بەشی‌ یەكەم
سەرەتا:
من (ساڵح محەمەد قادر) كە ناسراوم بە مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی، ساڵی ١٩٤٥لە دایكبوم و لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری شۆڕشی ئەیلولم كردوە، لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا كارم كردوە. لە ساڵی ١٩٧٦وە پەیوەندیم كردوە بە ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، لەو حیزبەدا دەستم بەكاری سیاسی كردوە، هەر لەوپێناوەشدا كوڕێكم شەهید بووە و خێزانەكەشم كەم ئەندام بووە، دواتر لە دروستبونی گۆڕانەوە بەشداری كارای ئەو بزوتنەوە جەماوەرییەم كرد، من هیچ  مەبەست و مەرامێكی كەسیم لەو بزوتنەوەیەدا نەبوو، تاكە ئامانج بۆ خەونی گۆڕانكاری و خۆشگوزەرانی  میللەتەكەم بوو، بەداخەوە ئەوكاتەی هیچ ئاسۆییەك لەو بزوتنەوەیەدا نەما من و سەدان هاوڕێ بەجێمانهێشت بۆ كەسانێك كە بەشیكی زۆریان هەرگیز هەڵگری گۆڕانكاری نەبون و نین، هەمو ئەو ئەو روداو و باسانەی لەم نوسینەدا كە نوسیومە لە ١٢ بەشدا، كۆی ئەو راستییانەیە كە خەڵكانی ئاسایی و دەنگدەرانی پێشوی گۆڕان نەیانبیستوە.

كاك نەوشیروان مستەفا پێی وابوو قۆناغی‌ دوای‌ راپەڕین لەگەڵ قۆناغی‌ خەباتی‌ شاخ زۆر جیاوازەو هەرگیز ئەوەشی‌ نەدەشاردەوه،‌ كە مەرج نییە ئەو كەسانەی‌ لە شاخدا سەركەوتوبون، لە بەڕێوەبردنی‌ كارو باری‌ حكومەتیشدا سەركەوتوبن. چونكە دوو بواری‌ جیاوازن. هەمیشە وا وتراوە كەسی‌ شیاو بۆ شوێنی‌ شیاو. بەڵام وەكو دەركەوت دوای‌ دامەزراندنی‌ دام و دەزگاكانی‌ حكومەت. سەركردەكانی‌ شاخ دەستیان گرت بە سەر هەمو جومگە ئەساسیەكانی‌ دەسەڵاتداو بەرژەوەندی‌ مادی‌ زۆر وایلێكردن. كە چارەنوسی‌ مان و نەمانی‌  خۆیان بەو دەسەڵاتەوە ببەستنەوە كە قۆرغیان كردوە.

دوای‌ ساڵانی‌ دوو هەزار ئەم دیاردەیە لەناو یەكێتێدا زۆرتر رەنگی‌ دایەوەو تێوەگلان و بەرەو گەندەڵی‌ چون و بێباكی‌ لە لێپرسینەوە، بوو بە دیاردەیەكی‌ زەق و ئاشكرا. لە ئەنجامدا  زەمینە خۆشبو بۆ بۆچون و ئاڕاستەی چاكسازی و پاشان لە دایكبونی‌ باڵی‌ ریفۆرم لەناو یەكێتیدا. دواجار داوا لە كاك نەوشیروان دەكرێت كە سەركردایەتی‌ ریفۆرم بكات بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنێكی‌ ناوخۆیی چارەنوسساز بە ئومێدی‌ رێگری‌ كردن لە گەندەڵی‌ و سەرلەنوێ‌ تەیاركردنەوەی‌ یەكێتی‌ بە فۆڕمێكی‌ جیاواز لەپێشوتر.

بە قسەی‌ خودی رەوانشاد‌ ئەوانەی‌ كە  سەرپەرشتی‌ باڵی‌ ریفۆرمیان كردبو دڵنیایان كردبۆوە كە لە سەدا نەوەدی‌ مەڵبەندەكان ئەبەنەوە. بەڵام ئەنجامەكەی‌ تەواو پێچەوانە دەرچوو، ئەوەبوو باڵی‌ ریفۆرم تۆشی‌ شكستی‌ گەورەبوو. ئەمەش وای‌ لە بەڕێزیان كرد كە بێ ئومێدبێت لە یەكێتی‌ و لەو كەسانەش كە بەناوی‌ ریفۆرمەوە كاریان ئەكرد. هەر دوای‌ ئەو شكستە كاك نەوشیروان وازی‌ لە یەكێتی‌ هێناو لای‌ دۆستەكانیشی‌ هۆكاری‌ وازهێنانەكەی‌ دەگێڕایەوە بۆ:

یەكەم؛ بونی‌ مام جەلال بە سەرۆك كۆمار و خاوەن دەسەڵاتی‌ مادی‌ و سیاسی‌ و مەعنەوی‌ زۆر، كە ئەتوانێت كەسانی‌ زۆر لە خۆی‌ كۆبكاتەوەو هەرچی‌ ئەو بیڵێت رەتكردنەوەی‌ نەبێت ، لە ئەنجامدا ئەستێرەی‌ ئەمیش بەرەو ئاوابون ئەچێ.

دووەم؛ بێ ئومێدبونی‌ لە توانای‌ برادەرەكانی‌ لە ریفۆرم و ئەوانی‌ تر كە پشتیوانی‌ بون لە ناو یەكێتیدا.

دوای‌ وازهێنانی‌ لە یەكێتی‌ كۆمەڵێك لە برادەرانی‌ خەباتی‌ شاخ و كۆمەڵێك كەسایەتی‌ و رۆشنبیری‌ كۆكردەوەو بۆی‌ باسكردن كە بڕی‌ 10 ملیۆن دۆلاری‌ لە مام جەلال وەرگرتوە لەگەڵ گردی‌ زەرگەتەو تەلاری‌ چاودێری‌ دارایی و وەعدی‌ ئیجازەی‌ كۆمپانیای‌ چیمەنتۆی‌ وەرگرتوە و بە نیازە كۆمپانیایەكی‌ ئیعلامی‌ دامەزرێنێت. بڕیاریش وابوە كۆمپانیاكە لە دوو بەش پێك بێت. بەشێكیان بۆ بواری‌ راگەیاندن و لێكۆڵینەوەی‌ سیاسی‌ و بەشەكەی‌ تریش بۆبواری‌ ریكلامی‌ بازرگانی‌.

بەڵام هەندێك لە ئامادەبوان وەك كاك قادری‌ حاجی‌ عەلی‌ وتوبویان دەتوانین شتی‌ لەوەش گەورەتر بكەین و سایتی‌ ئەلكترۆنی‌ و رادیۆو تەلەفزیۆنیش دامەزرێنین. دوای‌ ئەوە كاك نەوشیروان ئەڵێت: دەمویست ئەمە لە ئێوە ببیستم. دیارە ئەو پێشنیارەی‌ زۆر پێ باش بوە و كاری‌ لەسەر كردوە.

دوای‌ ماوەیەكی‌ كورت ژمارەیەكی‌ زۆر لە كەسانی‌ رۆشنبیر و خاوەن كەسایەتی‌ و مامۆستای‌ زانكۆ و پێشمەرگەی‌ دێرین و كەسانی‌ نیشتمان پەروەر پێشنیاری‌ ئەوەیان كرد، كە رەوتێك یان حیزبێكی‌ سیاسی‌ نوێ‌ دروست بكەن بەو هیوایەی‌ گۆڕانكارییەكی‌ سیاسی‌ لە هەرێمی‌ كوردستاندا روبدات بۆ بەرژە‌وەندی‌ گشتی‌. لە ئەنجامدا بزوتنەوەی‌ گۆڕان دروستبوو. ئەوەبو بەشداری‌ هەڵبژاردنی‌ 25/7/ 2009 كردوو بوو بە خاوەنی‌ 25 كورسی‌ پەرلەمان.

لە راستیدا ئەمە روداوێكی‌ سیاسی‌ بێ وێنەو چاوەڕوان نەكراو بوو، چ لەسەر ئاستی‌ ناوخۆ و چ لە سەرئاستی‌ ناوچەكەو وڵاتانی‌ دەرەوە. ئەم بزوتنەوەیە لە گەشەكردنێكی‌ خێراو زۆر بێ وێنەدابوو سەرنجی‌ جەماوەری‌ بەلای‌ خۆیدا راكێشاو بوە جێگەی‌ ئومێد و متمانەی‌ خەڵكی‌ كوردستان بە هیوای‌ گۆڕانكاری‌ سیاسی‌ و روبەڕوبونەوەی‌ گەندەڵی‌ و دەستەبەركردنی‌ عەدالەتی‌ كۆمەڵایەتی‌ و سەروەری‌ یاساو بە دامەزراوەكردنی‌ دام و دەزگاكانی‌ حكومەت و دوور خستەوەی‌ دەستی‌ جیزب لەناو حكومەتدا.

لە هەمووی‌ گرنگتر ئەم بزوتنەوەیە بوو بە هۆی‌ نیگەرانی‌ و مەترسی‌ بۆ سەر هەردوو حیزبی‌ دەسەڵاتدار. دیارە خراپ بەكارهێنانی‌ دەسەڵات لە لایەن یەكێتی‌ و پارتییەوە هەموو هاوڵاتیانی‌ نیگەران و بێ ئومێد كردبوو. بەردەوام رەخنەو گلەیی لە دەسەڵات دەگیرا. دواجار ئەم رەخنەو گلەیانە زەمینەی‌ خۆشكرد بۆ بە ئەنجامدانی‌ خۆپیشاندان لە هەموو شار و شارۆچكەكانی‌ كوردستان و روداوەكانی‌ 17ی شوباتیش شایەتی‌ ئەوەن. لە هەڵبژاردنی‌ 21/9/2013 بزوتنەوەی‌ گۆڕان بوو بە خاوەنی‌ 24 كورسی‌. هەرچەندە یەك كورسی‌ كەم كرد، بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت یەكێتی‌ تەنها 18 كورسی‌ هێنا. گومانی‌ تێدا نییە دیاردەی‌ تەزویر و ساختەكاریش دەبێ لەبەر چاو بگیرێت و ئەگەر هەڵبژاردنێكی‌ شەفاف و بێگەرد بكرایە. بزوتنەوەی‌ گۆڕان زۆر لەو ژماریە زیاتر كورسی‌ ئەهێنا.

سەد مەخابن دوای‌ وەفاتی‌ كاك نەوشیروان بزوتنەوەكە توشی‌ شكستی‌ گەورە هات، رۆژ لە دوای‌ رۆژ گۆڕان خوازان و دۆست و لایەنگرانی‌ بزوتنەوەكە بێ ئومێد‌بن و واز لە بزوتنەوەكە ئەهێنن. باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە هەڵبژاردنی‌ 30/9/2018 بوو كە بزوتنەوەی‌ گۆڕان توشی‌ شكستێكی‌ زۆر گەورە بوو.

واتە نیوەی‌ كورسییەكانی‌ لە دەستدا. گومانی‌ تێدا نییە لە دەستدانی‌ سەركردەیەكی‌ كارێزمای‌ وەكو كاك نەوشیروان فاكتەرێكی‌ گرنگی‌ پاشەكشەی‌ بزوتنەوەكە بو لە گۆڕەپانی‌ سیاسیدا چونكە بۆشاییەكی‌ ئێجگار گەورە هەیە لەنێوان ئەم و جێگرەكەی‌  لەروی‌ هۆشیاری‌ و دنیابینی‌ و روناكبیریی‌   و كاریزماییەوە. بەڵام زۆر هۆكاری‌ تریش هەیە كە كاریگەری‌ زۆر خراپیان هەیە لەسەر پاشەكشەو شكستی‌ بزوتنەوە گۆڕان و لە بەشەكانی‌ تری‌ ئەم نوسینەدا رونی‌ ئەكەینەوە.

دوای‌ ئەم شكستە گەورەیەش سەركردایەتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بڕیاریدا بەشداری‌ لە حكومەتدا بكات. لەكاتێكدا زۆرینەی‌ گۆڕانخوازان (جگە لەوانەی‌ كە بەتەمای‌ پۆستبون) دژی‌ بەشداریكردنی‌ حكومەت بون. ئەم بزوتنەوەیە رۆژگارێك مایەی ترسی‌ یەكێتی‌ و پارتی‌ بوو. جێگەی‌ متمانەی‌ جەماوەربوو. بەڵام ئێستا نە یەكێتی‌ و پارتی‌ ترسیان لە گۆڕان ماوەو نە جەماوەریش متمانەی‌ بە بزوتنەوەكە ماوە. جگە لە ئەمانەش لەئێستادا بزوتنەوەكە لەناو خۆیدا دەناڵێنێت، بەدەست نا سیستماتێكی‌ و باڵ باڵێن و دوو جەمسەری‌ لە بڕیارداندا و ناعەدالەتی‌ لە دابەشكردنی‌ پۆستە حكومی‌ و حزبییەكاندا و دەست بەسەراگرتنی‌ رێكخەر و هەندی‌ كەسیتر لە دەورو بەری‌ بەسەر هەموو بڕیارەكاندا. بەڕەزامەندی‌ و بریاری ‌ كوڕەكانی‌ كاك نەوشیروان.

بەم حاڵەتەوە بەشداری‌ كردن لە حكومەتدا. واتە خۆكوشتن و زیاتر خۆبچوككردنەوە. كەس بڕوای‌ بەوە نییە بزوتنەوەكە بتوانێت بەرنامەكانی‌ لەناو ئەم حكومەتدا نەك به باشی‌ ئەنجام بگەیەنێت بەڵكو هەر گوێشی لیبگرێت. پەندێكی‌ پێشینانیش هەیە دەڵێت (مانگەشەو سەر لەئێوارەوە دیارە) ئەوەتا حكومەتەكەی‌ كاك مەسروریش لە یەكەم هەنگاوەوە چاوەڕوانی‌ موژدەی‌ خۆشی‌ لێناكرێت بۆ گۆڕانخوازان و بە چاوی‌ خۆمان ئەبینین حكومەتی‌ سێبەری‌ دروستكردوە بۆ لێدان و كەمكردنەوەی‌ دەسەڵاتی‌ وەزیرەكان و بچوككردنەوەیان. تەنانەت بچوكترین راگەیاندنی‌ وەزیریكی‌ گۆران لە لایەن سەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانەوە دەمكوت ئەكرێت.
ئەوەی‌ لێرەدا زۆر گرنگە هەڵوەستەی‌ لەسەر بكەین‌ باری‌ دارایی حكومەتی‌ هەریم لە ئاستێكی‌ زۆر خراپدایە. جگە لە قەرزی‌ كەڵەكەبوی‌ زۆری‌ كۆمپانیاكان. حكومەتی قەرزداری‌ موچەخۆران و بازرگانەكانیشە. كەواتە حكومەت ناتوانێت بودجەیەكی ‌ باش بخاتە بەردەستی‌ وەزیرەكان و پڕۆژەو خزمەتگوزاری‌ پێ ئەنجام بدەن. ئەگەر وەزارەتێك میزانیەی‌ باشی‌ بۆ دانرێت مانای‌ وایە بۆ وەزیریش ئەبێتە دەسكەوت و ئەتوانێت بڵێ‌ لە سەردەمی‌ مندا ئەمە كراوە. ئێستا جیاوازی‌ نەماوە لەنێوان وەزیرەكانداو هەمویان لە ئاست سەرۆك وەزیراندا كزو لاوازو بێدەسەڵاتن.

ئەگەر حكومەتی‌ عێراق ئەو بڕە پارەیە ببڕێت كە ئێستا بۆ هەرێمی‌ كوردستانی‌ ئەنێرێت. ئەو كاتە كێشەی‌ موچەش دەست پێ ئەكاتەوە و ئەوە پڕۆژەو ئەنجامدانی‌ خزمەتگوزاری‌ هەر باسی‌ ناكرێت. كەواتە وەزیر تەنها موچە وەرئەگرێت و هیچی‌ لە دەست نایەت ئەنجامی‌ بدات. ئەوە بەو مانایە نییە كە بڵێین وەزیرەكان بێتوانان، بەڵكو میزانیەیان بۆ دانەنراوە. لەسەر ئەم بنەمایە زۆرینەی‌ گۆڕانخوازان بە باشیان نەزانی‌ بەشداری‌ حكومەت بكەین، چونكە لە سەرەتاوە دەرك بە ئەوە كراوە.

هەرچەندە بچوكبونەوەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە ئێستادا خەمی‌ سەركردایەتی‌ بزوتنەوەكە نییەو بە بەردەوامی‌ كەسانی‌ خاوەن بڕوانامەی‌ باڵاو رۆشنبیر و كەسایەتی‌ كۆمەڵایەتی‌ واز لە بزوتنەوەكە ئەهێنن و لە ئایندەی‌ بزوتنەكە تەواو بێئومێد ئەبن. بەڵام نەكەس لە خەمی‌ ئەواندایەو نە كەسیش لە هۆكاری‌ واز هێنانەكەیان دەپرسێتەوە وەكو ئەوەی‌ ئەوانە زیادەبن و خوا خوایان بێـت لە كۆڵیان ببنەوە. ئێستا بزوتنەوەكە بەرەو چۆڕەبڕبون ئەچێت لە خەلكانی‌ ئەكادیمی‌ و مامۆستایانی‌ زانكۆ و كەسایەتی‌ كۆمەڵایەتی‌، تەنانەت ئەو بڕە رۆشنبیرەی‌ لە سەرەتاوە بە كوڵ و دڵ لەگەڵ گۆران بون ئێستا رەخنەی‌ توند ئاراستەی‌ بزوتنەوەكە ئەكەن و ئەیخەنە ژێر پرسیارەوە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام