لە گەرمەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بۆ سنوردارکردنی کێشەی لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا و چەسپاندنی ئاگربەست، هاوتەریب”ڕەوتی ئیسلامی”لیبیا لەڕێی کەسایەتیە کاریگەرەکانیەوە ڕابەرایەتی جەنگێک دەکات دژ بە(سوپای نیشتمانی لیبیا).

لە میانەی فەتواکانیان بۆ پشتیوانی لایەنێک دژ بە لایەنەکەی تری ململانێکە و بەگەڕخستنی گوتاری ئاینی بە ئامانجی گەرمترکردنی بڵێسەی ئاگری شەڕی ناوخۆی ووڵاتەکە.

لەم دواییەدا ئاستی ئەو پشتیوانیکردن و دنە دانە پەرەی سەندووە و ڕووە و ئاقارێکی مەترسیدار هەڵکشاوە کاتێک کە”سادق ئەلغەریانی”موفتی لە کارخراوی لیبیا لە شوێنی نیشتەجێبونی ئێستای لە شاری(ئەستەمبول)ەوە پێش دوو ڕۆژ لە فەتوایەکیدا داوا لە وەزیری خوێندن و فێرکردنی حکومەتەکەی السراج دەکات کە پرۆسەی خوێندن لە (تەرابلوس)ی پایتەخت ڕابگرن و”خوێندکارەکان بنێرنە سەنگەرەکانی شەڕ بۆ بەرەنگاربونەوەی سوپاکەی “خەلیفە ئەلحەفتەر”.

لەو نێوەندەدا”عیسام ئەلتاجوری”پارێزەر و چالاکوانی مافە مەدەنیەکان پێیوایە کە “گوتاری دنەدانی توندڕەویی ئاینی یەکێک لە سەرچاوە سەرەکیەکانی بەرهەمهێنانی گوتاری ڕق و کینەیە کە ڕەوتی ئاینیی سیاسی پەیڕەوی لێکردووە”وەک ئاماژەشی پێداوە “ئامانج لەو گوتارە ئافەرۆزکردنی بەرامبەرەکانیانە لەڕێی تەکفیر یان تۆمەتبارکردنیان بە هەڵگەڕانەوە لە ئاینی ئیسلام، تا ئەو ڕادەیەی کە کۆمەڵگایان بەسەر بەرەیەکی دەوارنشین و شوانکارە و بەرەیەکی تری مەدەنی و شارنشیندا دابەشکردووە”.

ئەو پارێزەرە لە درێژەی لێدوانەکانیدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە یەکەم کەس ئەو وتارە توندڕەوەی وروژاند یەکێک له سەرکردەکانی ڕێکخراوی”ئەنسار ئەلشەریعە”یە بەناوی سالم جابرو موفتی لەکارخراوی ئێستای لیبیاش سادق ئەلغەریانیوەک نەهجێک پەیڕەوی لێکرد و مینبەری هاوئاواز ڕاگەیاندنەکانی ئیخوان موسلیمین و هاوپەیمانەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەش کردیانە کەرەستەی بانگەواز و بانگەشەکانیان.

(تاجوری)لە درێژەی بەدواداچونەکانیادا دەڵێت، ئەو فەتوا و گوتارە ئاینیە دنەدەرانە ئامڕازێکی ترسناکی وێرانکردنە و وەک ڕێگرێکی مەحکەم لەبەردەم هەموو هەوڵێکی چاکسازی ڕاستەقینەدا وەستاوە، و تەنانەت کار گەشتۆتە ئەوەی بانگەوازی ڕاپێچانی مێردمنداڵان دەکات بۆ بەرەکانی شەڕ بێ هیچ ئیعتیبار و ڕێزگرتنێک لە پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی ڕاپێچان و بەکارهێنانی منداڵان لە جەنگدا.

بێ منەتی ئەو ڕەوتانە و فراوانبونی دیاردەی ڕاپێچانی مێردمنداڵ بۆ شەڕگەکان دەرەنجامی باڵکێشانی سیاسەتی قوتاربونیانە لە لێپرسینەوە و سزادان لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا.

وتارێک لە خزمەت بە پرۆژەی تورکیادا
لەو بارەیەوە(علی التکبالی) پەرلەمانتاری لیبی پێی وایە کە”لیبیەکان لە سەرەتاوە ئومێدێکی خێریان بە پیاوانی ئاینی هەبوو بە تایبەت ئەوانەی لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەردەکەوتن ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن بۆ ڕێگرتن لە قوڵبونەوەی کێشەکان.

تاکو ئەمدواییە کە نیفاق و دووڕویی هەندێکیان ئاشکرابوو کاتێک دەستیان وەردایە کێشە سیاسیەکانی ووڵات لە بەرژەوەندی لایەنێک دژ بە لایەنەکەی تر و خزانە ناو بازنەی دنەدان و هاندانی کوشتن و سەربڕینی ڕکابەرەکانیان و نانەوەی فیتنە و دووبەرەکی و لێکترازاندنی کۆمەڵگای لیبیا، و تا ئەو ڕادەیەی”بە نیفاق و فەتواکانیان ووڵاتیان ڕادەستی لایەنێکی دەرەکی کرد تا لەڕێی هێنانی هێزی بێگانە و چەکداری(بەکرێگیراوی سوری)یەوە داگیری بکات.

ئەو پەرلەمانتارە لە میانەی لێدوانەکانیدا بۆ کەناڵی(العربیە)رایگەیاندوە، ئەو فەتوا ئاینیە توندانەی ئەو بانگخوازە ئاینیانە دەیدەن سەر بە ئیخوان موسلیمینن کە لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە پشتیوانیدەکرێن لەمیانەی فتواکانیاندا و هانی  توندوتیژی و کوشتن دەدەن ئامانجیان ڕازیکردنی ئەو گروپەچەکدارانە و پشتیوانیلێکردن و هاندان و فەراهەمکردنی ڕوپۆشێکی ئاینییە بۆ ئەنجامدانی کارە دڕندانەکانیان دژ بە سوپای نیشتمانی لیبیا، و ئەو فەتوایانەش لە بەرژەوەندی پرۆژەی پاوانخوازی و داگیرکاریەکانی تورکیادایە.

سەرچاوە :کەناڵی العربیە
وەرگێڕان: بەرزان حەمەخورشید

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام