ئەوەی من هەستی پێدەکەم لەم سێ ئاراستە سیاسییە زیاتر، هیچ ئاراستەیەکی کاریگەر و زەق بوونی نییە.

یەکەم/ حیزب گەلێکی نەریتیی و بنەماڵەیی و مافیایی، کە خۆی لە حوکمڕانیی و دەسەلاتێکی سیاسی ستەمکار و چەوسێنەرانەدا دەبینێتەوە، کە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ،  دەستاودەستکردنی حوکمەکەیان لە باوکەوە بۆ کوڕ درێژەی دەبێت. وەک حوکمڕانەکانی وڵاتانی عەرەبیی و خلیجیی. یان خۆی لە کۆمەڵە حیزبێکی هەمانشێوەدا دەبینێتەوە، بەڵام هەڵگری بیری شۆرش و رزگاریخوازییە تا ئەو کاتەی دێتە سەر حوکم، ئیتر چیتر بەلای حوکمی دیموکراتی و ئازادیدا ناچێتەوە مەگەر بۆ جێبەجێکردنی مەرامی خۆ سەپاندن و زاڵ بوون بەسەر گەل و نیشتیماندا لە رێگەی هەڵبژاردنی ساختەوە بانگەشەی دیموکراتی بکات، نموونەش حیزبە نەریتیی و بنەماڵەییەکانی وەک پارتی و یەکێتیە لە کوردستانی باشوردا.

دووەم/ ئاراستەی ئیسلامگەراییە، بە هەموو باڵ و لق و ئاینزاکانییەوە، کە لە ساڵی ١٩٢٨وە بە ناوی ئیخوان موسلیمین دروستبوون و دواتر چەندین ئاراستەی سەلەفی و جیهادی لەگەڵ هەردوو ئاینزای سونیگەرایی و شیعەگەراییشدا گەشەیانکردوە، بە تایبەتی لە دوای روخانی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیستی ئەم ئاراستە سیاسییە ئیسلامییە زۆر گەشەی کردوە، بە جۆرێک کە هەموو رەوتێکی تووندڕەوی و تیرۆرستیی و میانڕەویی بەخۆیەوە بینیوە و توانیویشیانە خەڵک و حەشاماتێکی زۆر لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە بە ناوی ئەوەی کە قورئان حوکمی خوایە و تەنها چارەسەر ئیسلامە، کە بروا ناکەم ئەم گەشەکردنە لەوە زیتار بڕ بکات کە توانی لە ساڵی ١٩٧٩دا لە وڵاتی ئێراندا بێتە سەر حوکم و شیعەگەرایی پەر پێبدات، هەروەها سونیگەرایش زۆر دەمێکە بە سەرکردایەیتی دەوڵەت و حوکڕانە ستەمکارەکانی سعودیە و بنەماڵی مەلیک فەهەد درێژەی هەیە. لەم دواییانەشدا ئۆردۆغان و ئیسلامی سونی لە تۆرکیادا لە هەوڵی

ئەوەدابوون کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەکان زیندوبکەنەوە. جگە لەمانەش بزووتنەوەی تیرۆرستییان دروستکرد کە لە هەموویان زەقتر و بەهێزتر قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق/شام(داعش)بوو. هەرچ هیوا و ئومێدێک بۆ فەراهەمکردنی دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی لە لایەن ئەم ئاراستە ئیسلامگەراییانەوە لە بێ هێوایی و بێ ئومێدی زیاتر هیچی لێ سەوز نەبوو، بۆ لەمەودواش بە حوکمی جیاوازی زەقی دین و دیموکراتیی هیچی لێ سەوز نابێت

سێیەم/ بزووتنەوەی دیموکراتی گەلان! کە گۆڕینی تەواوی عەقڵیەتی ئەو ناسیۆنالیستە داخراو و وشکهەڵاتووەیە، کە لە ژێر ناوی(کوردستان یان نەمان) یان لە ژێر ناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا، نزیکەی سەد ساڵ زیاترە خەبات و تێکۆشانیان بە خەڵکی ستەمدیدەی کورد کرد و برستی شۆرشگێڕێتی و بەرخۆدانیان لە خەڵک بری و هەتا توانییان بە ناوی «کوردایەتی»ەوە خەڵکیان رەتاند، کە دەرکەوت ئەم “کوردایەتییە” هیچ جیاوازییەکی نەبووە و نییە لەگەڵ ئەو «عروبەیە»ی کە لە دەوڵەتانی عەرەبیدا چەندین حوکمی فاشی و دیکتاتۆری و تۆتالیتاری بەرەهەمهێنا. رەنگە باشترین بەرهەمی ئەم «کوردایەتی»ە حوکمی دەسەڵاتی سیاسی ئێستای کوردستانی باشور بێت، کە جگە لە ماڵوێرانی و نادادپەروەری و نایەکسانی و ژن کوشتن و گەندەڵی و دەیان قەیرانی یەک لە دوای یەکی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی زیاتر هیچی بەرهەمنەهێناوە بۆ گەلی کوردی ستەمدیدە.

بەڵام بزووتنەوەی دیموکراتی گەلان، کە تا ئاستێکی باش و دیار توانیوێتی خۆی لەم عەقڵێتە بەرتەسکە ناسیۆنالستییە رزگار بکات و خۆی بگۆڕێت و ئەجێندا و سیاسەتێکی دیکە پیادە بکات، کرانەوەیەکی ئەوتۆی بە خۆیەوە بینیوە کە توانیوێتی بچێتە ناو هەناوی هەموو ئەو ئاراستە و حیزبە رەگەپەرستانەی تورکیاوە، کە بە ناویش ناوی گەلی کوردیان نەدەهێنا و دەیانوت، ئەگەر لە ئەفەریقاشدا دەوڵەتی کوردی دروستبێت دژی دەوەستینەوە و دەیروخێنین. ئێستا کورد بەم سیاسەتە کرانەوەیەو و بەم عەقڵگەراییەوە، کە خوازیاری دیموکراتی گەلانە و هیچ کام لە تورک و نەتەوەکانی دیکە بە دوژمن و نەیار نابینێت و داوای تۆلێرانس و پێکەوە ژیان و گۆرینی دەستوری تورکیا دەکات بۆ دەستورێکی دیموکراتییانەی ئەو تۆ، کە هیچ نەتەوەیەک چ زۆرینە و چ کەمینە پەراوێز نەخات و، حوکم حوکمی خەڵک بێت و، ناوچە و دەڤەر و شارەکان حوکمی لۆکالی خۆیان هەبێت. لە ژێر سایەی ئەم جۆرە لە خەبات و تێکۆشانی سیاسیی و مەدەنییەدا کورد و پێگەی کورد گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە نەک تورکە رەگەزپەرستەکان ناتوانن پەراوێزی بخەن، بەڵکو کورد بووە بەو هێزەی، کە حیزبەکانی وەک ئاکپارتی و مەهەپە و جەهەپە کە هەرسێکیان دووژمنی سەرسەختی کورد بوون خوازیاری سازانی نیشتیمانی و تەوافوقی سیاسیین لەگەڵ هێزی سیاسی کورد و سەلاح دیمیرتاشدا. لە لایەکی ترەوە و لە رۆژئاوادا بزووتنەوە «کوردایەتی»یەکە گۆردراوە بۆ حوکمێکی راستینەی دیموکراتی گەلان. جگە لەو هەموو پاڵەوانێتی و ئازایەتییەی کە نواندیان و بەردەوام دەینوێنن دژی داعشیزم و دەوڵەتی تورکیای

رەگەزپەرست، حوکمێکی خۆیی دیموکراتی گەلانی وایان دروستکردووە، کە لە خواروە را بۆ سەرەوە حوکمەکە دادەمزرێت، نەک لەسەرەوەڕا بۆ خوارەوە. ئەو عەرەبانەی کە دەکەونە ناوچەی جیۆگرافیی سیاسیی ئەم حوکمڕانییە دیموکراتییەوە، نەک هەر رازین پێی، بەڵکو بەو پەڕی پەرۆشەوە بەرگری لێدەکەن، چونکە هەست بە بوونی خۆیان و شکۆمەندی خۆیان دەکەن لەم حوکمڕانیی خۆبەڕیوەبردنەدا. جگە لەمانە ئەو کۆمەڵە یاسا مەدنەییەی کە دەریانکرد بەرامبەر بە یەکسانی ژن و پیاو و فەراهەمکردنی مافی ژنان، لە هیچ کام لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا تا هەنووکە یاسای لەو جۆرە مەدەنیانە و مۆدێرنانە کە مافی نیوەی کۆمەڵ کە ژنە مسۆگەر بکات نەبووە و ناشبێت لە ژێر ساییەی حوکمڕانە نادیموکراتەکاندا.

پێشنیازم ئەوەیە بۆ هەموو چەپ و کۆمۆنیست و ئاراستە لیبراڵەکان، لەوانەش بزووتنەوەی گۆران، کە لە هەموویان بەهێزترە، هەروەها رێکخراوە مەدەنییەکان و راگەیاندنە ئەهلی و ئازادەکان ئەم کرانەوە و تۆلێرانس و ئاراستە بیر و ئەجێندایەیی دیموکراتی گەلان لە لای کوردەکانی باکور و رۆژئاوا بە هەند وەربگرن، دیسان هەرچ حیزب و لایەنێکی سیاسی و مەدەنی لە هەموو کوردستانەکاندا ئەم سیاسەت و ئەجێندایە بە هەند وەربگرن، هەوڵبدەن لینک و پێوەندییەکی پتەویان لەسەر بنەمای دیالۆگ و گۆڕینەوەی راو بۆچوونەکانیان لەگەڵ یەکتری دامەزرێنن. هەڵبەت ئەوە ئاشکرایە کە هەرچ کۆمەڵگا و وڵاتێک تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، دیسان ئەوەش ئاشکرایە کە جیۆگرافی سیاسیی هەرچ وڵات و کۆمەڵگایەک کە گەلی کوردی تیا دابەشکراوە، زۆر جار جۆرێک لە سیاسەتێکی ناچاریی نەخوازراو خۆی زەق دەکاتەوە لە ناو ئەجێندا و سیاسەتی هەرچ ئاراستیەک لەو ئاراستانەی کە ئاماژەم پێدا، کەواتە مەبەستەکەی ئێمە خۆ رادەستکردن و بە تەواوەتی پیادەکردنی هەمان ئەجێندا و سیاسەتی کوردەکانی باکور و رۆژئاوا نییە، بە قەدەر ئەوەی کە سوود وەرگرتنە لەو ئەجێندا و سیاسەت و عەقڵکراوەییەی ئەوان، لە رێگەی دۆستایەتی و کارکردن بە شێوەیەکی ئۆرگانی و ئاگا لە یەکتری بوون و شەفافیەت لە سیاسەتەکانیاندا و تێگەیشتن لە تاکتیک و ستراتیژی یەکتری. کارکردن پێکەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاراستە بیرییە دیموکراتییەی گەلان بەربڵاو و فراوان بێت و هەرچ حیزب و لایەنێک گەر بە راستی خوازیاری ئازادی و رزگارییە پیادەی بکات.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام