ئاژانسی هەواڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌، كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداو هێڵی ئاسمانی فڕۆكه‌وانی سوریا زانیاریان له‌سه‌ر قاسم سوله‌یمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی  سوپای پاسدارانی ئێران داوه‌ته‌ ئه‌مریكا، دەشڵێت، “ئەوان هۆكاربون بۆ كوژرانی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی ئێران”.
ئاژانسی هەواڵی رۆیته‌رز له‌ به‌دواداچونێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكردوه‌، “كارمه‌ندانی كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی شام-ی سوریا له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا دزه‌یان به‌زانیاریه‌كانی كاتی به‌رزبونه‌وه‌ و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی قاسم سوله‌یمانی كردوه‌، به‌جۆرێك هاوكاربون له‌به‌ئامانجگرتنی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌”.

رۆیته‌رز له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌منی عێراقییه‌وه‌ كه‌ نه‌یویستوه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت رایگه‌یاندوه‌، “له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا بۆ تۆڕی هه‌واڵگری ناو فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا هه‌ندێك زانیاریان ده‌ستكه‌وتوه‌”.
ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌، “گومان ده‌كرێت چوار كه‌س زانیاریه‌كانیان بۆ هێزی ئه‌مریكا گواستبێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و چوار كه‌سه‌ كارمه‌ندی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی شام-ن”.

رۆیته‌رز په‌یوه‌ندی به‌ به‌رپرسانی هه‌واڵگری تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی شام كردوه‌، بەڵام ئاماده‌ نه‌بون هیچ شتێك له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ بڵێن و جه‌ختیانكردوەته‌وه‌، له‌ئێستادا سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن.

به‌ره‌به‌یانی سێی ئه‌م مانگه‌، له‌ئه‌نجامی بۆردومانێكی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا، قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشوی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و نۆ له‌هاوكاره‌كانیان كوژران.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام