باوەڕ ناکەم لە دنیادا هەبێت هیندەی کورد مجامەلەچی بێت،هیچ کاتێک راستینەکانی دڵ ومێشکی خۆی ناڵێت،هەمیشە دوای زۆرینە و باو دەکەوێت،وەک ئەو باڵندەیەی کە پۆلەکەی دەفڕێ ئەویش دەفڕێ، دەنیشێتەوە ئەویش دەنیشێتەوە،بیشقیژێنێ ئەویش دەقیژێنێ.

هەمو جارێک کە پارتی وبنەماڵەی بارزانی پێگەیان لاواز دەبێت،پەنا بە شتێک دەبەن،لە سەردەمە جیاجیاکاندا،یان لەشکری ئێران یان تورکیا یان بەغدایان هێناوە،یان شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساندوەو باسی دوو ئیدارەییان کردوە،ئێ خۆ ناشکرێ لەبەر ئەوەی ئەم شتانە نەکات وڵاتیان تەسلیم بکەین و بیان کەین بە پاشای خۆمان،ئەمە نە ئەخلاق ڕێگای پێ دەدات نە مەنتق، جا ئەگەر لەبەر ئەمانە سەر بۆ بنەماڵەی بارزانی شۆڕ بکەین،با شەڕ نەبێت وکەس نەکوژرێ،دەبوو بۆ بەعسیشمان شۆڕ کردایەو دەستی تەسلیم بوونمان هەڵبڕیایە..

هەتا تاڵەبانی کوردوستانی تەسلیم بە بنەماڵەی بارزانی نەکرد،ئەوان وازیان لە شەڕ نەهێنا،هەرکەوتی فەرموون ئێوە سەرۆک هەرێم وحکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و پەیوەندیە دەرەکیەکان بن،،ئەوان ئیتر کێشەیان نەما،لەسەروئەمەیشەوە یەکێتیان بنکۆڵ کرد،نەیشیان توانی بچوکترین قازانج بە گەلی کورد بگەیەنن،جگە لە هەوڵدان بۆ توندو تۆڵکردنی پێگەی خۆیان و تەسەروفات وەک ئەوەی پاشای کوردوستان بن و بردنی تەواوی سامانی ولات بۆ ناو گیرفانە قوڵەکانیان..

ئیشتایش کە بە پێی هەموو پێودانگێک،مەسعود مافی خۆ کاندیدکردنەوەی نییە،لە دوای دە ساڵ بردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم ،کە بە یارمەتی خودی تالەبانی ویەکێتی بردی،کەچی لەیەک ئاگاداریدا هەڕەشەکانی خۆی کرد،کەئەگەر سازان نەکرێت ئەوە هەڵویستم دەبیت،هەڵوێستەکەیشی یان شەر کە زەحمەتە لەم کاتەداو ناوێرێ دەنا دەیکرد،یان دەهۆڵی دوو ئیدارەیی.

نازانم ئێمەی کورد چ قازانجێکمان لە یەک ئیدارەی کردوە تا ترسمان هەبێت با نەبێت بە دوو؟ ئەسڵەن من تەواو لەگەڵ دوو ئیدارەیم بەم دەلیلە تەواو مەنتقیە مێژوییانە.
بنەماڵەی بارزانی دەستی بەسەر بادیناندا گرتوەو زۆربەی خەڵکەکەیش لەگەڵیەتی،جا ئەو هۆکارانە چین ئەوە بابەتی ئەم نوسینە نییە،هەرچی هەولێریشە لەگەڵ دەبابەی بەعسدا داگیری کردوە دەنا خەڵکی هەولێر پارتیان ناوێت.

لە شۆڕشی ئەیلولدا هەموو سۆرانی دوای مەلا مستەفا کەوتن،بەلام بادینیەکان بەوجۆرە نەبوون، سۆرانیەکان هەزاران شەهیدیان داوە،بادینەیەکان بە پێچەوانەوە،ئەمەوێ بڵێم هەمیشە ئێمە دوای ئەوان کەوتووین.

وەختێک کۆمەڵە دروست دەبێت وپاشان یەکێتی،ئایە سەد پێشمەرگەی بادینانی هاتوونەتە ناو کۆمەڵەو یەکێتی؟گومانم نییە کە نەخێر،بەلام هەزاران سۆرانی لە ڕیزەکانی پارتی چ سەردەمی مەلا مستەفا چ سەردەمی مەسعود دوایان کەوتوون وهەبوون.

ئایە لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی وکۆمەڵەدا چەندە شەهید هەیە کە خەڵکی دەڤەری بادینان بن؟وەرن بە ژمارە بڵێن بزانین سەد کەسێک دەبێت؟ئەویش ڕەنگە کێشەی تایبەتیان لەگەڵ ماڵ مەلا مستەفا هەبێت،وەک شەڕی عەشایەری و زۆر شتی تر،پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هەمیشە ئێمە دوای ئەوان کەوتووین دەستی هاونیشتیمانی و هاو نەتەوەییمان بۆ درێژ کردوون ئەوان بە پێچەوانەوە؟.

من بڕوام وایە زۆربەی خەڵکی بادینان نازانن لە هەڵەبجە چەند هەزار کەس شەهید بوون،ژمارەی ئەنفالەکان چەندە،لەبەرامبەر هەموو شتێکیشا ئەوان لاینەگری بنەماڵەی بارزانین کردوە،لە 17 شوباتیشدا خەڵتانی خوێن کراین،،یەک کەس ورتەی نەکرد،ئەسلەن ئەوان لەسەر مافەکانی خۆیشیان قسە ناکەن.24 سالە نارەزایەتیەکی 5 کەسی نەبوە دژی بنەماڵەی بارزانی.
بەڵێ پێویستە سۆرانیەکان ئیدارەیی خۆیان هەبێت و خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن،ئەمە نە عەیبەو نە شورەیی،با کەسیش شیعاراتی فشە کوردایەتیم پێنەفرۆشێت،هەرچی هەولێریش خەڵک بڕیار بدات سەربە ئیدارەی سۆرانی دەبێت یان بادینان،واتە لە هەڵبژاردنێکی ئازادانەدا لەژێر بەڕیوەبەرێتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕیفراندۆمێکدا خۆیان یەک لای بکەنەوە، گومانم نییە کە دەیبەینەوەو هەولێر لەژێر لولەی چەکی بنەماڵەی بارزانیدا دەردێنین، مۆرێکیش دەدەین بە مەسعود بارزانی هەتا هەتایەو تا خەڵکی بادینان خۆیان قبوڵیانە با کوێخای بادینان بێت،خۆ ئەگەر بەوەش رازی نابێت ئەوە پێویستە بەزۆر دەربکرێت،وەک وتم ئەو هەولێری داگیری کردوە.

کەرکوک بە عەمەلی گەڕاوەتەوە سەر کوردوستان و یەکێتی ئیدارەی دەکات،کەواتە چ پێویستیەکمان بەم شەڕ فرۆشتنەی بنەماڵەی بارزانی هەیە؟ بۆچی دەبێت ئەم هەموو قسەو باسەو هەڕەشەیەی لێ قبوڵ بکرێت؟.

ئەگەر لەبارەی نفوسی کۆمەڵایەتیەوە بێت ئێمە زۆرینەین،لە بارەی ژێرخانی ئابورییەوە هەر زۆرینەین،لە پەیوەندیە دەرەکەیەکاندا مەجال بۆ هەمووی هەیە،کەواتە بۆ ترسمان لە دوو ئیدارەیی هەبێت؟خۆ ئەمە پارچە کردنی کوردوستان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها خۆ بەڕێوە بردنە و ئابوری سەربەخۆ،یاساو قانونی سەربەخۆ،لوکسەمبورگیەکان حەوت سەد هەزار کەسن،،خۆیان دەولەتیان هەیە،سویسرا هەمووی خۆ بەڕێوەبەری هەیە،کەواتە بۆ باشوریش ئەوە دەبێت و مافی خۆمانە.

ئەم بۆچوونە ئەوە نییە کە باوەڕم بە بەیەکەوە ژیان نەبێت،من حورمەتێکی زۆرم هەیە بۆ بادینانیەکان، بەڵام ئەوان خۆیا ن ئەوەیان قبوڵە،هەمیشە ئێمە شوین ئەوان کەوتووین،لە مێژوی سەد ساڵی ڕابردودا زۆرترین قوربانی هەر ئێمە داومانە،ئەوان هیچ کاتێک حسابیان بۆ ئێمە نەکردوە،بەم جۆرە بۆ هەتا هەتایە دەسەڵاتی بنەمالەی بارزانیمان لە کۆڵ دەبێتەوە دەڤەری بادینانیش جێگای ڕێزمان دەبێت، هەرکاتێکیش خەتەری بنەمالەی بارزانی و پێگەیان لە بادینان لاواز بوو،ئەوە کاتە دەتوانین یەک ئیدارەو یەک حکومەت و یەک دەسەلا ت و بەڕیوەبەری هەبێت..

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام