لە فڕنسا، بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا-ەوە هەلمەتێكی رەگەزپەرستی دژ بە خەڵكی ئاسیا دەستیپێكردوە لەژێر دروشمی “من ڤایرۆس نیم”.

لە ئێستادا لە فڕەنسا شەش حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، گەنجانی كیشوەری ئاسیا-ش كە لەو وڵاتەدا نیشتەجێن باس لەوەدەكەن، بەهۆی بڵاوبونەوی ڤایرۆسەكە لە وڵاتی چین، روبەڕوی تەنز و تانە و تەشەر دەبنەوە و پێیان دەوترێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان”.
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لە چوارچێوەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ناو كیشوەرەكانی ئەوروپا و ئەمریكا بەشێك لە بەكارهێنەرانی ئەو تۆڕە بە هاشتاگی “JeNeSuisPasUnVirus”، بە واتای “من ڤایرۆس نیم”، تانە لە خەڵكی وڵاتانی كیشوەری ئاسیا دەدەن.

روی وانگ، سەرۆكی دامەزراوەی “ناوەندی گەنجانی چین لە فڕەنسا” لەوبارەیەوە باس لەوەدەكات، لە هەرجێیەك دابنیشن گوێیان لە تانە و تەشەر و گاڵتەكردنە بە گەنجانی كیشوەری ئاسیا و لە ئێستادا بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد “بە چاوی خۆی بینیویەتی لە یەكێك لە بازاڕەكاندا كڕیاران بە ترس و تۆقینەوە لە كارمەندێك دوركەوتونەتەوە و هەڵهاتون كە دیاربوە خەڵكی یەكێك لە وڵاتانی كیشوەری ئاسیا بوە”.

تا ئێستا سەرجەم ئەو توشبوانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە بەڕەگەز چینین، لەكاتێكیشدا لە  23  ناوچەی دەرەوەی چین توشبو بەو ڤایرۆسە تۆماركراوە، ئاماژە بەوەدەكرێت سەرجەمیان راستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەریەككەوتنیان لەگەڵ خەڵكی چین و بە دیاریكراویش شاری وهان هەبوە.

لە 31ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە یەكەمین حاڵەتی گومانلێكراوی توشبو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی ئاگاداركراوەیەوە، ئەو ڤایرۆسەی كە ناوەكەی (nCoV-2019)ە.

یەكەمین هەنگاوی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكە لە بازاڕی هوانان بو، كە تایبەتە بە خۆراكە دەریاییەكان و دەكەوێتە شاری وهان لە چین، دواتریش ڤایرۆسەكە گەیشتە تایلاند، تۆكیۆ لە ژاپۆن، سیۆل لە كۆریای باشور و دواتریش لە شارەكانی پەكین و شانگهای و گوانگدۆنگ لە چین، پاشان لە هەرێمی هۆنگ كۆنگ و وڵاتانی ڤیێتنام و سەنگاپور حاڵەتەكانی توشبون تۆماركرا.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام