دوای جەنگی یەکەمی جیهان و بە تایبەتیش دوای ڕێکەوتننامەی لۆزانی ساڵی 1923 دا کە کوردستان بە خواستی ئیمپریالیزم بە سەر پێج ووڵاتدا دابەشکرا، جگە لەوەی جوگرافیای کوردستان پارچە پارچە کرا و مێژووەکەشی شوێندرا و پەیوەست کرا بە مێژووی ئەو چوار نەتەوەیەوە، مافە کەلتوری و نەژادی و سیاسییەکانیش لە سەر خاکی خۆی بە ڕێگەی دەستوری و یاسایی قەدەغەکرا و چەندین ڕێگەی دوژمنکارانە بە دڕندانەترین شێواز بۆ بە عارەبکردن و بە فارسکردن و بە تورککردن پیادەکرا. کوردیش لە هەر چوار پارچە بۆ بە دەستهێنانەوە مافە کەلتوری و ساسییەکانی چەندین  سەرهەڵدان و شۆڕش و ڕاپەڕینی لە ڕێگەی چەکداری و سیاسی و ڕێکخراوەییەوە ئەنجامدا، ووڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە جینۆسایدی نەتەوەیی و کەلتوری و ئابوری و سیاسی و یاسایی سەرهەڵدانەکانی کوردیان سەرکوتکردووە.

ئیدی کورد لە هەریەک لەو پارچانەدا لە سەر خاکی خۆی مافی موڵکایەتی نەبوو، بوو بە کەمینە و مرۆڤی پلە دوو و تورکی چیایی و کلکدار و یاخی و تیرۆرست و کافر و دوژمنانی خودا، کەلتوری کوردیش لە عێراق و سوریا کەوتە ژێر کاریگەری کەلتوری عارەبی سونی و شیعی و لە ئێرانیش کەوتە ژێر کاریگەری کەلتوری فارسی شیعی و لە تورکیاش کەوتە ژێر کاریگەری کەلتوری تورکی سونی فاشست و تۆرانیزمەوە، ناوی کوردستانیش بوو بە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا و باکوری عێراق و خۆرهەڵاتی تورکیا و باشوری خۆرهەڵاتی ئێران. ئەم بارودۆخە باوەڕییەکی بۆ کورد دروستکرد کە داگیرکراوی و پارچەکراوی و ژێردەستەیی و بێ مافی و کیانی سەربەخۆیی قەدەری کوردە و هیچ گۆڕانکاری و ڕووداو و هێزێکی کوردیش ناتوانێت ئەو واقیعە تاڵە بگۆڕێت. جۆرە باوەڕییەک لای کورد دروست ببوو کە هەر شۆڕش و ڕاپەڕینێک سەرئەنجامەکەی لە نێوان بەرژەوەندی ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ووڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا لە ناوچوون و کاولکارییە و هۆکاریشە بۆ لە ناوچوونی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی دواتر. هەر وەکو عەبدوڵڵا ئۆچەلان دەڵێت: “من کە دەستم دایە شۆڕش گۆڕستانێکم لە دەروون مردوەکان زیندو کردەوە، کورد بوون بە جۆرێک تاڵ بوو خەڵکی ڕەگەزنامەکەی خۆی فڕێ دەدا و دەبوو بە تورک”. ئەم بارودۆخە بەجۆرێک بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد قورس ببوو کە هێڵی خیانەتی ناو کورد لە پێشکەوتنی بەردەوام دابوو، زەبری گەورەی لە کورد و کێشەکەی دابوو. هێڵی نەتەوایەتی کوردیش باوەڕییەکی لا دروست ببوو کە نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی فەرهەنگی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە شەڕی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران و ووڵاتانی زلهێز ناکرێت.

دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی باشوری کوردستان دروست بوو، بە هۆی شەڕی ناوخۆیی و دوو ئیدارەیی و گەندەڵی و حیزبایەتی و بنەماڵەچێتی و گرێدراوی دەرەکی و بە هەدەردانی سامانی گشتی و تاکڕەویی بە تەواوەتی ڕوحی بەرگری و تەنانەت بەرهەمهێنان لە ناو کورد دا لاواز بوو، خەڵک بوون بە بەکاربەر و موچە خۆری بێ بەرهەم و بەرخۆر، بازاڕەکانی باشور پڕ بوون لە بەرهەمی کوالێت خراپی تورکی و سوری و ئێرانی و چینی و ژێرخانی کشتوکاڵی و پیشەسازی باشور پەکی کەوت، هێز و پارتەکانیش بە سەر بەرەی ئێران و تورکیادا دابەش بوون و گرێدراوی بەرژەوەندی ئەو دوو ووڵاتە بوون، باشور پڕ بووە لە میت و ئەرتەشی تورکی و پاسداری و ئیتڵاعاتی ئێرانی. تەنانەت هێزە دەسەڵاتدارەکان ڕێگەیان بە ڕێپێوان و خۆپیشاندان دژی دەستدرێژییەکانی تورکیا و ئێران نەدەدا، تا ئەو دوو ووڵاتە نیگەران نەبن، چالاک و خۆپیشاندەرەکانیان زیندان دەکرد. لەلایەکی دیکەوە بە جۆرێک خەڵکی وازی لە بەرهەمهێنان هێنا و بوو بە موچە خۆری حیزبی و بندیوار، خەڵکی سوکایەتی بە بەرهەمی خۆماڵی دەکرد، بۆ نموونە دەیانگووت کیلۆیەک توری کەلار و پردێ و بازیان بە هەزار دینارە، بەڵام مۆز کە لە مۆزەمبیقەوە دێت هەر بە هەزار دینارە، خەڵکی هەرگیز بیری لەوە نەدەکردوە توری خۆماڵی زۆر تەندروست ترە و پارەکەی بۆ جووتیاری ناوخۆی دەبێت و دەستی کاریش دابین دەکات.

بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بەرخۆدانی خۆرئاوا دژی داعش و لە ئێستاش دا بەرخۆدانی خۆرئاوا دژی داگیرکاری تورکیای ئەندامی ناتۆ و خاوەن S400، شەڕڤانان بە کەرەستە و هێزی نابەرابەر جوامێرانە خەبات دەکەن و سەرکردەکانیش بەردەوامن لە هەوڵە دبلۆماسییەکان و خەڵکیش بێ وچان خەباتی مەدەنی ئەنجامدەدەن، بە جۆرێک واقیعی سەپێندرا و قەدەرە داگیرکارییەکەیان تێکشکاندووە، ئەم جۆرە بەرخۆدانە بۆتە گەڕانەوەی شکۆ بۆ کۆی کورد، ئێستا لەو باشورەی بەرهەمهێنان سوکایەتی بوو، ڕێگەش بە خۆپیشاندان دژی تورکیا و ئێران نەدەدرا، خەڵکی تێکۆشان و خۆپیشاندان و  هەڵمەتێکی گەورەی بایکۆتی کاڵای تورکی بەڕێوە دەبات و میدیاکان بەرخۆدانی شەڕڤانان بۆ دنیا پەخش دەکەن و بوونە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ خۆرئاوا، ئەو شکۆیەی کە داگیرکەران بە پاڵپشتی و چەکی زلهێزانی دنیا تێکیان شکاندبوو، ئێستا کورد بە شۆڕشی بایکۆت و بەرخۆدان شکۆی دەگێڕێتەوە.

Umid Nasih

ئومید ناسح جیهانی

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام