من وایده‌بینم كه‌بیست و سێی حوزه‌یران سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێیه‌ له‌ژیانی سیاسیماندا ,ئه‌و رۆژه‌ بوو به‌رۆژێكی مێژوویی له‌ژیانی سیاسیماندا,چ وه‌ك ئه‌وه‌ی بوو به‌سه‌ره‌تایه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌و خواستی گه‌ل و زۆرینه‌ به‌سه‌ر خواست و ویستی كه‌سیی و حزبی. . ! وه‌ بوو به‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێ دیارده‌و ئاماژه‌ی زۆر جیاواز و سه‌یرو مه‌هزه‌له‌ 0 راستی هه‌قیقه‌تی هه‌ندێ روخسارو شت ده‌ركه‌وتن كه‌پێشتر بۆ خه‌ڵك روون نه‌بوو یا واده‌رنه‌ده‌كه‌وتن و نه‌ده‌بینران, ره‌نگه‌ گه‌ر پێشتر قسه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ له‌هه‌مبه‌ر هه‌ر یه‌كێكیان گوترابا بۆ هه‌موو كه‌س جێی باوه‌ر نه‌بوایه‌, به‌ڵام له‌دوای بیست و سێی حوزه‌یرانه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ خه‌سڵه‌تی روونی و راشكاویان وه‌رگرت ویه‌كجێ ده‌مامكه‌كان هه‌ڵوه‌رین و روخساری راسته‌قینه‌ی هه‌موو ئه‌و هێزو لایه‌ن و گرووپ و كه‌سایه‌تیانه‌ ده‌ركه‌وت, به‌ته‌واوه‌تی سه‌نگه‌رو به‌ره‌كان له‌یه‌كتر ئاشكرا بوون. . !0 چیتر ده‌رفه‌ت بۆ ده‌مامكداران نه‌مایه‌وه‌ خۆ له‌ژێر ناوی جوداو ده‌مامكی جودادا بشارنه‌وه‌, كورد وته‌نی ((ئیدی, ئه‌وه‌ی له‌ژێر به‌ڕه‌ بوو كه‌وته‌ سه‌ر به‌ڕه‌ )) پارتی هه‌موو هێزو پنته‌ دیارو نادیارو شاراوه‌كانیشی له‌و شه‌ره‌دا به‌كار هێنا, به‌شداریكردنی له‌و شه‌ره‌دا كرده‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ نواندنی جۆرێك له‌وه‌فاو له‌وه‌لا له‌هه‌ڵوێست بۆ پارتی ! هه‌ر بۆیه‌شه‌ هه‌موو خانه‌و شانه‌ شاراوه‌و نادیارو نوستووه‌كانی پارتی كه‌وتنه‌ جوله‌و سه‌ر ئاو كه‌وتن و ئاشكرا بوون 0 ئه‌و قسه‌یه‌م به‌خشینی تۆمه‌ت و جۆرێك ناتۆره‌ نییه‌ بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌قه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌رخستن و ده‌ست نیشان كردنی كۆمه‌ڵی فاكت و راستی شاراوه‌ی واقیعی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه‌ 0 
هه‌موو ده‌زانن یه‌كگرتووی ئیسلامی هێزێكی بانگه‌وازخوازی ئیسلامیه‌, ئاساییه‌ كادیرێك یان لایه‌نگرێكی یان ده‌نگده‌رێكی یه‌كگرتوو واز بێنێ و متمانه‌ی به‌یه‌كگرتوو نه‌مێنێ و ره‌خنه‌ی بكات, ره‌نگه‌ من وه‌ك عه‌لمانیه‌ك ده‌ستخۆشی پێ بڵێم, به‌ڵام ده‌بێت پشت به‌هۆكارێكی راست و دروست و شه‌رعی ببه‌ستێ ,به‌وه‌ی كه‌ئه‌و كه‌سه‌ تێگه‌یشتنی دینی ئه‌و گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتبێت بوو بێته‌ خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیاوازتر و دنیا بینیه‌كی جیاوازتر, ئه‌و ده‌م, ره‌وتارو هه‌ڵوێستێكی له‌و جۆره‌ زۆر جوانه‌و ده‌بێت به‌به‌شێك له‌بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و رای جیاوازو هه‌ڵوێستی له‌و جۆره‌ش خه‌سڵه‌تی جوان به‌مرۆ ده‌ده‌ن و جێی شانازییه‌. . ! هه‌روه‌ها, له‌حانێكدا یه‌كگرتوو له‌هێزێكی ئیسلامیه‌وه‌ بوو به‌هێزێكی علمانی یا ئه‌نتی ئیسلامی ئه‌و ده‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی له‌و شێوه‌یه‌ كارێكی جوان و په‌سنده‌ بۆ بڕوادارێكی ئیسلامی و جێی ده‌ستخۆشیه‌ 0 به‌ڵام بۆ كادیرێكی باڵاو سه‌ركرده‌یه‌كی حیزب به‌بێ هۆیه‌كی شه‌رعی و لۆژیكی واز بێنێ و پاساوێكی شه‌رعی و لۆژیكی نه‌بێت, هه‌ڵگری گومانه‌ !0 
هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو له‌سه‌ر پرسی ده‌ستورو سیسته‌می حوكمرانی هه‌لوێست و تێگه‌یشتنێكی شه‌رعیانه‌و دیموكراسیانه‌و مه‌ده‌نیانه‌و چاكسازیانه‌و كوردانه‌یه‌,ئه‌وه‌ نه‌ك بۆ كادیرێكی یه‌كگرتوو بۆ كوردێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسی خوازیش جێی په‌سندی و ده‌ستخۆشیه‌. . ! ئه‌ی خێره‌ سه‌ركرده‌یه‌ك له‌سه‌ر نواندنی هه‌لوێستێكی جوان و شه‌رعی و مێژوویی حزبه‌كه‌ی,به‌جێی شانازیكردن و خۆشحاڵی نیشاندان وپشتگیری كردنیه‌وه‌, كه‌چی بێت واز بێنێ و ره‌خنه‌ی نابه‌جێی حزبه‌كه‌ی بكات.. ! ئه‌وه‌ گه‌ر ناوی كه‌سێكی ده‌مامكدارو شانه‌ی نوست و شاراوه‌و مونافیقی لێنه‌نرێت ده‌بێت چ ناوێكی لێ بنرێت ,خودایه‌ ؟0
هه‌مان قسه‌م بۆ ئاراسته‌ی سێیه‌م, كه‌وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی چه‌پ و دیموكرات و مه‌ده‌نی خۆی مه‌عاریفی ده‌كات ,بانگه‌وازیان بۆ ئازادی و یه‌كسانی دیموكراتی یه‌ ,ئه‌وانه‌ گه‌ر راستگۆ بوونایه‌ له‌گه‌ڵ دروشم و به‌رنامه‌و كارنامه‌ی خۆیان ده‌بوو پشتگیری له‌سیسته‌مێكی دیموكراتی په‌رله‌مانی دادگه‌ر بكه‌ن ,نه‌ك سیسته‌مێكی شێوه‌ دیكتاتۆری گه‌نده‌ڵ و نادادگه‌رو هه‌ڵاوساو به‌ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و نابه‌رابه‌ری و له‌سایه‌یدا رۆژ به‌رۆژ دزه‌كان ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بن و زه‌حه‌تكێشان و هه‌ژارانیش نه‌دارتر كه‌چی هه‌ڵوێستێك و ناڕه‌زایه‌تیه‌كیان نه‌بێت و سه‌رباری ئه‌وه‌ بێن پشتگیری له‌سیسته‌مێك بكه‌ن پێچه‌وانه‌ی هه‌رچی هزرێكی راستگۆیانه‌ی چپ بوون هه‌یه‌ !0 بۆیه‌ وه‌ختێ له‌نواندنی هه‌ڵوێستێكی پێچه‌وانه‌ی گوتارو مێژووی چه‌پ ده‌یان بینین جێی خۆیه‌تی وه‌ك لاده‌رو دژه‌ ئاراسته‌ بیان بینین و بڵێین گه‌ر ئه‌وه‌ جۆرێك له‌پارتی بوون و نواندنی وه‌لا بۆ پارتی نه‌بێت چ ناوێكی لێ بنێین و ئه‌وانه‌ چ جۆره‌ ئاراسته‌یه‌كن خودایه‌. . ؟0
ئه‌ی حزبه‌كه‌ی كاكه‌ حه‌مه‌ ناوی گه‌وره‌و دێی وێران سۆسیال دیموكرات, له‌كوێدا سۆسیال دیموكراتن و كامه‌ هه‌ڵوێسته‌تان له‌گه‌ڵ ناوه‌كه‌تان دێته‌وه‌ ,ئاخر بۆ خوا سۆسیال دیموكرات سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی چه‌ندی به‌چه‌ند كاكه‌ حه‌مه‌ گیان. . ؟0
سه‌باره‌ت به‌كه‌مینه‌كانی توركمان و كلدو ئاشور, هێشتا توركمان پێیان ناخۆشه‌ پێیان بگوترێت كه‌مینه‌ پێیان وایه‌ ئه‌وان زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی كوردستانن, كه‌چی لایان ئاساییه‌ به‌ناكۆتا بچنه‌ په‌رله‌مان له‌كاتێكه‌ به‌شه‌ش كورسی ده‌نگی كورسیه‌كیی راسته‌قینه‌یان نه‌هێناوه‌,ئه‌وه‌ بۆ برایانی كلدو ئاشوریش هه‌روایه‌, مافه‌ كلتوری و میلیه‌كانی توركمان و كلدو ئاشورو ته‌وای پێكهاته‌و ئاین و ئاینزاكان, به‌ده‌ستورو به‌به‌ندی یاسایی ده‌پارێزرێت نه‌ك به‌ئه‌ندامی په‌رله‌مان و ناكۆتاو وه‌زیرو گه‌زیر0
ئه‌وان ده‌توانن له‌ڕێگای لیستی خۆیان به‌ش و پشكی پێكهاته‌ی خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن و قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆشیان باشتر بزانن و وه‌بتوانن نوێنه‌رایه‌تیه‌كی راسته‌قینه‌ی خۆیان بكه‌ن نه‌ك لایه‌نێكی سیاسی دیاری كراو, نه‌ك به‌ناكۆتاو شێوه‌یه‌ك له‌خێرو منه‌ت و ده‌سته‌واوی, نه‌ك ببنه‌ به‌شێك له‌كێ بڕكێ و ركابه‌رایه‌تی و ملبه‌مله‌ی سیاسی و فكری و ئابوری ده‌سه‌لاتداری پیِكهاته‌ی كوردی 0 چونكه‌ ئه‌وه‌ بۆ برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی خه‌ڵكی كوردوستان خه‌راپه‌ و ره‌نگه‌ له‌ئاینده‌دا شوێنه‌واری خه‌راپ به‌جێ بێلێت 0 
بۆ پرۆسه‌ی سیاسی دیموكراسیه‌تی راسته‌قینه‌ واباشتره‌ كورسی كۆتا نه‌مێنێ, خۆ گه‌ر بشمێنێ باشتره‌ له‌كورسیه‌ك زیاتر نه‌بێت تا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ملبه‌مله‌ی مه‌ده‌نیانه‌و سیاسیانه‌ی لایانه‌ سیاسیه‌كان دروست نه‌كات, گه‌ر ده‌شیانه‌وێت ببن به‌به‌شێك له‌ملبه‌مله‌ی مه‌ده‌نیانه‌ی سیاسی ئه‌وه‌ پێویسته‌ وه‌ك پێكهاته‌یه‌ك به‌گوتارو تێگه‌یشتنی خۆیان و پارێزگاری له‌به‌رژه‌وه‌ندی و تایبه‌تمه‌ندی و قه‌باره‌ی پێكهاته‌ی خۆیان به‌شداربن, نه‌ك بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو ببن به‌شكی عه‌مباركراوی لایه‌نێك 0
هه‌روه‌ها هه‌ندێ نوسه‌رو رۆشنبیریش كه‌بانگه‌شه‌ی بێ لایانی و سه‌ربه‌خۆیی و پێشكه‌وتووخوازیی ده‌كه‌ن ,كه‌چی جه‌خار, نه‌یانتوانی بێ لایان بوون بپارێزن و ڕاستگۆبن له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌و بیركردنه‌وه‌و هۆشیاری خۆیان, كه‌وتنه‌ نوسینی هه‌ندێ رسته‌و ده‌سته‌واژه‌ی شكه‌سته‌و ناته‌واو بێ ماناو ناڕوون و بێ سه‌روبه‌ر كه‌هه‌ست به‌جۆرێك له‌تێكچوونی باری ده‌روونیان ده‌كرا.. هه‌روه‌ها كه‌موكێك هه‌ستریاو توڕه‌ییه‌كی بێ ئه‌سه‌ریان پێوه‌ بوو0 سه‌یره‌ له‌هه‌مبه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر سروشتی و ئاسایی نه‌یانتوانی تێگه‌یشتن و هزرو رای جیاوازی بپارێزن و هاوسۆزیان بۆ پارتی بشارنه‌وه‌0 خودایه‌چ زوو ده‌مامكه‌كانیان له‌ڕوو هه‌ڵماڵا !
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام