگرە دەریاییەكانی نەوتدا. بەڵام لایەنی گرنگتر لە ستراتیجییەكانی ئێراندا، ئەو هیلالەیە، كە لە ڕێی نوێنەرەكانییەوە بە نیازی پێكهێنانێتی، ئەوەی لە لوبنانەوە دەست پێدەكات، سوریا‌و عێراق-یش دەگرێتەوە تا دەگاتە یەمەن.
سلێمانی پلانداڕێژەری ئەم ستراتیجییەش بوو، هەروەها ئێران لە ژێر فەرماندەیی ئەودا یارمەتی حیزبوڵڵای بۆ پتەوكردنی توانا موشەكییەكانی دەدا، بەهەمان شێوە هەر ئەو بوو سەرپەرشتی دەستوەردانە یەكلاكەرەوەكەی ئێرانی كرد، بۆ پاڵپشتی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ڕژێمی سوریا، هاوكات یارمەتی حوسییەكانی یەمەن-یشی دا، كە لە جەنگدان دژی هێزەكانی ژێر هەژموونی سعودییە لە یەمەن، هەروەها سلێمانی پاڵپشتی شەپۆلێكی نوێی میلیشیا شیعەكانی عێراق-یشی دەكرد. بەپێی وتەی سەرۆكی پێشووی دەستەی ئەركانی سوپای بەرگری ئیسرائیل گادی ئیزنكوت، سلێمانی پلانی هەبووە بۆ خڕكردنەوەی سوپایەك لە نوێنەرەكانی بەدرێژایی سنوری سوریا-ئیسرائیل، كە لە 100هەزار چەكدار پێكبێت.
بەهۆی دوركەوتنەوەی ئاشكرای ترەمپ-یش لە بەردەوام بوون لەسەر جەنگەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکا بەنهێنی كاری بۆ شكستپێهێنانی ستراتیجییە هەرێمییە گەورەكانی ئێراندا دەكرد. هاوكات ماوەی چەند مانگێك ئەركی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگە ئێرانییەكانی نێو سوریا و عێراقی دابووە دەست ئیسرائیل. هەر لەوكاتەشدا ئەبیب كۆچافی شوێنگرەوەی ئیزنكوت، بە ئاشكرا ئاگاداركردنەوەی دابوو، كە ڕێكخستنی ڕێكارە بەرگریكارەكان لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەبێتە هۆی جەنگێكی گشتگیر.
ترەمپ وەڵامی هاوشێوەی بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی ئەمەریکای لە حوزەیرانی 2019 لەلایەن ئێرانەوە ڕەتكردەوە. بەڵام پێدەچێت كوژرانی هاوڵاتییەكی ئەمریكی لە ئەنجامی هێرشەكەی كەتائیبی حیزبوڵڵای سەر بەئێران بۆ سەر بنكە سەربازییە عێراقییەكەی شاری كەركوك لە كانونی یەكەمدا، هەڵوێستەكەی ترەمپی گۆڕیبێت. سەرەتا ئەمەریکا بە هێرشی سەر میلیشیا شیعەكانی سوریا‌و عێراق وەڵامی ئەو ڕووداوەی دایەوە، سلێمانی-ش لە وەڵامی ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکادا هانی كۆمەڵێكیدا، تا هێرش بكەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا. لە ئەنجامی ئەوەشدابوو، ئەمەریکا بڕیاری كوشتنی سلێمانی‌و ئەبو مەهدی موهەندیسی دا، ئەمەش وەك هەنگاوێكی دەستپێشخەری بۆ شكستپێهێنانی هێرشەكانی داهاتووی ئێران بۆ سەر ئامانجە ئەمریكییەكان.
بەڵام لەكاتێكدا مردنی سلێمانی هیچی وای لە بنەماكانی گەمە سیاسییەكە نەگۆڕی، جێی خۆیەتی بپرسین، گشت ئەم ڕووداوانە بەرەو كوێمان دەبەن؟ چوونكە بینیمان ڕێكخراوی داعش دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادیی دامەزرێنەری، هەر مایەوە‌و لەناو نەچوو، بەهەمان شێوە دوای كوژرانی عیماد موغنییە-ش لە ساڵی 2008دا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریکا‌و دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی، هێز‌و مەترسییەكانی حیزبوڵڵا زیادی كرد، هەمان حاڵەت لە جوڵانەوەی حەماس-یشدا ڕوویدا، دوای ئەوەی ئەحمەد یاسین، كەیەكێكە لە دامەزرێنەرانی، لە ساڵی 2004دا لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژرا.
بەڵام نكوڵی لەوە ناكرێت، كە ئەمەریکا گورزێكی سەختی لە خاڵێكی لاوازی ئێران وەشاند، چوونكە بەوپێیەی بەرجەستەبوونی ستراتیجیی هەرێمیی ڕژێمەكەی ئێران بوو، قاسم سلێمانی لە دوای ڕابەری باڵای شۆڕش، دووەم سومبولی گرنگی كۆماری ئیسلامی ئێران بوو. بەپێی وەسفی خامەنەیی-ش، قاسم سلێمانی ״شەهیدی زیندووی شۆڕش״بوو، بۆیە دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆربوو ئامادەكرا، تا پۆستێكی سیاسی بەرزتر وەربگرێت، ئاسان نیە دوای كوژرانی شوێنگرەوەی بۆ بدۆزرێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە بەرژەوەندی ئێران‌و ئەمەریکا-ش نیە خۆیان لە جەنگی گشتگیر بدەن. بەدڵنیاییەوە ئێران تۆڵە دەستێنێ، ئەمەش تەنها بۆ بەرز هێشتنەوەی لایەنی مەعنەوی شوێنكەوتەو نوێنەرەكانێتی. بەڵام دەبێت وەڵامەكەی پلانداڕێژراو بێت، تا نەبێتە هۆی گرژبوونێكی جڵەو نەكراو. ئەگەرنا دۆخەكە لە بەرژەوەندی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ دەگەڕێت، كە هەمیشە دەیەوێت ئەمەریکا بە نوێنەریی وڵاتەكەی بخاتە جەنگەوە، هەروەها هەر وەڵامێكی بێ پلان، دەبێتە هۆی دەركردنی ئێران لە سوریا، بەدڵنیاییەوە ئەمەش ڕێگایەكی باش نیە بۆ پاراستنی پاشماوە هەرێمییەكەی سلێمانی.
ڕاستە كەسانی پەڕگیر‌و توندڕەو لە ئێراندا هەن، بەڵام سەرشێت نین. بۆیە ڕەوتی ئێستای ئێران لە بەرامبەر ئەو یەخەگیرییەی ترەمپ بەسەریدا دەیسەپێنێت، تا وادەی هەڵبژرادنەكانی سەرۆكێتی مانگی تشرینی دووەم لە ئەمەریکا، بریتییە لە بەردەوام بوون لەسەر دژێتییەكی كۆنتڕۆڵكراو، بەو هیوایەی لەو هەڵبژاردنەدا دووبارە دیموكراتییەكان بگەڕێنەوە كۆشكی سپی‌و ڕێكەوتننامە ئەتۆمییەكە زیندوو ببێتەوە.
سەرەڕای ئاگاداركردنەوەی ترەمپ لەلایەن مارك ئیسپەری وەزیری بەرگرییەوە لە گۆڕانی بنەماكانی یارییەكە، بەڵام پێناچێت كوشتنی كەسێتییەكانی وەك سلێمانی دەرچوون بێت لە ڕەوتی خۆلادان لە تێوەگلانی سەربازییەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، پێدەچێت ئەو كارانە هاوتای خواستەكانی ترەمپ بن، چوونكە بە هۆیەوە دەتوانێت لەبەردەم دەنگدەرەكانیدا خۆی بە ئازایەتییەكەیەوە هەڵبكێشێت. بەو پێیەی ئەستێرەیەكی ڕاگەیاندنەكانیشە، ئەوا ترەمپ چاك دەزانێت كوشتنی كەسێتی پلە بەرز كاریگەرییەكی ڕاگەیاندنی زۆر زیاتری دەبێت، لەچاو هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی‌و كوشتنی كەسانی نەناسراو تێیدا، كە لە هەمان كاتدا هێزە ئەمریكییەكان-یش دەخاتە مەترسییەوە.

سەرچاوە: پڕۆجێكت سایندیكەیت

تایبەتمەندییەکان: هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام