کاتی خۆی سەرقاڵی تەختەیەک بوم کە پێیان ئەوت کەمان، کەمانچە، ڤیۆل،،، ئێستا ئەزانم کە ھەڵبژاردەیەکی جوان بو،،ئەو تەختە و ژێیە، چ جیھانێکی بچوک بو و چ کارامەیەکی گەورە بو.

کە ناسک بو ئەو دونیایەی زمانی باڵا و کلاسی بەرزی خۆشەویستی تێدا ئەخوێندرا، کە بەھادار بو ئەو  تەمەنەی کە بەخشین و فیداکاریمان تیایدا سەرمشقی خود بون و کورد بونمان بو.

کاشکی سروشت و جوانی و موزیک و ھونەر و ئەدەب و کوردایەتی، وەک جاران بەھای خۆی بۆ ئەگەڕایەوە، ھیوا و ئومێد و فەنتازیای منداڵی و مێردمنداڵی و لاویمان، بەم شێوەیە تارمایی  تەڵخ تاڵانی نەئەكرد.

مرۆڤەکانی سەردەمی پاکییەکان ئالودەی ئەم جیھانە ئالوەدەیە نەبون، نەبوبونە ڕۆبۆتی ئەو مۆبایلەی بە دەستیانەوەن، نەبوبونە  ئاوێتەی زنجیرە دراما بێ کەڵکە تورکییەکان، گوڵەبەڕۆژە و نێرگەلە ساتە ڕامانەکەنییانی لێ نە ئەسەندن.

تی ڤی و ھەواڵە فەیکەکان گەمەی بە عەقڵیان نەئەکرد.

مرۆڤ خاوەنی خۆی بو، یا باش بو یا جاش، یا ڕەش بو یا سپی.

ئێستا ھەمو دنیا بە میدیا و مۆبایل بەڕێوە ئەچێت، یا ئاکتێڤیت یا پاسیڤ، یا جوڵێنەری یا جوڵێنراو.

کەم کەس ئەبینیت خاوەن کەسایەتیەکی نەجوڵاو و نەگۆڕ بێت، بەپێی سات و کات و شوێن وەک حەربا ڕەنگ و دەنگت بۆ ئەگوڕێت.

کەم کەس ئارامە و ئاسودەیە، ھەموی ھێلاک و بیزارە، ڕەخنە لە ھەمو شت و لە ھەمو بابەتێک ئەگرێت، تەنھا لە خۆی نەبێت.

جاران خود خاوەنی خۆی بو، بە ئاسانی ئەتناسییەوە، ئێستا ئاستەمە بێناسیتەوە، ڕەنگاوڕەنگی وبێ ڕەنگی ھەموی گرتوەتەوە.

ھەر بۆیە مرۆڤەکانی جاران ھاوڵاتی جوگرافییەکی دیاریکراو بون،  ئێستا خۆیان بە ھاوڵاتی جیھان ئەزانن، ھەر بۆیە نە خاوەنی جوگرافیای خودی خۆیانن نە خاوەنی جیھانیشن.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام