ئەوانەی عەقڵیان لە چاویاندایەو بەدەم ئەبێژن. ھیچ جیاوازییەکیان نییە، لەگەڵ: ئەوانەی عەقڵیان لەسکیاندایەو بەدەم ئەچێژن. گەمەی سیاسی دۆخەکە لە ئێستادا جگە لە چاوبەستکردن و کڵاو کردنەسەری زۆرینەی ناوچەکە ھیچی تر نییە، مەرام و ستراتیجی بەرژەوەندی زلهێزەکان لە ڕۆژەھەڵاتی ناوین زۆر زۆرتر دەخوازێ لەوەی بە پراکتیک و بەرکەوتن، ھەنگاوی سیاسی و سەربازی بەرچاوی بۆدەنرێ. ئەوەی دەبینرێ دەرئەنجامی جۆرو توانستی ئەزموونی خەبات و ژیانی سیاسی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە، بەدڵنیایش لەوە زیاتریشیان بۆبەرھەم ناھێنرێ و ھەڵناسوڕێندرێت.! ئەمەشە گشت ڕێ و ڕێچکە سیاسییە لادەرەکان، لە دەروازەی ھەمەچەشنەوە دهێنێتەوە سەر تولە ڕێی خۆبەدەستەوەدان و بچوکردنەوە وئیشکردن لەسەر کڵاونانەسەری یەکترە بۆ براوەی یەکەم لەدۆخەکەو، وەرگرتنی هێزی باڵادەستی بازنەیی و دوبارە پەیمان بەخشینەوە بە ژێردەستەیی سیاسی دروستکراو، بەردەوامی خۆڵکردنە چاوو چاوبەستن و بێدەنگی قبوڵکردنی دۆخێکی سەپاوی مەحکوم بەئەرک وجێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکان بۆ مانەوە .! گەر ڕاستگۆبین دەزانین، مێژووی حوکمی ناوچەکە هاوتەریب لەسەر بنەمای دەستاو دەستی دەسەڵاتی کارتۆنی و ژێر دەستی سیاسیدادروستبووەو بە هەردوو ویستی ململانێی بڕوا و بوونی قۆناغیدا تێپەڕیوە. بەرکاری ئەم سیستمی بەڕێوەبردەنەی ئێستەشمان درێژکردنەوەیهەمان پرۆسەی بەهێزکردن و ساغکردنەوەو دروستکردنە بۆ لادان و تۆکمەبوون لە داهاتوو. بەردەوامی ئەم خوە سیاسییەشە وەک دیوی ناوەوەی پێکهێنان وادەکات و بە پێویستی دەزانێ پاڵەوانە کارتۆنی و قێزەونەکان لە ناوچەکەدانەبڕێن وهەمیشە بیانهێنەوە سەر شانۆی سیاسی و بیانکەنەوە بە ئومێدی جۆری خەڵکە کڵاو لەسەرنراوەکە.! گەرچی سیمای زۆرمان لەو شێوە جۆر و جیاوازانەی بەرەی سیاسی ناوچەکە، بە زەبری خوێن و ماندوبونی قوربانییان بەڕێکرد، لە هەردووبەرەی دژو و دۆست وەک دوژمنە سەرسەخت و نەیارەکانی کورد و سەرانی بەناو شۆڕشگێرە سیاسییە فرۆشراوەکانی پارێزەر بوون لەبەرگریکردنی ژێر بەژێر و دروستکردنی بەرژەوەندی زلهێزەکان و ڕوتاندنەوەو بچوکردنەوەی کورد و دۆزەکەی. لێرە سیاسەت ناوی ھونەری شاردنەوەو باس نەکردن و بێدەنگی هەڵبژاردن و بێدەنگکردنی ڕاستییەکانە ، نەک خزمەتکردن وھۆشیارکردنەوەو پێگەیشتن و سەرخستنی گەل.! یەکێک دێ؛ بێ ھیچ بنەمایەک زانستی سەلمێندراو، بەکەرەستەی خۆماڵی و بۆماوە پەیمانی خۆشگوزەرانیمان پێدەداو و یەکێکی تریش بەھەمان بەرماوەی پڕپۆڵەی وەریوەکانی سیاسەت بێ ئومێدمان دەکا. لەڕاستیشدا ھەر دووکیان کار بۆ یەک ئامانجی دیاریکراو دەکەن، پەیماندانە بۆ نەکردن و ئەوەشی کە بێ ئومێدت دەکا هەر ئەوەی ئەو دەکاکە نەتوانراوە بکرێ. خەڵکیش بە هۆکاری تێچوونی خەوش و خۆڵەکەی ناو چاویان هیچ نابینین و حاڵی نابن. تا هزری سیاسیمان نەتوانێ، ئەم کلتوری موتوربەکردن و هێز دروستکردنە دەرەکی و ماڵییە پێچەوانە نەکاتەوەو تێنەپەڕێنێت، قەت ناگاینە ئەوکەنارەی کە دۆخی پێکەوەیی و سەنگی جەمسەرگیریی هێزی ناوچەکە وەک بوون بیخوێنێتەوە و بیکاتە هاوبەشی دیارو ڕاستەقینەی خۆی لەبەرژەوەندییە گشتییەکانداو، گوێ لە خواستەکانی بگیرێ وەک ماف و هاوسەنگی سەرانی ووڵاتانی زلهێز لە ناوچەکە. گەر نا بەردەوامی بەهەمان ڕیتمی کۆنی سیاسەتی وابەستەیی و ملکەچدان لێدەدرێتەوەو لە چاوەڕوانیدا دەچەقین، تا زلهێزەکانی دۆست،خۆیان دەکەونە بیری ڕەحمەتێکی دۆستانە بۆ دۆزینەوەی ناوێکی نوێ و نازناوێکی ترمان لێدەنێن لە فۆرمە ناولێنراوە کارتۆنی ودروستکراوەکەی دەبێتە نوێبوونەوەی ناوچەکە دوای دەستکاری هێزە براوەکان و ئێمەش بە خۆڵکردنە چاوەوە سەرقاڵدەکەن..

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام