(1)
حیساباتی سەرۆک بەرهەم ساڵح، لە دوای ناردنی نامەکەی رۆژی پێنجشەممە بۆ پەرلەمانی بەغدا کە تێیدا ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو دەست لەکار بکێشێتەوە، زۆربەیان گرتی، خۆی لای شەقام خۆشەویست کرد، ملکەچی گوشارەکان نەبوو، خۆی وەک سەرۆککۆمارێکی بەهێز نیشان دا و.. زۆر شتی دیکەش.

ئەڵبەتە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی کابینەی شەشەمیش لەژێر گوشارەکانی حزبەکەی خۆی، جارێکیان نامەیەکی درێژی بڵاوکردەوە و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کرد. زۆری نەبرد، بە فەرمانی تاڵەبانی کۆتایی بە تەمەنی کابینەکەی هێنرا.

ئەوەی ئەوجارە لە حیسابدا نەبوو ئەوە بوو کە بەشێکی بەهێزی پارتی لەگەڵ شیعە و سوننە، ئەو ئامادەییەی سەرۆک بەرهەم و دانپێدانانی خۆی بە رەفتارکردن پێچەوانەی دەستوور بقۆزنەوە و بیخەنە رۆژەڤی پەرلەمان و گەلەکۆمەی سیاسی. هەر لەو رۆژەوەی کە ئەو قەیرانە دەستیپێکردووە، ناوبەناو دەستلەکارکێشانەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە تەرح کراوە، بەڵام هەموو (بە خۆپێشاندەران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن) دەزانن کە لە حاڵەتی وادا، ئیتر دەوڵەت کۆتایی دێت و، یان شەڕی ناوخۆ روودەدات، یانیش کودەتایەکی سەربازی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات دێتە ئاراوە.

بە دیوێکی دیکەشدا، سەرۆک بەرهەم دەیزانی کە بەپێی ماددەی 61ی دەستوور لەسەرکارلادانی هێندە ئاسان نییە، بەڵام ئەو بلۆفەی ناو نامەکەی خۆی بۆ پەرلەمان، دەکرا وەکو مەبنایەکی لێ بکرێت و داوای لێبکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە. هەر بۆیە دوای هەوڵەکانی دەرەوە و ناوەوەی پەرلەمان، بەرهەم ساڵح پێش هەموو شتێک کەوتە راستکردنەوەی ئەوەی کە نامەکەی بۆ دەستلەکارکێشانەوە نەبووە (کە پێشتر هەوڵ درا وەک سەروەرییەکی گەورە وێنا بکرێت)، بگرە تەنها ئامادەییە بۆ وازهێنان!

بەیاننامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیاییەکی بۆ سەرۆک بەرهەم تێدابوو کە لە کوردستانەوە هەوڵی لەکارخستنی نادرێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەو بابەتە پێناچێ بەوەندە کۆتایی بێت. چونکە بەشێکی بلۆفەکەی سەرۆککۆمار رووی لە حزبەکەی خۆیشی بوو کە قەڵاکەی بەغدایان لەمەترسیدایە.

ئەوەی روونە ئەوەیە سەرۆک بەرهەم ئەم چوار ساڵە تەواو ناکات. هەڵبژاردنی پێشوەختە لە پێشە و دواتر هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەگۆڕدرێن. ئەوەی ماوە بیکات ئەوەیە لە رۆژانی داهاتوو، ئاگرەکە هەڵداتە ناو کۆشی پەرلەمانەوە و ناوێک بنێرێ بۆ سەرقاڵکردنی کوتلەکان و ورووژاندنی شەقام لە پەرلەمان. بەوەش ئامانجی خۆی دەپێکێت و رەنگبێ سەرۆکایەتیی کابینەیەکی بچوککراوەی حکومەتی بەغدا بکات تا هەڵبژاردن.

ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسیش بۆ یەکگرتوو

(2)
بێ موبالەغە، یەکگرتووی ئیسلامی جوانترین حیزبی سیاسییە لە کوردستان کە پەرێزێکی خاوێنی لە کاری سیاسیی مەدەنیدا هەیە و، حیزبێکی قورس و سەنگینە. لە سەرەتای درووستبوونەوە تا ئێستا وەکو مەدرەسەیەک بە سەدان کادیری پێگەیاندووە کە ئەمڕۆ بەشی هەرە زۆریان لە دەرەوەی حزبەکەیان مەکینەی ئیعلامی و تەنانەت سیاسیی حزبەکانی دیکە هەڵدەسوڕێنن. رەنگبێ بەشی زۆریان لەبەر نەبوونی دەرفەتی کار یان بژێویی پێویست لەناو حزبەکەی خۆیاندا، روویان لە حزبی دیکە نابێت، بەڵام لە درێژماوەدا، هەم بۆشاییەکی گەورەیان لەناو یەکگرتوودا درووست کردووە و هەمیش بوونەتە سەرمەشقی کەسانی دیکە.

ئەو نوێبوونەوەیەی کە لە سەرەتادا پارتی و ئێستاش یەکێتی دەیکەن لە هێنانەپێشەوەی نەوەیەکی گەنج و پڕ لە وزە، دەبووایە پێش هەمووان لە یەکگرتوودا بکرابایە، سەرکردایەتیی ناوچەیی کە پێشتر مۆدێلێکی جوانی حزبی بوو، هی یەکگرتوو بوو، بەڵام ئێستا حزبەکانی دیکە خۆیانی پێ نوێ دەکەنەوە!

کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی ئەگەر ململانێی نێوان ئەبوبەکر کاروانی و سەلاحەدین بەهائەدینی لێ دەربکەی (کە بڕوابەخۆبوونی کاروانی جێگەی تەقدیرە) کۆنگرەیەکی ساردوسڕ بوو. زۆر شت پێشتر بڕابووەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمیندار و دەنگەکانی کاروانی دەبێ جێگەی هەڵوێستە بن بۆ سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکگرتوو کە مەیلی نوێبوونەوە و گۆڕینی خیتابی سیاسی ئیتر باسێکی حاشاهەڵنەگرە. پێناچێ کۆنگرە توانیبێتی وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانیی کادیر و ئەندامانی یەکگرتوو بووبێت، چونکە پۆتانسیەلی کاری سیاسی و حزووری ئەو حزبە زۆر زیاترە لەوەی کە ئێستا یەکگرتووی پێ تەمسیل دەکرێت. دەکرا یەکگرتووش لەم کۆنگرەیەدا، وەک یەکێتی ئەنجوومەنێکی باڵای سیاسی درووست کردبایە، رێگەی بە گەنجان دابایە بێنە سەری سەرەوەی بڕیاردان، کاری دەعوە و سیاسەتی لێک جودا کردبایەوە (بە کردار نەک بە قسە) و پاشگری ئیسلامیشی دوای ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە ناوچەکە روویانداوە، لابردبایە. ئەوکاتە رەنگبێ دەرفەتێک بۆ قەرەبووی شکستەکان هاتبایە ئاراوە.

کۆنگرە بەشەرتی دەرچوون
(3)

پێش دەستپێکردنی کۆنگرە، بەتایبەتیش کۆنگرەی یەکێتی، بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتیی پێشوو وا بە شان و باڵی کۆنگرەیاندا هەڵدەدا، وەکو ئەوەی کۆنگرە دارعەسای سیحریی پێبێت. کە چوونە ناو ململانێ و دەنگیان نەهێنا، هەریەکە هەوڵ دەدات عوزرێک بۆ دەرنەچوون بدۆزێتەوە؛ یەک ناوی نەنووسراوە، یەک تا نیوەڕۆ یەکەم بووە و دوای نیوەڕۆ دەرنەچووە و یەکێک تەکەتولی نەبووە و چاوەڕێی هەڵوێستە دەنا دەیتەقێنێتەوە و…هتد. راستییەکەی ئەو قسانە پارە ناکەن، چونکە خۆیان لە هەموو کەس باشتر دەزانن، ساختاری حیزبی کوردی نە دیموکراسیی تێدایە نە دادپەروەری. حزبەکانی دەسەڵات کە بتوانن لە هەڵبژاردنی گشتیدا ئەو هەموو تەزویر و ساختەکارییە بە بەرنامەیە بکەن، پارە ببەشنەوە و خەڵک بکڕن، قابیلە لە کۆنگرەی خۆیاندا ئەوەیان پێ نەکرێت؟! ئەوەی دەرنەچووە با خۆی نەکاتە پاڵەوانی سۆشیالمیدیا، ئەوانەی رۆژانێک بەرامبەر بە تەزویر بێدەنگ بوونە، ئەمڕۆ باجەکەی دەدەنەوە، کە تەزویرت کرد، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەی تەزویریشت لێ بکرێت.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام