شەپۆلێکی گەورە لە ناڕەزاییی گەورە ڕووی زەویی گرتۆتەوە، لە ھایتیی و ئەکوادۆر و شیلییەوە بیگرە، بۆ بەرشلۆنە و پاریس و برۆکسل، بە تێپەڕین بە جەزائیر و لوبنان و میسر و عێراقدا. بەشێکی گەورەی ئەم ناڕازیبوونە جیھانیی و گلۆباڵییە دژ بەو سیستمە ”نیولیبرال“ەیە کە لە ساڵانی ھەشتاوە باڵادەستە و لە ئێستادا بڕێکی گەورە لە کۆمەڵگاکانی دونیا لەناو دەرەنجامە وێرانکەر و ترسناکەکانیدا دەژین. ئابوریی نیولیبرال ئەو ئابورییەیە کە تیایدا دەوڵەت واز لە کۆمەڵگا دەھێنێت و ھێزە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە بەر ڕەحمەتی بازاڕێکی تەواو بەرەڵاوە، کۆتایی بە بەشی ھەرەزۆری ئەو لانیکەمی کۆمەک و ھاریکاریی و سیاسەتانە دەھێنێت کە لەڕێگایانەوە داھاتی نەتەوەیی سەرلەنوێ دابەشدەکردەوە و لانی ھەرەکەمی دڵنیایی و پێداویستتە ھەرەسەرەتاییەکانی ژیانی لە کۆمەڵگادا مەیسەر دەکرد. نیولیبارالیزم مانای پەکخستنی ڕۆڵی بەرپرسانەی دەوڵەت بەرامبەر بە کۆمەڵگا و پەیڕەویکردنی کۆمەڵێک سیاسەت و ستراتیژی ئابوریی کە بە قازانجی کۆمپانیا و ھێزە ئابورییە گەورە و زەبەلاحەکان کاربکات و قورسایی خەرجیییەکانی دەوڵەت خۆشی بخاتە سەر چینی ناوەڕاست و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. مانای وازھێنانی دەوڵەتە لەو ڕۆڵی چاودێرییکردن و سنووردانان و ڕێگرتنە یاسایی و دەزگایەی سەرەتاییانە، کە بەھۆیانەوە ئازادیی ئیشکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیا گەورە و فرەنەتەوەییەکان و کەڵەکەکردنی سەرمایەی نوخبە ھەرە دەوڵەمەندەکەی سەرەوەی کۆمەڵگا، سنوورداردەکرد. ئەم ئابورییە لە چل ساڵی ڕابردوودا بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکانی ھەژارکردوە و دۆخێکی ھێناوەتە کایەوە چینەکانی خوارەوە و تەنانەت چینی ناوەڕاست خۆشی، توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی ژیانێکی ئینسانیانەیان نەمێنێت.

بەبۆچوونی من ئەو ئابورییەی لە عێراق و ھەرێمەکەی ئێمەدا ھەیە و سەروەرکراوە، نە ئابوریی نیولیبرالە، نە لیبرالە، و نە ھیچ مۆدێلێکی ئابریی ترە کە لانی ھەرەکەمی میکانیزمی ئابوریی و نائابووریی بەرپرس و بە یاسا ڕێکخراو ئاراستەی بکات. بۆ نموونە، ئەوەی لە کوردستاندا ھەیە، بەھیچ مانایەک ناچێتە قاڵبی ”ئابوریی نیولیبرال“ەوە، ئەوەی ھەیە ئابوریی دزیی و تاڵانیی و چەتەگەرییەکی ڕووتە کە ئاکارێکی مافیایی و نیمچەمافییایی لەخۆی گرتوە. بازاڕی ھەرێم یەکێکە لە بازاڕە ھەرە کۆنترۆڵکراوەکانی ناوچەکە، کەرتە ئابورییە سەرەکیی و گرنگەکانی ھەرێم لەژێر دەستی چەند خێزان و کەسایەتییەکی سیاسیی دیاریکراودان و بەشە گەورەکەی تری ئەم ئابورییە لەژێر کۆنترۆڵی حیزب و پیاوانی ڕیزی یەکەمی حیزبدان. ئەوەشی ئەم گشتە ئاراستەدەکات ھێز و یاسا و لۆژیکی دەوڵەتێکی نیولیبرال نییە، چونکە دەوڵەت بەمانا ھەرە سەرەتایی و سادەکەشی بوونی نییە، بەڵکو ھەندێک ڕێکەوتنی ژێربەژێر و پەیوەندیی پرۆکسیانەی سیاسیی و ئابورییە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا. ئەم ئابورییە ئاکارێکی تەواو مافیایی کۆنترۆڵ و ئاراستەکراوی ھەیە. ئابووریەکە لە ھیچ بەش و جومگە و کەرتێکیداا خاوەنی لانی ھەرەکەمی ئازادیی و ڕۆشنایی نییە و ئەوەی ئاراستەی دەکات پێگەی سەربازیی و ئەمنیی نوخبە حوکمڕانە بچووکەکەیە. واتە ئەوەی ئەم ئابورییە چەتەگەرییە مافیاییە دەپارێزێت بوونی ھێزی چەکداریی تایبەت و دەستگرتن بەسەر دادگا و ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و کۆنترۆڵکردنێکی تەواوی میدیایە. ئەوەی ئەم ئابورییەی ھێشتۆتەوە ھێزێکی گەورەی سەربازیی و توانای کۆنترۆڵکردنی دەزگا ھەرە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگایە. خەڵکی عێراق ڕوویان بە ڕووی سیستمێکی ئابوریی سیاسیی لەم شێوەیەدا تەقیوەتەوە، کە دابڕاوە لە لانی ھەرە کەمی ھەر عەقڵانیەتێکی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، سیستمێک وەک سیستمەکەی ھەرێم نوخبەیەکی سیاسیی و بازرگانیی مافیایی و نیمچەمافیایی دەستیان بەسەردا گرتوە و ئارستەیدەکەن. ئەم سیستمە ئابورییە سیستمێکە ھێز دروستیکردوە و ھێزیش دەیپارێزێت، ھێزی ڕووت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام