ماوه‌یه‌كه‌ شتێك ئه‌ندێشه‌می‌ داگیر كردووه‌ و زۆر بیرده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر دڕنده‌ییه‌كانی‌ مرۆڤ، زۆر زانا و بیرمه‌ند و ڕۆشنبیر له‌باره‌ی‌ دڕنده‌یی مرۆڤه‌وه‌ دواون، هه‌ندێكیان قسه‌یان له‌سه‌ر ڕابردووی‌ دڕندایه‌تیه‌كانی‌ مرۆڤ كردووه‌ و هه‌ندێكی‌ تریان له‌سه‌ر ئێسته‌ و هه‌ندێكی‌ تریان له‌ چوارچێوه‌ی‌ فلم و سینه‌مادا قسه‌یان له‌سه‌ر لایه‌نه‌ خه‌یاڵیه‌كانی‌ مرۆڤ كردووه‌. كه‌ ده‌كرێت پێشبینی‌ بێت یان شتێكی‌ پلان بۆدانراو بێت.. له‌ڕابردودا سینه‌مای‌ ئه‌مریكی‌ كۆمه‌ڵێك فلمی‌ نمایش كرد كه‌ فلمی‌ ترسناك بوون به‌ناوبانگترینیان له‌لای‌ ئێمه‌ی‌ كورد فلمی‌ ماچی‌ خوێنمژه‌كان بوو كه‌ له‌ ده‌رهێنانی‌ نیكۆلاس كه‌یج بوو له‌ ساڵی‌ 1989 نمایش كرا، سینه‌مای‌ ئه‌مریكی‌ كار له‌سه‌ر بیرۆكه‌یه‌ك ده‌كات گه‌ر مرۆڤ بگۆڕێت بۆ دڕنده‌، چی‌ ده‌بێت؟ به‌زۆر شێوه‌ی‌ جیاواز كاریان له‌سه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ كردووه‌، ئه‌م فلمه‌ داستانی‌ و ئه‌ندێشه‌ییه‌ وا داده‌نێت كه‌ كۆمه‌لێك مرۆڤ هه‌بوون له‌ چه‌ندین هه‌زار ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر ژیاون كه‌ خوێنی‌ یه‌كیان خواردووه‌ و ئه‌م مرۆڤانه‌ به‌ ڕۆژ خه‌وتون و به‌شه‌و هه‌ستاون، زۆر هه‌ستیار بوون به‌رامبه‌ر ڕوناكی‌ و مه‌ترسی‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ژیانیان… یان ڤایرۆسێك ده‌كرێته‌ جه‌سته‌ی‌ یه‌كێكه‌وه‌ مرۆڤه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت بۆ دڕنده‌ و مرۆڤ ده‌كوژێت، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك چیرۆكی‌ خه‌یاڵی‌ و ئه‌فسانه‌ی‌ كۆنن ئاژه‌ به‌ گۆڕانه‌كانی‌ مرۆڤ ده‌كات بۆ دڕندایه‌تی‌ و كوشتن و بڕین ئه‌مانه‌ هه‌موومان ده‌یزانین، به‌ڵام لێره‌دا كۆمه‌ڵێك پرس ده‌خه‌ینه‌ ڕوو بۆ تاوتوێی‌ بابه‌ته‌كه‌ كه‌ دڕه‌نده‌یی مرۆڤه‌.

ئایا ئه‌وه‌ی‌ گروپێكی‌ وه‌كو داعش ده‌یكات هه‌ر له‌ مرۆڤ سه‌ربڕین و ئه‌و كوشتن و بڕینه‌ی‌ ده‌یكات به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی‌ كام له‌دڕندایه‌تیه‌كانی‌ مرۆڤه‌وه‌؟ ئایا ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ عاشقی‌ خوێنن؟ ئایا ئه‌و دڕندایه‌تیه‌ له‌ناو ناخیاندا هه‌یه‌ یان شتێكه‌ یان ڤایرۆسێكه‌ خراوه‌ته‌ جه‌سته‌یانه‌وه‌؟ ئایا ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ ته‌نها له‌ كۆشت و خوێنی‌ ئه‌وانی‌ دی‌ ده‌خۆن یان هی‌ خۆشیان ده‌خۆن؟ بۆچی‌ ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ ڕقیان له‌ ژیار و شارستانی‌ ئه‌وانی‌ تره‌؟ ئایا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خاپوری‌ ده‌كه‌ن چی‌ داده‌نێنه‌وه‌ له‌بری‌؟ ئایا ئه‌م دڕندایه‌تیه‌ له‌ناخی‌ هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌یه‌ و ئێمه‌ی‌ به‌نی‌ ئاده‌م ده‌ركمان پێنه‌كردووه‌ یان ئه‌وان مرۆڤ نین و له‌ئه‌ستێره‌یه‌كی‌ تره‌وه‌ هاتوون؟

گروپێكی‌ توندڕه‌وی‌ وه‌كو داعش شوناسێكی‌ نادیار و ناڕۆشنی‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ كه‌ده‌ته‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر داعش بكه‌ی‌ ڕاسته‌وخۆ چاوت ده‌چێته‌سه‌ر شێوه‌ی‌ دروست بوون و په‌لاماره‌كانیان بۆ سه‌ر مرۆڤ و ئه‌و كوشتن و بڕینه‌ی‌ ده‌یكه‌ن.. سه‌ره‌تا كێشه‌یان له‌گه‌ڵ‌ كورد نه‌بوو، دواتر ئامانجیان بوویه‌ له‌ناوبردنی‌ كورد، ئه‌مه‌ پرسێكه‌ ده‌بێت تاوتوێ‌ بكرێت، چونكه‌ هه‌ست به‌وئاڕاسته‌كردنه‌ ده‌كرێت و وه‌ك داشێك داعش ده‌جوڵێنرێت.. شوناسی‌ تاكه‌كانی‌ ناو داعش كه‌ عاشقی‌ خوێنن و له‌ ڕوناكی‌ ده‌ترسن، هه‌مان ئه‌و له‌یه‌كچونه‌یه‌ كه‌ له‌فلمی‌ خوێنمژه‌كاندا ده‌بینرێت..

دامه‌زراندن و ڕاگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عێراق و شام له‌ نۆی‌ نیسانی‌ 2013 بوو، كه‌ له‌ یه‌كگرتنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقی‌ ئیسلامی‌ كه‌ له‌ 15 ی‌ تشرینی‌ 2006 دامه‌زرابوو له‌گه‌ڵ‌ جه‌بهه‌ی‌ نوسره‌ كه‌ له‌ 24ی‌ كانونی‌ دووه‌می‌ 2012دامه‌زرابوو، له‌سه‌ره‌تادا هه‌موو چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیان له‌ سوریادا ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌،

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕێكخستنه‌كانی‌ قاعیده‌ی‌ جیهادی‌ له‌ وڵاتی‌ نێوان دوو ڕوباره‌كه‌دا، كه‌ ئه‌بو مه‌سعه‌بی‌ زه‌رقاوی‌ له‌ 8ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2004دا دایمه‌زراند كه‌ درێژكراوه‌ی‌ ڕێكخستنه‌كانی‌ قاعیده‌ی‌ مه‌ركه‌زی‌ بوو، ناكۆكی‌ كه‌وته‌ نێوان ڕه‌وتی‌ جیهادی‌ سه‌له‌فی‌ و سیاسه‌ته‌كانی‌ زه‌رقاوی، ناكۆكیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ قوڵ‌ بوونه‌وه‌ تا ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی‌ له‌ 15ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2006 ڕاگه‌یه‌نرا، ئامانجیان له‌ سیاسه‌تكردن له‌ عێراقدا ئه‌وه‌ بوو كه‌رتبوون له‌نێوان گه‌وره‌ هاوپه‌یمانه‌كان و هاوسۆزه‌كاندا دروست بكرێت، ئامانجیان ئه‌وه‌بوو ڕای‌ گشتی‌ نه‌رێنی‌ دروست بكه‌ن تا بتوانن به‌ئاسانی‌ سیاسه‌ت بكه‌ن، هه‌وڵیان ده‌دا پێكدادان له‌نێوان سونه‌ و شیعه‌كاندا دروست بكرێت له‌سه‌ر ئاستی‌ مه‌ده‌نی‌، خاڵی‌ كاركردنیان له‌سه‌ر ناوچه‌ شیعه‌كان بوو، ئامانجیان دروستكردنی‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ و مه‌زهه‌بی‌ بوو، ته‌قینه‌وه‌ له‌ناو سه‌نته‌ری‌ شاره‌كاندا و ئه‌شكه‌نجه‌دان و فڕاندنی‌ خه‌ڵكی‌ سڤیل و كوشتنی‌ نه‌یاره‌كانیان. تا موسڵیان كۆنتڕۆڵ‌ كردو په‌لاماری‌ كوردیاندا، بۆئه‌مان كوشتنی‌ مرۆڤ و به‌كه‌نیزه‌ككردنی‌ شه‌نگالیه‌كان ئاسان و كارێكی‌ پلان بۆدانراوبوو، ئامانجی‌ ئه‌م گروپه‌ ئه‌وه‌یه‌ ترس بخه‌نه‌ ناو تاكه‌كانه‌وه‌ و دواتر په‌لاماری‌ بده‌ن.. دروستكردنی‌ شانه‌ی‌ نوستوی‌ داعش له‌ كوردستان بۆئه‌وان زۆر ئاسانه‌، كاری‌ ئه‌م شانانه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌دیوێكدا ترس و به‌دیویچكی‌ تردا ئه‌وه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌م گروپه‌ كاری‌ به‌خه‌ڵكی‌ سڤیله‌وه‌ نیه‌، یان ئه‌وه‌ به‌گوێی‌ خه‌ڵكدا ده‌درێت كه‌ داعش موسڵ‌ زۆر به‌ئارامی‌ ده‌بات به‌ڕێوه‌. ئه‌مانه‌ تینوی‌ ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ن كه‌لێیان زه‌وت كراوه‌ ده‌یانه‌وێت به‌فۆرم و شێوازی‌ تری‌ كاری‌ بۆ بكه‌ن.. گه‌یشتومه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ كورد نه‌ك شه‌ڕی‌ تیرۆر بۆ هه‌موو جیهان ناكات به‌ڵكو هه‌موو دنیا شه‌ڕی‌ كورد ده‌كات به‌ جۆر و شێوه‌ی‌ جیاواز.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام