نوسەری دیاری سعودی و سەرنوسەری گشتی كەناڵی ئاسمانی ئەلعەرەبیە، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوە و لابردنی سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە وتارێكیدا ئاشكراكردوە و دەڵێت هۆكارەكەی تێوەگلانی عەبدولمەهدی بوە لە پلانێكی حزبوڵا-ی لوبنانی و ئێران.

عەبدولرەحمان راشید، نوسەری دیاری بەڕەگەز سعودی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەرنوسەرانی كەناڵی ئەلعەرەبیە كە نزیكە لە سوننەكان لە وتارێكیدا كە رێكەوتی 3ی كانونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، باس لە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی هەریەك لە پارێزگاكانی عێراق و خۆپیشاندانەكانی بەیروت-ی پایتەختی لوبنان دەكات و دەنوسێت “ئەو خۆپیشاندانانە شكست بە گرنگترین پڕۆژەی سیاسی ئێران دەهێنن”.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی وتارەكەی ئەو نوسەرە، “بە خەیاڵی سەركردەكانی ئێراندا نەهاتوە خۆپیشاندانەكان بەو شێوەیە كە هەریەك لە وڵاتانی عێراق و لوبنان-یان بە دو وڵاتی سەر بە تاران هەژماركراون بەرفراوان بن، كە بە گوێرەی پرۆژەكەی ئێران ئەركی ئەو دو وڵاتە و سوریاش بەستنەوەی رێگەیەكی خێرا بو تا بەیروت بە تاران-ەوە ببەستێتەوە”.

 

لێدوانێكی حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارای گشتی حزبوڵای لوبنانی كە مانگێك لەمەوبەر پێشكەشیكرد، یەكێكە لەو بەڵگانەی عەبدولرەحمان راشید لە وتارەكەیدا بەكاریهێناوە و دەڵێت “ئەو وتانەی نەسروڵا پلانەكەی ئێرانی ئاشكراكردوە كە ویستویەتی رێگەیەكی خێرا كە لە لوبنانەوە دەستپێدەكات بە سوریادا تێپەڕدەبێت و دواتر بەناو عێراقدا دەگاتە تاران دروستبكات”.

لەمیانی لێدوانە تەلەفزیۆنیەكەیدا حەسەن نەسروڵا ئاماژەی بەوەكرد “هەلێك هەیە؛ كە عێراقە، عێراق وڵاتێكی گەورە و دەوڵەمەندە، تەنها یەك كێشەمان هەیە ئەویش ئەوەیە چۆن بەرهەمە كشتوكاڵی و پیشەسازییەكانی لوبنان بگاتە عێراق؟ چونكە ئەو كارە بواری كشتوكاڵی پەرەپێدەدات و پیشەسازی دەبوژێنێتەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ناتوانین نە لە رێگەی دەریایی و نە لە رێگەی ئاسمانییەوە ئەو بەرهەمانە بگەیەنینە عێراق، تاكە رێگە وشكانییە كە لەسەر یەك هەنگاو بەندە”.

ئەو هەنگاوەی حەسەن نەسڕوڵا باسیكرد بریتیبو لە رێككەوتنێك لەنێوان هەردو حكومەتی لوبنان و سوریا، تا دەروازەی ئەلبوكمال بكرێتەوە، ئەو رێڕەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە تەواوی دژ بە كردنەوەی بوە، كە بە گوێرەی عەبدولرەحمان راشید “هەر ئەوە بوەتە هۆی توڕەیی ئەمریكا لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی حكومەتی عێراق و بوەتە هۆی دەستلەكاركێشانەوە و لەكارلابردنی،  چونكە عەبدولمەهدی پێداگریكردوە لەسەر كردنەوەی دەروازەی ئەلبوكمال لەنێوان عێراق و سوریا، راشید سەبارەت بەو زانیاریانەی دڵنیایی دەدات و دەڵێت “ئەمریكیەكان سەبارەت بە كردنەوەی ئەو دەروازەیە هەر فشار و هەڕەشەیەكیان كردبێت ئەنجامیانداوە، بەو بیانوەی كردنەوەی دەروازەكە بە واتای ناردنی موشەك دێت بۆ لوبنان”.

 

ئاماژە بەوەشدەكات “لە سەرەتا و دەستپێكی جەنگی درێژخایەنی سوریاوە دەزانرێت كە ئێران لە هەوڵدایە هەژمونی خۆی لەرێگەی هێزی چەكدارییەوە بەسەر هەرسێ وڵاتدا بسەپێنێت، پلانێكیشی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی ئەو سێ وڵاتە، وەك چۆن نەسڕوڵا لە لێدوانەكەیدا باسیكردوە دەروازەی ئەلبوكمال رێڕەوی پڕۆژەكەی ئێران بوە، تا لەو رێگەیەوە موشەك و چەك و هێزە چەكدارەكانی رەوانە بكات، چونكە تەنها لە رێگەی وشكانییەوە دەتوانێت ئەو كارە ئەنجامبدات و رێگەی ئاسمانی و دەریایی هەم تێچوی زیاتری دەوێت، هەم مەترسیدارە”.

لە كۆتایی وتارەكەیدا عەبدولرەحمان راشید دەڵێت “پێشتر لوبنان بەرهەمی كشتوكاڵی و پیشەسازی دەناردە بازاڕەكانی عێراق و كەنداو تا ئەوكاتەی حزبوڵا ئابوری و سەقامگیری وڵاتەكەی بە چەك داڕماند، ئێستاش ئێران دەیەوێت ئابوری ناوچەیی سەر بە وڵاتەكەی لە هەرێمەكەدا دروستبكات تا پشتیوانی لە هەژمونی سیاسی و هەوڵە سەربازییەكانی تاران بكات.

عەبدولرەحمان راشید، نوسەر و رۆژنامەنوسێكی دیاری وڵاتی سعودیەیە و نزیكایەتی لەگەڵ سوننەكاندا هەیە، ساڵە 2004 بۆ 2014 ماوەی 10 ساڵ بەڕێوەبەر گشتی كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلعەرەبیە بوە، لە ئێستاشدا سەرۆكی ئەنجومەنی سەرنوسەرانی ئەو كەناڵەیە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام