مەلا بەختیار دەستی کردۆتەوە بە بەزمی”پارەکانتان لە ژێر زەمینەکان دەربهێنن”ڕۆژانە سەدان تەنکەر نەوت لە سلێمانیەوە دەڕوات بۆ ئێران” ئاخر ئەوکاتەیش عاجز بوو بوو لە یەکیتی ئەم قسانەی دەکرد،هەرکە ئاشتبوەوە ئیتر مەلەفەکەی پێچایەوە، ئێستایش باسی خەڵکانێک دەکات لە ناو حیزبەکەی کە مانگانە 3 ملیۆن دۆلار بەس پارەی حیمایەکانیەتی، وادەزانێت خەڵکی بەمە تووشی شۆک دەبێت.

ئەگەر مەلا بەختیار لەگەڵ بەرهەم ساڵحی بێت یان کۆسرەت ڕەسوڵ، دیسان بۆمان ئاساییە،خۆ ئەگەریش لەگەڵ ماڵ مام جەلالی بێت خۆ ئەویش ئاساییە، ئاخر ئیوە کامتان کام لق و باڵتان بۆ ئێمە وێرانە نەبوون؟ دەڵێن کۆسرەت ڕەسوڵ خاوەنی 15 ملیارد دۆلارە، جا دەبێت بەرهەم چەندی هەبێت و ماڵ مام جەلال چەندیان هەبێت و ئەوانەیترو مەلا بەختیار خۆی چەندی هەبێت، بۆئێوە لەدوای ڕاپەڕینەوە جگە لە پارە بۆ خۆتان و بنەماڵەکانتان بیرتان لە هیچ کردۆتەوە؟

ئیترئەوە لەسەری مارەکە کە مەسعود بارزانی و یەکە یەکەی بنەماڵەی بارزانی و سەرکردەکانی پارتیە دەگەڕێین، کەئەوانیش دارو نەداری کوردیان بردوەو هیچ کەسێکیان نیە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار نەبێت و سەرە زلەکانی بنەماڵەی بارزانی ئەوانە سەدان ملیار دۆلاریان بردوە.

ڕاستیەکەی من خۆم لەوە بومەتەوە ئەم قسانە سەرنجم رابکێشێت، هیچ کاتێک بڕوام بە پارتی ویەکێتی نەبووە، خودی نەوشیروان مستەفا تا یەکیتی بوو هەمیشە دژی بووم و دەیان بابەتم لە کاتی خۆیدا دژی هەیە، کاتێک گۆڕانی دروست کردو ئەو هەموو شیعارەی دا، پشتیوانیم کرد تا کۆتایی،10 دانە ساڵ لەتەمەنی خۆمم پێشکەش کرد، دنیام کردە دوژمنی خۆم، ئەویشمان بینی چی دەرچوو،چۆن فریوی داین، بە خەتی گەورە بۆ مێژوو دەنووسم:

“نەوشیروان مستەفا برینێکی خستە سەر دڵمان، لەو برینەی پارتی و یەکێتی سی ساڵە خستیانە سەر دلمان بە ژان تر بوو، لێخۆشبوونی محاڵە،ئەو راستگۆیی خۆی و متمانەی ئێمەی کوشت، دواجار گۆرانی کردە بنەماڵەو سامەنەکەی گۆران کە هی خەڵک بوو بە سەدان دۆنم زەوی و سەدان ملیۆن دۆلارەوە دا بە کوڕەکانی.

دەرگاى قسەکردن بۆ هەر گۆڕانخوازێک دەکەیتەوە، بۆخۆى حیکایەت و چیرۆکێکى پڕ لە نائومێدی لە ناخیدایە، ڕاشکاوانە دەڵێت ئێمە نەماندەزانى گۆڕان واى لێدێت، ئێمە بۆ ئەوە نەهاتین شەرعیەت بە دەوڵەمەندبونى کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا بدەین و، کۆمەڵێک ساختەچى و درۆزن بکەین بە وەزیر و پەرلەمانتار، ئێمە بۆ ئەوە پشتیوانى گۆڕانمان کرد ژیانى خەڵک بگۆڕێ و، لەستەمى یەکێتى و پارتى ڕزگارمان بکات، منیش بۆ ئەوە بوو پشتیوانی نەوشیروانم کرد مەلا بەختیار گیان.

جا مەلا بەختیارەکان دەبێت تێبگەن،هەموومان نەوشیروان مستەفامان بە خوای پاکی و چاکی و دڵسۆزی وسەرڕاستی دەزانی، پێمان وابوو لە ئاوی سازگار پاکترە،نەخێر لە ئاسمانەوە باریووە، ئێ نەتیجەکەی ئەوە دەرچوو، ئیتر بۆچی دەبێت گوێ لە قسەی ئێوەومانان بگرین، کە مێژوویەکە ئەم یاریانە دەکەن لە پێناوی هەیمەنەو دەسەلاتی خۆتان، بەیانی لەگەڵ هەر ئەو دزانەدا ئاشتبیتەوە وپێگەیەکی بە دڵی خۆتت بدەنێ،ورتەت لێوە نایەت، ئاخر خۆ بە پێی هەموو مەنتقێک، سەردەمانێک کەتۆ یەکیتی بوویت و دیفاعی سەرسەختانەت لە پارتی و یەکێتی دەکردو ئێستایش ڕووی رەخنەت لە حیزبەکەی خۆتە، هەر دزی و تاڵانی هەبوو، نەوت فرۆشی هەبوو،گیرفان پڕکردن هەبوو، بەلام بێدەنگ بوویت،ئێستایش قسەت دژی پارتی نیە،کە هەزار ئەونەی حیزبەکەی خۆتی دزیووە، کەواتە شەڕی تۆ شەڕی شەخسییە نەک شەڕ لە پێناو خەڵکدا.

بە کورتی پێت بڵێم،ئەوانەی بیستو هەشت ساڵە لەو دەسەلاتەدان، بەر نەفرەتی خواو مێژوو کەوتوون، شەقی زەمانە ئێوەی ڕاگرتوە، تازە ئەوە بەسەر چوو،کەسێکتان تێدا بێت، بتوانێت بچوکترین متمانەی خەڵکی بەدەست بهێنێتەوە، ئێوە بە خەڕەی ئەوە مەچن،کۆمەڵێ هەژ بەسەر بۆ پارەو نانە سکی ڕۆژانە لەگەڵتانن، هەرئەوەندە وەک مەلا مستەفاو ساڵی 1975 بەلادا کەوتن، ئەگەر ئەو بەسەلامەتی سەری خۆیی ڕزگار کرد،ئێوە سەریشتان ڕزگاری نابێت.

ئەوەیش ڕاست دەکەم کە لە سەرەوە نوسیوومە” بە شەرەفم ساختان تیا نیە”.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام