ئەزانم حەوسەڵەتان ماندووە و بێزارن لەم هەموو موحەلیلە، بەڵام بەکورتیی;

بۆ خۆم دڵنیام کە ستەمی گەورە لە کۆمەڵێك زاراوە و چەمك ئەکرێت، ناچمە سەر ستەمی زۆربەی چەمکەکان، بەڵکو کاتەکە تەرخان ئەکەم بۆ دووان لەو زاراوە زوڵملێکراوانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا ئەوەندەیتر سوکایەتییان پێئەکرێت، وەك ئەوەی چەندین ساڵە کەم بووبێت ئەو هەمووە پەتپەتێنەیان پێکرابێت!!

*”یاسا”ی هەژبەسەر لەم هەرێمەدا دەمێکە مردووە، کوردگوتەنییش مردوو مرد، شەیتان وازی لێئەهێنێت. سەیرە ئەوەندە بێڕەحمانە ئەم قەبر و ئەو قەبری پێئەکرێت!

۱ـ یاسا کاتێك “سەرۆك”ـە ئێکسپایەرەکەی لە ژێر پێی ئەنێت، کەواتە بۆچی سەروەر بکرێت بەسەر ڕەشوڕووتەوە؟!
تا #مەسعود_بارزانیی سەرۆکی هەرێم بوو(سەرباری هەر تێبینییەك لەسەر شێوازی بوون بەسەرۆکی) دواجار ئاسایی بوو بەهەماهەنگیی دەزگا و دامەزراوەکانیتر(پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەریی) بڕیار لە پرسە چارەنووسسازەکان بدات، دەی ئەو هەڤاڵە وەك لەسەر وەختی ویلایەتەکەی خۆیدا هیچ حسابێکی بۆ دامەزراوەکانیتر نەکرد، ئەوەتا ئێستاش کە ماوەکەی تەواو بووە، هێشتا هەر لەگەڵ وەفدی وڵاتان کۆئەبێتەوە و حسابی جووتێك “جاشکەوش”ـیش بۆ پەرلەمان ناکات!
کەواتە دەسەڵاتێك کە ناوی “یاسادانان”بێت و جگە لە وەرگرتنی ئیمتیازاتەکانی خۆی کە بە “یاسا” پاتاڵەکانی خۆی دانراوە و بۆ خۆیانیان دوریوە، یاساکانیان پێش هەموو کەس “سەرۆك” بنپێی بخات، ئەبێت چۆن ڕوویان بێت باسی یاسا لەگەڵ کەسانیتر بکەن؟!

۲ـ دەسەڵاتی دادوەریی کە یەکێکە لەدەسەڵاتە سەرەکییەکانی هەموو دەوڵەتێك، بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان و هۆکاری ڕاگرتنی باڵانسی نێوان کۆی دەسەڵاتەکانن، بەداخەوە “یاسا” لای ئەمانیش چاڵێکی باشە بۆ ناشتنی خەونەکانی کۆمەڵگا و دەرفەتێکی باشە بۆ پاراستنی ئیمتیازاتەکانی خۆیان، تەنیا ناوی پەرلەمانتاران بەدناوە، بەڵام بڕۆن سەیری ئیمتیازاتی دادوەران بکەن و ئاوڕێکیش لە “بوێریی”ـیان بدەنەوە لەبەرامبەر بەرقەرارکردنی”یاسا”ـدا.

کەواتە “یاسا”لێرە یاسای دارستانە، دەسەڵاتەکان یاسا بۆ خۆیان ئەدورن، دەی پەرلەمانیش پشکی خۆی ئەوێت لەم زەلکاوەدا!

* “چاکسازیی”
ئەگەر ئەوە حاڵی یاسا بێت و مردووبێت، با ڕوو ڕاست بین “چاکسازیی” ماڵوێران هەر لەدایك نەبووە و بە نەبەکامیی لەباربرا!

۱ـ دەسەڵاتێك(کە دیوە ڕاستەکەی لەدەستی دوو حیزبی خاوەن دوو قەڵەمڕەوییدایە) سوور بزانن بە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە کەسیان لەگەڵدا نامێنێت، چۆن دەستی بۆ دەبەن؟!

چیرۆکی لادان و داڕزانی ئیداریی و ئەخلاقیی ئەمانە بە جۆرێکە کە نزمترین ئاستی “چاکسازیی” پشێوی گەورە لە هەناوی ئەواندا دروست ئەبێت، ئەگەر چەواشەکاریی نەبێت کێ بڕوا بە بانگەشەکانی ئەمانە ئەکات؟!

۲ـ بۆ مێژوو ئەیڵێم; ئەگەر هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات کە لە یەکێتیی و پارتیی زیاتر تینووی دەسەڵاتن، تەنیا یەك تۆز لەم پرۆسەیەدا جدییەتیان تێدابووایە ئێستا قەدەرێکی زۆر باش ئەم پرۆسەیە چووبوویە پێشەوە!

کۆمەڵێك زۆربڵێی دەم پڕ لە هاوار ساڵانێکە شاتە شات ئەکەن تازە بە تازە خەڵکی سادە دڵی داماوی ناو ڕێکخستنە حیزبییەکانیان کەمپەین ڕێکئەخەن و وەك بەردەرگای خاوەن شکۆ ئەچن لێیان بپاڕێنەوە تا ئەمە خوایە ئەوان “بڕیارە دروستەکە بدەن و ئابڕووی تکاوی حیزبەکەمان بکڕنەوە” !!

ئاخر ئەگەر بڕیار بێت حیزبی “گۆڕانخواز و ئیسڵاحیی و بۆ خوا سوڵحاو و نوێخوازانی پێشڕەوی نەوەی نوێ…تد” بە ئەجێندای گونجاو و ڕیفۆڕمیستانەوە بچنە پەرلەمان، ئایا ئێستا ئەم پەرلەمانە پاسیڤەمان ئەبوو؟!!

لەمانە کارەساتتر ئێستا بەشێك لە ڕەشوڕووتان وێنە و وتەی پڕ لە موزایەداتی ناو میدیای ئەم و ئەو دائەنێن و بەشان و باڵیاندا هەڵئەدەن وەك شاسواریی ڕێگای چاکسازیی و گۆڕانکاریی!!

ئازیزان، برا و خوشکانی ڕەنجدیدە و ماندووم
لێگەڕێن و تەنیا دیقەت بدەن بزانن ئەم “تڕکەڵەك”ـەی کە ناویان لێناوە حکومەت و ئەم “شایی و لۆغان”ـەی کە ناویان لێناوە چاکسازیی ڕوو لەکوێ ئەکات!
ئاخر خوا بتانگرێت; ئێمە چەپڵەمان بۆ لێدان و سەدان شێری بەفرینە و پاڵەوانی ساختەمان دروست کرد، حیزبمان دروست کرد و لەدەمی خێزان و ئازیزانمان گرتەوە و هەتا تایە و پێچکەی سەیارەکانمان بسوڕێتەوە ڕۆیشتین بۆ کەمپەینی سەرخستنی لیستەکانی هەڵبژاردن، سەیارەمان دەعمی کرد، خەڵكمان بریندار و شەهید بوون، قەڵغانی مرۆییمان بەدەوری بارەگا و سەرکردەکانی حیزبدا دروست کرد، کاتی زێڕینیی خۆمانمان بەفیڕۆدا، قسەمان کرد و قوڕگمان نووسا ئەوەندە هاوارمان کرد”حیزب نابێت درۆ لەگەڵ دەنگدەرانیدا بکات” توکی خۆمانمان تاڵکرد لەلای فیگەرە خۆویستەکانی حیزب و بە چەپۆکی دزێویان کێشایان پیاماندا تانەبین، هێشتا وتمان”وێنە گەورەکە گرنگە و ئەم گەجەر و گوجەرە کەفی دەریان و ئێمە گاشە بەردی بن زەریاین و ئەمێنینەوە” کەچی دەیان مرۆڤی لە پوش چنراو بەسەر شانی ئێمەدا تێپەڕیین و خۆیان کرد بە پەبلیك فیگەر!!

ئێستا و لەم سەروەختی تێپەڕاندنی ئوعجوبەی “چاکسازیی”ـەدا لێگەڕێن کەم لەم گرگن و بچووکانە بپاڕێنەوە، ئەڵێی بیرتان چوو ئەم دەسەڵاتە دەیان جار چیرۆکی درۆی “چاکسازیی و پاکسازیی” بۆ ڕێکخستین و لەو سەرەوە کۆمەڵێکیتری لێکردین بە غۆل؟!

پڕۆسەکە بۆ خۆی درۆیەکی گەورەیە، لەمانەش گەورەتر درۆودەلەسەی ناو میدیای پاڵەوانانی سەر شاشەیە!!

#نەخێر_بۆ_بڕواهێنان_بەپرۆسەی_بەناوچاکسازیی_لەلایەن_دز_و_گەندەڵکارانەوە

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام