رێزدار کاک عەلی جەوانمەردی ….

کاکە عەلی جەوانمەردی ئەمڕۆکە ناوێکی ئاشنایە و چالاکی و نێوبانگی سنوورەکانی کوردستانیشی تێپەڕاندووە. رۆژنامەنووس و هەواڵنێرێکی سەرکەوتووە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگوباسەکانی کوردستان و، عێراق  و ئێران، لەڕێگەی ماڵپەڕەکەی (AVA TODAY) ، سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵ و رووداوی رۆژانەیە و، هەموو رۆژێ هەزاران بیسەر و خوێنەری هەیە. ئەو هەوال و چالاکی و رووداوە بەربڵاو و بەردەوام و بێسانسۆرانەی کاک عەلی جەوانمەردی بڵاویاندەکاتەوە، بەو پێوەندییە بەربلاوەی هەیەتی، بە راگەیاندن و رێکخستنی چەندین حیزبی ئیمڕۆکەی گۆڕەپانەکەی کوردستان نەکراوە و ناکرێت. لەبەر ئەوە جێی رێز و پێزانینە و، بەشبەحاڵی خۆم دەستخۆشی لێدەکەم و، هیوای تەندروستی و سەرکەوتنی زیاترم هەیە بۆی.

هاوکات لەگەڵ ئەم تێکۆشینە بەربڵاوەی کە کاک عەلی لە بواری راگەیاندن دەیبات بەڕێوە، ماوەی چەن مانگێکە، بەتایبەتیی دوای ئەوەی لەنیوەی دووەمی مانگی رابردوو، بەهۆی گرانبوونی نرخی بنزینەوە، ناڕەزایەتیی زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە، بەداخەوە لە پیشەی خۆی کە هەواڵنێرییە، دوور کەوتەوە و، بە تاقی تەنیا، رۆڵی سەرپەرشتیکردن و رێنوێنیکردنی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتە ئەستۆ و، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنە و فیلمی خۆپێشاندان و پێکدادانی هێزەکانی دڕندەی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵات، دەستیکرد بە هاندانی خەلکی بێدەسەلات و بێچەک و، دەیگوت:  تا سەرکەوتن، وەک عێراقییەکان بەردەوامبن و نەوەستن و، کۆڵنەدەن. مزگێنیی ئەوەشی دانێ: خوێنی بەناحەق رژاوی لاوانی کورد، دەبێتە داری ئازادی و شین دەبێتەوە!”. حیزبەکانی رۆژهەلاتیش  کە دەیان سالە دوورن لە خەباتی کردەیی و، دانیشتنی درێژخایەن لەپەڕوباڵی خستوون، جگە لە دەرکردنی راگەیەندراوە، هیچیان لێنەبینرا و، بە کردەوە بوون بە  بینەر و خوێنەر و بیسەری فیلم و لێکدانەوە و دەنگوباسەکانی کاک عەلی.

کاک عەلی جەوانمەردی لەگەڵ هەموو دڵسۆزی و نیازپاکییەک هەیەتی، لە بیری نەتەوەیی تێنەگەیشتووە و، دڵپاکێکی نەشارەزا و کەمئەزموونە و، نازانێت: ”داری ئازادیی کورد، بەبێ بەرنامە  و بێ ئامانجێکی روونی نەتەوەیی، شین نابێت!”. وەک چۆن رووخانی رژێمی حەمەڕەزاشا، نەبووە هۆی شینبوونی داری ئازادیی بۆ کورد، یان رووخانی رژێمەکەی بەعس و سەدام حسێن، نەبووە هۆی ئەوەی ئازادیی بۆ کورد بەدیاری بێنێت، بەدڵنیاییەوە دوای رووخانی رژێمی داگیرکەری ئیسلامییش، ماڵوێرانی و قوربانیدانی کورد بەفیڕۆدەچێ و، دیسان وەک پێشوو، ریسەکەی لێدەبێتەوە خوری.

کاک عەلی هێژا!

بەهۆی  پێڕەوکردنی سیاسەتی چەوت و نانەتەوەییانەی سیاسەتکارانی کورد، کە ئێستا بەڕێزیشت دەگرێتەوە،دوای سەت ساڵ بندەستی و دوای سەت ساڵ قوربانیدان، داخوازیی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە رزگاریی خاک و نەتەوە و سەربەخۆیی، لەبیری رزگاریی کوردستانەوە، گۆڕاوە و، بووە بە راپەڕین و خۆبەکوشتندان لەپێناو هەرزانکردنی بنزین. ئەم کارەساتەش بەسەر کوردی بێ پلان و بێ ئامانجدا تێپەڕ دەبێت، ماوەیەکی دیکە لەسەر گرانکردنی نرخی هێلکە و تەماتە و مریشک، یان هەر پێداویستییەکی دیکەی ژیان، خەڵکی ئێران رادەپەڕنەوە، کوردستانیش بەوتەی بەڕێزت وەک هەمیشە پێشەنگ بووە! دەبێ کۆمەڵێکی دیکەی رۆڵەی کورد بە گوللەی دوژمن تێدا بچن، ئەوجا بەڕێزت و، سەرۆکی حیزبەکانیش لە دوورەوە هانیان بدەن و بڵێن: مەترسن، چۆنکە ئازادیی بە بێ قوربانی نایەتەدی!  هەروەک بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە پەیامەکەیدا کە لەم وتارەدا دامناوە، دەفەرمێ: ”هەموو دنیا پشتیوانتانە، دەنگمان لە گەڵ دەنگتانە، دڵمان لەلاتانە!!”.  دڵسۆزیی لەمە باشتر دەبێت!؟ ژن و منداڵ و پیاو و لاوی خوێنگەرمی ولاتەکەت کە بۆ داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی هاتووەتە سەر شەقام، بەدەستی بەتاڵ و بێ هیچ پشتیوانێک، هانبدەی بەرەوڕووی دڕندەترین و دواکەوتووترین رژێمی سەردەم بێتەوە، خۆڵ بکەیتە چاوی و بڵێی: دنیاتان لەگەڵە، بەڵام خۆم و ئەندامان و هێزی پێشمەرگەم، دڵمان لەلاتانە!! ئایە بەڕێزت و کاک مستەفا هیجری و هەموو ئەندامانی سەرکردەیەتیی حیزبەکانی رۆژهەلات، دوای چل ساڵ، لەوە نەگەیشتوون، داوودەزگەی رژێمێک لە زیندانەکانیدا هێند بێڕەوشت بێت، دەسدرێژیی بکاتە سەر خەڵکی ناڕازیی گەلی خۆی، هەزاران ناڕازیی گەلی خۆی، لە زیندانەکانیدا کۆمەڵکوژ بکا و، کەس بە گۆڕیان نەزانێ، رەخنەگر و ناڕازیی گەلی خۆی بە بەرەڵڵا و بێڕەوشت و سەرسەری (ارازل و اوباش) بداتە قەڵەم، ئایە وەک مرۆڤ تەماشای کوردی بندەستی  کردووە و، دەست لە کورد دەپارێزێ!؟

کێشەی کورد، کێشەی خاک و نیشتمانێکی پارچەکراوە، کێشەی نەتەوەیەکی پارچەکراو و نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی و بندەستکردن و زەوتکردنی هەموو مافێکی یاسای و مرۆڤی و نەتەوەییە لێی. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تەنیا بە دەرکردنی داگیرکەران لە کوردستان و دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان چارەسەر دەکرێت. هەموو بەشێکی کوردستان وەکیەکە و، چارەنووسی نەتەوەی کورد پێکەوە گرێدراوە. ئەنجامدانی ئەم ئەرکە گەورە و پیرۆزەش، بەبوونی دەزگەیەکی نیشتمانیی دەکرێت کە پێکهێنەرانی باوەڕیان بەم پرنسیپانە هەبێ و، لادان لێی بە تاوانی نیشتمانیی بزانن. رزگارکردنی کورد  و کوردستان، بە بوونی سوپای نیشتمانی و میدیا و رێکخستنی نیشتمانی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکی نیشتمانیی دەکرێت، لەکۆتاییدا هاندانی خەلک بۆ راپەڕین، لە هەلوبارودۆخێکی گونجاوی سیاسییدا دەکرێت، جەماوەری کوردستان،متمانە و باوەڕی تەواویان بە سەرۆکایەتی و گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازیی خۆیان و نێشتمانیان هەبێت.

لەبەر ئەوە  هاندانی خەڵکی کوردستان لە دۆخی ئێستا بۆ راپەڕین بەبێ بوونی ئەو مەرجانەی سەرەوە، بەبیر و تێگەیشتن و لێکدانەوەی تاکەکەسی، بە بیری حیزبایەتی و ناتەبایی و چاوسۆرکردنەوەی سەرۆکایەتیی حیزبەکان لەیەک، بەهەوڵدانی حیزبی بۆ دەستخستنی پلەوپایەی سیاسیی لای رژێمی داگیرکەر و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی داگیرکەر، بە بیری ئێرانچێتیی و پاوانخوازیی ناکرێت. دەیان سالە نەتەوەی کورد بەهۆی پێڕەونەکردنی ئامانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەلایەن حیزبەکانییەوە، بەرەوڕووی کارەساتی یەک لەدواییەک و ماڵوێرانی و قوربانیدانی بێئەژمار بووە. درێژەدان بە رەوتی بەکوشتندانی رۆلەی کورد بێ لێکدانەوە و  بێ ئامانجێکی روونی نەتەوەیی، واتای بێڕێزی و بایەخنەدانە بە گیان و چارەنووسی هاووڵاتیانی کوردستان و، تاوانێکی گەورەیە و، مێژوو لە تاوانی کەس خۆش نابێت!

کاک عەلی بەڕێز!

لەبارەی ئەو بزووتنەوەی عێراقەوە کە بەڕێزت بە شانازی و سەرکەوتنی دەزانی و، نێویتناوە: ”شۆرشی ئازادیی عێراق!” و هەزاران رۆڵەی کوردت پێ سەرقاڵکردووە، بۆچوونەکەت دوورە لە راستییەوە. ”ئازادیی” واتای یەکسانییە لە ماف دا. یەکسانیی نێوان مرۆڤ لە هەموو روویەکەوە، بێجیاوازیی. واتە بەبێ یەکسانیی، ئازادیی هیچ واتایەکی نییە. ئایە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدار و خەڵکی عێراق بەگشتیی، لەم سەتسالەی کە کورد لە ولاتە دەسکردەکەیان جێنۆساید دەکرێت، باوەڕیان هێناوە بە مافی وەکیەکی و یەکسان لە گەڵ کورد؟ ئێمە هەر باسی عێراق نەکەین، ئایە تێکڕای کۆمەڵگەی وڵاتانی رۆژهەلاتی ناڤین لە واتای ”ئازادیی” تێگەیشتوون؟ ئەگەر وایە ئەم هەموو رژێمە دیکتاتۆر و ئەم شەپۆلی سەربڕین و خوێنڕشتنە لەسەرەتای سەدەی بیستویەک، لەپێناوی چیدایە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، تەنانەت ئەگەر قسەکەی ئێوە راست بێ و، ئەو خەڵکە لە ئازادیی تێگەیشتبێتن و، بۆ دابینکردنی ئازادیی خۆیان راپەڕیون، دیسان ئەمە پێوەندیی بە کوردەوە نییە، هەروەک راپەڕینی ئێران نییەتی و نابێت بیبیت. کەتەلۆنیا و سکاتلەند دوو وڵاتی رۆژاوای ئۆرووپان، لەوە دڵنیان رژێمەکانی سپانیا و ئینگلیز سیستەمێکی دێمۆکراتیان هەیە، هەردووکیان بەتایبەتیی سکاتلەند، بەسیستەمی کۆنفێدراڵی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەو دوو گەلە نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بە شوورەیی دەزانن و، کیان و ناو و هەست و کەسایەتیی خۆیانی تێدا نابینن. ئەوەی کە لە عێراقدا روودەدات، شانبەشانی داخوازیی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، چینی ئاینزای شیعە دەوری تێدا دەبینێ بەسەرۆکایەتیی ئایەتۆڵڵا سیستانی. لە بیر و پیلانی ئەوەدان، ئەگەر بۆیان بچێتەسەر، رژێمێکی ئیسلامیی ”شەشدانگ شیعە” لە عێراق دامەزرێنن. با لە باتی سەرقاڵبوون و چاوەروانبوون کە دۆخی عێراق بە کوێ دەگات، لە باتی گێژکردنی خەڵکی کوردستان بە سەرهەڵدانی ئازادیی لە عێراق، کورد لە خەونی ئاڵۆزی سەتسالەی راچڵەکێ، سوود لەم پشێوییەی عێراق وەربگرێ. سەرۆکایەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان لە باشوور لە هەوڵی گێرانەوەی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکاندا بن، کە ساڵی 2017 بەدەستی دارودەستەی جاش و خیانەتکارانی کورد هەرزانفرۆشکرا و تەسلیمی داگیرکەران کرا.

برای هێژا، کاک عەلی!

لە کۆتاییدا، هەروەک لە سەرەوەش نووسیومە، بەڕێزت لەبواری راگەیاندن توانا و زیرەکیی خۆتت پێشانداوە. لە کوردستان و لەدەرەوە، بینەر و بیسەرێکی زۆرت هەن، وەک کوردێکی دڵسۆزی کورد و کوردستان، تکایەکی برایانەم هەیەلێت، هاوکات لە گەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و رووداوەکان و خستەڕووی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ئێران و، لە کوردستان و، دەنگوباسی وڵاتانی دراوسێی کوردستان، حەفتەی چەن بەرنامە تەرخان بکەی بۆ هۆشیارکردنەوەی لاوان و چینی خوێندکاری کوردستان. بۆ ئەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزە، بە دڵنیاییەوە کەسایەتیی زانا و نەتەوەپەروەر زۆرن هاوکار و یارمەتیدەرت بن. پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەیی لە کورستان، گەورەترین خزمەتێکە ئێوە دەتوانن بە گەلەکەتانی بکەن. هێما و سومبۆل و رووداو و کارەساتەکانی وەک هەڵەبجە، شەنگال، ئەنفال، کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران، دیاریکردنی رۆژێک بۆ سەرجەم لەسێدارەدراوانی رۆژهەلات بەدەستی رژێمی پەت و سێدارەی ئێران، بەرخۆدان وکارەساتەکانی باکوور و رۆژاوا، بکرێن بە رۆژی ماتەمینیی سەرتاسەریی لە کوردستان، مانگرتن و خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوە و سەمیناریان لەسەر بگیرێت. لەم رێگەیەوە هەست و باوەڕی هاوبەش و سۆز و چارەنووسی هاوبەش لای تاکی کورد درووستدەکرێت. پرسی رێفراندۆم بۆ کوردستان، وەک داوایەکی مرۆڤی و یاسایی ببرێتە نێو مێشکی هەموو تاکێکی کوردەوە. درۆشم و خەتدان و رێنوێنیکردن بە ئاقاری پەرەپێدانی هزری نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەیی، نەتەوەی کورد دەخاتە سەر شاڕێی تێکۆشین و خەباتی رزگاریی نیشتمانی و، لەو گێژاوە هزری و سەرلێشێواوییە  رزگاریدەکات کە دەیان سالە تووشی بووە. کوردستان لە دۆخێکی ئێجگار پڕمەترسی و چارەنووسسازدایە و، هەر تاکێکی کورد ئەو راستینەیە تێبگا و بزانێ، کەسایەتی و ئاوڕو و ئاسایش و هەبوونی وەک مرۆڤ، تەنیا لەسایی دەولەتی سەربەخۆی کوردستاندایە و، هەر تاکێکی کورد ئەرکی سەرشانیەتی بۆ پچڕاندنی زنجیری کۆیلەتی خۆی و گەلەکەی تێبکۆشێت!

سەرکەوتنتان ئاواتەخوازم

سیروان کاوسی

10/12/2019

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام